پێنج شەممە, 13 تشرینی دووەم 2014 03:00

كۆنفرانسی نیشتمانیی تۆڕی ژنانی عیراق "ژنانی ئاشتی دروستكه‌ر" گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

به‌غدا، ١٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٤:- له‌ چالاكییه‌ك‌ له‌ ١٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٤ له‌ هۆڵی ئوتێل شیراتۆنی به‌غدا، تۆڕی ژنانی عیراق ئاهه‌نگیان به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی ده‌رچوونی بڕیاری ژماره‌ ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی گێڕا به‌هۆی گرنگی ئه‌و بڕیاره‌ له‌سه‌ر ژیانی ژنان له‌ شه‌ڕه‌ چه‌كدراییه‌كان و ئاواته‌كانی ئاینده‌یاندا. ‌ 

 

له‌ وتارێكدا، هانا ئاودێری ئه‌ندامی لێژنه‌ی رێكخستن وتی كه‌ یادكردنه‌وه‌كه‌ وه‌ك به‌شدارییه‌كه‌ بۆ هه‌ڵمه‌تی جیهانیی ١٦ رۆژه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان كه‌ له‌ ٢٥ی تشرینی دووه‌مه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و تا ١٠ی كانونی یه‌كه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت.  

لێژنه‌ی هه‌ماهه‌نگیی تۆڕی ژنانی عیراق جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستیی به‌شداربوونی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ رۆڵێكی گه‌وره‌وه‌ كرده‌وه‌ بۆ دابینكردنی نوێنه‌رایه‌تیی ره‌وای ژنان و هه‌روه‌ها بۆ هاندانی حكومه‌تی عیراقیش بۆ جێبه‌جێكردنی راسپارده‌كانی (سیداو) كه‌ له‌ مانگی شوباتی ٢٠١٤ه‌وه‌ ده‌رچووه‌. هه‌روه‌ها، لێژنه‌كه‌ جێبه‌جێكردنی راسپارده‌ جیهانییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤیشی به‌ گرنگ ده‌زانێت بۆ گرتنه‌به‌ری ستراتیژێك بۆ  ده‌ركردنی بڕیاری په‌یوه‌ست به‌ ستاتۆس و كاری ژنان له‌ پێناو پێشگرتن به‌و توندوتیژییانه‌ی كه‌ روبه‌روویان ده‌بنه‌وه‌.  

له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌، ئه‌دوار تێبینی ئه‌و بارودۆخه‌ دژواره‌شی كرد كه‌ چالاكییه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجامدرا و هه‌روه‌ها ئه‌و گیروگرفتانه‌ی كه‌ رووبه‌رووی عیراق بوونه‌ته‌وه‌ وه‌ك شه‌ڕی دژی تیرۆر و توندوتیژی و گه‌نده‌ڵی. ئه‌و خانمه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌وڵه‌كانی ژنان ئاراسته‌ی بڕیاربه‌ده‌ركه‌ران بكرێنه‌وه‌ بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ ژنانیش به‌شێكن له‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ روبه‌رووبوونه‌وه‌ی گیروگرفته‌كان ده‌درێن و له‌گه‌ڵ دڵنیابوونیش له‌ به‌شداربوونیان له‌ پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار و هه‌روه‌ها له‌ گفتوگۆیه‌ سیاسیه‌كانیشدا.  

لای خۆشییه‌و و له‌ وته‌یه‌كدا كه‌ له‌جیاتی سه‌رۆكی په‌رله‌مان خوێندییه‌وه‌،   راوێژكاری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، خاتو نیبراس ئه‌لمه‌عموری ستایشی ئه‌و رۆڵه‌ی كرد كه‌ ژنانی عیراق له‌ مێژووی سیاسیی عیراقدا بینیویانه‌ و ئاماژه‌شی به‌ پێویستیی رێزگرتنی پێگه‌ی ژنانیش كرد له‌ كۆمه‌ڵگادا.  

وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ئافره‌تانیش، خاتو به‌یان نوری تۆفیق، وتی كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی زۆر نیگه‌رانه‌ له‌و توندوتیژییه‌ زه‌قانه‌ی كه‌ له‌م مانگانه‌ی دواییدا له‌لایه‌ن داعش  (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) ه‌وه‌ دژی ژنانی عیراق ئه‌نجامدراون له‌گه‌ڵ نیگه‌رانیشی سه‌باره‌ت به‌ شێوه‌كانی تری توندوتیژی خێزانی دژی ژنان و جۆره‌كانی تری سوكایه‌تی پێكردن كه‌ به‌داخه‌وه‌ هیچ ئاوڕیشیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه‌. ‌ 

خاتونی وه‌زیر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی عیراق له‌ سه‌ره‌تای مانگی نیساندا ستراتیژی نیشتمانی له‌به‌ر رۆشنایی بڕیاری ژماره‌ ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی راگه‌یاندووه سه‌باره‌ت به‌ ئاشتی و ئاسایشی ژنان شانبه‌شانی ستراتیژیی نیشتمانیش بۆ گه‌شه‌پێدانی ژنان. به‌مه‌ش عیراقی بووه‌ یه‌كه‌م وڵات له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیادا كه‌ ئه‌م ستراتیژانه‌ی تێدا په‌یڕه‌و بكرێت. 

خاتو به‌یان وتیشی كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئێستا سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی پێداچوونه‌وه‌یه‌كی گشتگره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ چۆن پێش هه‌ڵسه‌نگاندنی راپۆرت له‌ ٢٠١٨  راسپارده‌كانی (سیداو) جێبه‌جێ بكرێت و به‌ڕای ئه‌ویش دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كارێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌مباره‌وه‌. 

هه‌روه‌ها، ئینتیسار ئه‌لجبوریی خانمه‌ په‌رله‌مانتار له‌ لێژنه‌ی كاروباری ژنان و منداڵان داوای سوودوه‌رگرتنی له‌ ئه‌زموونی جیهانی كرد و كۆتاییشی به‌وه‌ هێنا كه‌ وتی "سه‌لمێنراوه‌ كه‌ به‌شداریی ژنان له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاشتی زۆر زۆر گرنگه‌".   

له‌و چالاكییه‌دا، خاتو دڵخواز عه‌بدوڵلای ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان له‌ كوردستان باسی له‌ گرنگیی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ كرد كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناویه‌تی بۆ سڕینه‌وه‌ی چه‌ندان یاسا له‌ رابردوودا كه‌ ژنی به‌كه‌م ده‌گرت و به‌شدارییه‌كانیشی له‌ كۆمه‌ڵگادا سنوردار كردبوو. ئه‌و هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی به‌وه‌ كرد كه‌ هێشتا گیروگرفتی تریش له‌به‌رده‌م ژنان هه‌ر ماون و پێویسته‌ له‌ناوببرێن. 

ئه‌و چالاكییه‌ ، كه‌ له‌لایه‌ن تۆڕی ژنانی عیراقه‌وه رێكخرابوو، رێزی له‌ ژماره‌یه‌ك ژن گرت له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی پێشانگای وێنه‌ بۆ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی مێیینه‌ كه‌ شوێنپه‌نجه‌یان له‌ مێژووی ژنی عیراقدا جێهێشتووه‌. 

نوسینی : له‌یس ئه‌لیاس 

وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ ئیحسان به‌رزنجی / به‌شی راگه‌یاندنیی  یونامی /هه‌ولێر

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI