ئەم پەڕەیە چاپ بکە
یەک شەممە, 25 تشرینی دووەم 2018 15:36

هه‌مانگسازی مرۆیی بۆ عیراق: هاوكاریكردنی قوربانیانی لافاو و پشتیوانی به‌رده‌وام بۆ هه‌وڵی به‌هاناوه‌چوونی باری ته‌نگه‌تاوی بۆ حكومه‌تی عیراق له‌ ئارادایه‌

به‌غدا، عیراق، ٢٤ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٨- نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوبه‌شكاره‌ جیهانی و ناوخۆییه‌كان كه‌وتنه‌گه‌ڵ ئاژانسه تایبه‌ته‌كانی حكومه‌تی عیراق بۆ به‌هاناوه‌چوونی ده‌یان هه‌زار قوربانیی لافاوی سه‌خت كه‌ بووه‌ مایه‌ی ژێرئاوخستنی پانتاییه‌كی زۆر له‌ هه‌ردوو پارێزگای سه‌لاحه‌دین و نه‌ینه‌وادا.

لافاوه‌كه‌ به‌هۆی بارانی به‌لێزمه‌وه‌ روویدا كه‌ گیانله‌ده‌ستدان و برینداریشی لێكه‌وته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئاواره‌كردنی ده‌یان هه‌زار كه‌س. لافاوه‌كه‌ش، كه‌ بووه‌ مایه‌ی تێكدانی چه‌ندان پرد و رێگه‌ و گوند، به‌ توندی هه‌ردوو پارێزگای سه‌لاحه‌دین و نه‌ینه‌وای گرته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌بوونی زیانیش له‌ باشوری وڵاتدا . به‌گوێره‌ی مه‌زه‌نده‌كانیش، ١٠ هه‌زار كه‌س له‌ سه‌لاحه‌دین و ١٥ هه‌زار كه‌س له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا پێویستیان به‌ هاوكاری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌زاران خێزانی ئاواره‌ی تری ناو چادرگه‌كان.

له‌مباره‌وه‌ خاتو مارتا رویداس، هه‌ماهه‌نگسازی مرۆیی بۆ عیراق، وتی "نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك هه‌موو جار لێره‌یه‌ بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تی بۆ حكومه‌تی عیراق كه‌ به‌ پێدانی هاوكاری بۆ هاوڵاتیانی به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ڵده‌ستێت."

خاتو روێداس ستایشی حكومه‌تی عیراقی كرد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌وڵی به‌هاناوه‌چوونی كاره‌سات به‌ یه‌كسه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌وڵی به‌هاناوه‌چوون بۆ لافاوه‌كان به‌ به‌گه‌ڕخستنی كارمه‌ندانی به‌رگری شارستانی. ئه‌و خاتونه‌ باسی له‌ كۆبونه‌وه‌ی به‌ڕێز عادیل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، كرد له‌گه‌ڵ به‌شی به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه‌كان له‌ ٢٣ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگیكردن بۆ به‌هاناوه‌چوونی چالاكیه‌كانی باری ته‌نگه‌تاویی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندداره‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی مانگی سوری عیراقی.

وێڕای به‌ڵێندان بۆ درێژه‌دان به‌ پشتگیرییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئه‌م باره‌ نائاساییه‌، خاتو روێداس زیاتر وتی " ئێمه‌ بارودۆخه‌كه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كه‌ چۆن زیاتر یارمه‌تی حكومه‌تی عیراق بده‌ین له‌ به‌هاناوه‌چوونی بۆ ئه‌م لافاوه‌ سه‌خته‌."

هه‌رچه‌نده‌ زیانه‌كان تا ئێستاش هه‌ر له‌ قۆناغی مه‌زه‌نده‌كردندان به‌ڵام زانیارییه‌ به‌راییه‌كانی ناوچه‌ به‌ركه‌وته‌كان باس له‌ وێرانبوونی خانوو و ئاژه‌ڵ و كه‌لوپه‌لی ناو ماڵ ده‌كه‌ن. به‌گوێره‌ی راپۆرتی هاوبه‌شكاره‌كانیش قه‌زای شه‌رگات له‌ سه‌لاحه‌دین و گه‌یاره‌ و چادرگه‌ی جیدده‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ركه‌وته‌ی هه‌ره‌ سه‌ختن.

مه‌زه‌نده‌كردنی پێویستییه‌كانیش هه‌ر پێشتر له‌ لایه‌ن به‌شه‌كانی میكانیزمی به‌هاناوه‌چوونی خێراوه‌ ئه‌نجام دراوه. ‌

نوسینگه‌ی پارێزگاری سه‌لاحه‌دین ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی خۆراك بۆ ١٠٠٠ ئاواره‌ی ناوخۆیی شه‌رگات كردووه‌ و رێكخراوی دانیشتوانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوبه‌شكاره‌ ناوخۆییه‌كانی ناوچه‌كه‌ پلانی دابه‌شكردنی ٤٠٠ پاكه‌تی پاكڕاگرتنی ته‌ندروستی هه‌یه‌. له‌لایه‌كی تره‌وه‌، هاوبه‌شكارانی جیهانیش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستی و له‌رێگه‌ی نۆڕینگه‌ی گه‌ڕۆكه‌وه ‌پلانی گه‌یاندنی هاوكاریی ته‌ندروستییان هه‌یه‌. ٢ هه‌زار پاكه‌تی خۆراك و به‌تانی و رایه‌خ و كه‌لوپه‌لی ناوماڵیش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی ناحكومی خۆماڵی دابه‌ش ده‌كرێت.

له‌ پارێزگای نه‌ینه‌واش رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ كه‌لوپه‌لی ناخۆراكی به‌سه‌ر ٢٣٥٠ خێزانی گه‌یاره‌ و چادرگه‌ی جیدده‌ دابه‌ش كرد كه‌ به‌هۆی لافاوه‌وه‌ سه‌ڵته‌خێزان ده‌رچووبوون. میكانیزمی به‌هاناوه‌چوونی خێراش ٢٠٠٠ پاكه‌تی یارمه‌تی بۆ ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان ده‌نێرێت له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌لوپه‌لێكی سه‌ره‌كی تری وه‌ك ئاوی خواردنه‌وه‌ و خۆراك و پێداویستیی پاكڕاگرتنی ته‌ندروستی. رێكخراوی خۆراكی جیهانیش وتی كه‌ هاوبه‌شكاره‌كانی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ "مێرسی هاندس" و به‌ڕێوه‌به‌رانی چادرگه‌كه‌ به‌سه‌ركه‌توویی ٤٠٠٠ كه‌لوپه‌لیان به‌سه‌ر ناوچه‌ به‌ركه‌وته‌كاندا دابه‌ش كردوووه‌.

هه‌ماهه‌نگسازه‌ مرۆییه‌كه‌ باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ هه‌ر پێشتریش پلانی مه‌زه‌نده‌كردنی زیاتری پێویستیه‌كانی تر له‌لایه‌ن به‌شی "ئاو و ئاوه‌ڕۆ و پاكراگرتنی ته‌ندروستی"یه‌وه بۆ رۆژی ٢٥ی ئه‌م مانگه‌ دانراوه‌. ئه‌و خاتونه‌ تێبینی ئه‌وه‌شی كرد كه‌ "فه‌ندی مرۆیی عیراق" توانی گوژمێك بۆ به‌هاناوه‌چوونی لافاو ته‌رخان بكات به‌ مه‌رجێك ناوچه‌ هه‌ره‌ پێویسته‌كان باشتر ده‌ستنیشان بكرێن.


بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ جێگری به‌ هیلاری ستۆفێر له‌ به‌شی ئۆچای عیراق (به‌غدا) ‌‌به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی 009647827804622