دوو شەممە, 10 کانونی یەکەم 2018 13:22

راگه‌یاندراوی خاتو ئالیس وۆلپۆل، جێگری نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنی ستراتیژی نیشتمانی بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ توندوتیژی دژی ژنان (وه‌رگێڕانی نافه‌رمی) گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

٩ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٨

به‌ڕێزان،
میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان،
خانه‌واده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان،

من خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌م بۆ راگه‌یاندنی ده‌ستكردن به‌ ستراتیژی نیشتمانی بۆ به‌رنگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان. ئه‌م ده‌ستپێكردنه‌ ته‌واوكه‌ری چالاكیی ١٦ رۆژه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ توندوتیژیی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری كه‌ ئه‌مساڵ له‌ ژێر سه‌رباسی "گوێ له‌ منیش بگره‌" ئه‌نجام درا. له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌سه‌روبه‌ندی رۆژی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤین و هه‌ربۆیه‌ش رۆژێكی گونجاویشه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ و قسه‌كردن له‌سه‌ر دابینكردنی ژێانێكی بێ توندوتیژی بۆ ژنان.

له‌ راستیدا، ئاوڕدانه‌وه‌ له‌سه‌رتاپای پرسه‌كانی توندوتیژی دژی ژنان له‌ عیراق زۆر گرنگه‌. ئه‌م توندوتیژییه‌ قێزه‌ونه‌نانه‌ی ئه‌مدواییه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كه‌ به‌رۆكی چه‌ندان ژنی ئه‌م وڵاته‌ی گرتبوو بووه‌ زه‌بری كوشنده‌ی له‌ یه‌كسانی و جیاكاریی جێنده‌ری دا. هه‌ر چه‌نده‌ وشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌باره‌ت به‌ توندوتیژی دژی ژنان له‌رێگه‌ی راگه‌یاندن و چالاكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و دامه‌زراندنی هێلی گه‌رم بۆ هه‌واڵدان له‌سه‌ر توندوتیژی و دامه‌زراندنی به‌شه‌كانی پاراستنی خێزان له‌ گه‌شه‌كردندایه‌ ، كه‌چی توندوتیژی دژی ژنان له‌ عیراقدا هێشتا هه‌ر كۆتایی نه‌هاتووه‌. توندوتیژی خێزانی نیگه‌رانییه‌كی زۆری دروستكردووه‌ به‌و پێیه‌ی هه‌واڵه‌كانی راگه‌یاندن زۆر به‌ زه‌قی و شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو باس له‌ پێشێلكاری و هه‌راسانی سێكسی له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا ده‌كه‌ن. هه‌ر په‌یوه‌ست به‌م پرسه‌، من حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه‌ به‌ هێرشه‌كه‌ی ئه‌مدواییه بكه‌م بۆ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان له‌ سلێمانی ، كه‌ شوێنه‌كه‌ پێویسته‌ خۆی له‌ خۆیدا ببێته‌ شوێنی داڵده‌دان بۆ ئه‌و ژنانه‌ی له‌ده‌ست توندوتیژی و پێشێلكاری راده‌كه‌ن.

ئاژانس و فه‌ند و به‌رنامه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان درێژه‌ی به‌ پشتگیرییه‌كانیان ده‌ده‌ن بۆ حكومه‌تی عیراق بۆ جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌ یاسایی و ئاكارییه‌كانی له‌ گه‌شه‌دان و پاراستنی مافه‌كانی ژنان. رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتوان یارمه‌تیی ته‌كنیكی پێشكه‌ش كردووه‌ بۆ گه‌شه‌دان به‌ ستراتیژی نیشتمانی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان كه‌ ئه‌مڕۆ راگه‌یه‌ندرا. ئه‌م ستراتیژه‌ چوارچێوه‌یه‌كی گشتگر و پڕبایه‌خه‌ بۆ گه‌شه‌پێده‌رانی سیاسه‌ت و پلانده‌نه‌ران و بڕیارسازان بۆ كاركردن له‌ پێناو پێشپێگرتن و به‌هاناوه‌چوونی توندوتیژیی دژی ژنان. له‌مه‌ش زیاتر، ستراتیژه‌كه‌ ئامڕازێكی گرنگه‌ به‌ ده‌ست حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پایه‌ندییه‌كانی سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ به‌ گرتنه‌خۆی، له‌ نێوان چه‌ندان شتی تردا، "ئامانجی گه‌شه‌پێدانی درێژخایه‌ن" و "رێككه‌وتننامه‌ی قه‌ڵاچۆكردنی هه‌موو شێوازه‌كانی توندوتیژی دژی ژنان" و "بڕیاری ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ژنان" و "ئاشتی و سه‌قامگیری" و "پلاتفۆرمی بێیجینگ".

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پابه‌نده‌ به‌ پشتگیریكردنی جێه‌به‌جێكردنی "ستراتیژی نیشمانی بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان" و چوارچێوه‌ نیشتمانییه‌كانی تریش. یونامی و سیسته‌می فراوانتری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان هه‌ر پێشتریش له‌گه‌ڵ داموده‌زگانی حكومه‌تی عیراقی وه‌ك سه‌ركردایه‌تی باڵای سیاسی و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌م پرسه‌دا به‌شداربوون بۆ داكۆكیكردن له‌ سه‌رلیستكردنی یاسا په‌یوه‌ندداره‌كان له‌ په‌رله‌مانی تازه‌دا وه‌ك بۆ نمونه‌ یاسای دژه‌ توندوتیژیی خێزانی. ئێمه‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراق بۆ دامه‌زراندنی لێژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌راسانی سێكسی به‌رز ده‌نرخێنین و گه‌ر بشكرێت بۆ هه‌ر جۆره‌ راوێژێك و پشتگیرییه‌ك بۆ دابینكردنی سه‌لامه‌تیی و ئارامیی زیاتر بۆ ژنان ئاماده‌ین. بۆ نمونه‌، به‌رنامه‌ی گه‌شه‌پێدانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (یو ئێن دی پی) پێشتر راهێنانی به‌ زیاتر له‌ ٣٠٠ كارمه‌ند كردبوو له‌سه‌ر چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێسه‌كانی توندوتیژیی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی خولێكی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی وشیاری هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ بۆ ئاواره‌ ناوخۆیی و په‌ناهنده‌كان و خانه‌واده‌ خانه‌خوێیه‌كانی پارێزگاكانی باكور و ئه‌نجامدانی راهێنان بۆ ٥٠ ئه‌فسه‌ر سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی ژنان و دامه‌زراندنی ٧ تیم بۆ یارمه‌تیی یاسایی له‌ ناو چادرگه‌كانی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كاندا و ئه‌نجامدانی راهێنان له‌سه‌ر توندوتیژیی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری بۆ پارێزه‌ره‌كان و كارمه‌ندانی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هاوبه‌شكاره‌كانمان له‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی.

ئێمه‌ ده‌ستخۆشی له‌ كاری "ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری" ده‌كه‌ین به‌ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ "یاسای سزاكان" به‌گرتنه‌خۆی هه‌مواركردنی ئه‌و ماده‌ یاساییانه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ ئاسانكاری یان چاوپۆشی له‌ ئه‌نجامدانی توندوتیژی دژی ژنان بكه‌ن. ره‌نگه‌ ئێوه‌ ئاگادار بن كه‌ ئه‌و "ئه‌نجومه‌ن"ه‌ هه‌نگاوی به‌رایی بۆ دامه‌زراندنی یانه‌ی ژنان ناوه‌. به‌ ڕای ئێمه‌، به‌شداری زیاتری مێیینه‌ له‌ بواری سه‌روه‌ریی یاسا و داموده‌زگا دادوه‌رییه‌كاندا له‌عیراق زۆر پێویسته‌ گه‌ر عیراق بیه‌وێت سه‌ركه‌وتوانه‌ له‌سه‌ر كێسه‌كانی توندوتیژی دژی ژنان بێته‌ ده‌نگ. شایانی باسه‌، بۆ كۆتاییهێنان به‌ له‌سزابه‌ده‌ری و چه‌سپاندنی دادوه‌ری به‌رده‌ستبونی داده‌وری بۆ رزگاربووانی توندوتیژی زۆر گرنگه‌.

ئێمه‌ هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئه‌وه‌ له‌بیر نه‌كه‌ین كه‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ توندوتیژیی دژی ژنان پێویستی به‌ فراونكردنی ره‌خساندنی هه‌له‌ بۆ ژنان و به‌شداری پێكردنیان له‌ له‌ بواری سیاسی و هاتنه‌ناوكۆمه‌ڵگادا. یه‌كێك له‌ ئاسه‌واره‌كانی شه‌ڕی داعشیش زۆربوونی ئه‌و ماڵانه‌یه‌ كه‌ ژن به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن به‌تایبه‌تی له‌ ناو خێزانی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كاندا كه‌ له‌ ئه‌نجامدا تووشی هه‌ژاری و لێقه‌وماوی بوونه‌ته‌وه. جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی ئه‌نجامدانی كاری ژیاری و فه‌راهه‌مكردنی خوێندن بۆ ژنان ئامڕازی سه‌ره‌كیی پاراستنی درێژخایه‌نن‌ له‌ توندوتیژی (به‌تایبه‌تیش توندوتیژی سێكسی) و هه‌روه‌ها بۆ سه‌رله‌نوێ شیاندنه‌وه‌یان به‌ گومه‌ڵگه‌. ‌

به‌ كورتی ، شێوازی هه‌مه‌ لایه‌ن و هه‌مه‌ ئاراسته‌ مه‌رجی پێشوه‌خته‌ی روبه‌روبوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنانن به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌ له‌ عیراق. جێبه‌جێكردنی ئه‌م ستراتیژه‌ش پێویستی به‌ به‌شداریی و پایه‌ندیی چینێكی به‌رفراوانی په‌یونددارانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ بواره‌كانی ته‌ندروستی و یاسا و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ و ئاسایش كه‌ زۆربه‌یان به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ستیان پێ ده‌كرێت. سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ش، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق هه‌ر پایه‌نده‌ به‌ یارمه‌تیدانی حكومه‌تی عیراق و كه‌رته‌كانی تر به‌تایبه‌تیش كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بۆ پاراستنی مافه‌كانی ژنان و گه‌شه‌دان به‌ شكۆ و یه‌كسانییان و هێنانه‌دی ئاواته‌كانیان له‌ پێناو دابینكردنی ژێانێكی بێ توندوتیژیدا.

زۆر سوپاس

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI