دوو شەممە, 09 ئازار 2015 09:00

رۆژی جیهانیی ئافره‌تان ٢٠١٥ ئافره‌تان و كچانمان رزگارکەن

به‌غدا - هه‌ولێر، ٨ی ئاداری ٢٠١٥- نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوای خێراتر كردنی كۆششه‌كان ده‌كات بۆ به‌هانا چوون و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی نزیكه‌ی ١.٣ ملیۆن ئافره‌تی عیراقی له‌و ناوچانه‌ی کە توندیژیی به خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن.

 

له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی توندو تیژییەکان له‌ عیراق له‌ حوزه‌یرانی ٢٠١٤دا ، نزیكه‌ی ملیۆنێك و ٢٦٠ هه‌زار ئافره‌تی عیراقیی ئاواره‌ و بێ ماڵ و حاڵ بوون و له‌ بارودۆخێكی دژواردا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. ئافره‌تان و كچان نزیكه‌ی ٥١٪ ئه‌و شه‌پۆله‌ ئاوارانه‌  پێك ده‌هێنن، كه‌ به‌هۆی توندوتیژیی و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن نزیكه‌ی ٢.٥ ملیۆن عیراقی ناچار كراون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.  

به‌م بۆنه‌یه‌وه،‌ رۆژی جیهانی ئافره‌تان، خاتوو لیز گراندێی جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هه‌ماهه‌نگیكاری مرۆیی له‌ عیراق وتی " به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنی و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ئافره‌تانه‌ له‌ بارودۆخێكی ئاوادا له‌ پێشینه‌كاره‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆییه‌ و پێویسته‌ زیاتریش بكه‌ین" 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ململانێیه‌ی ئێستا كاریگه‌ری خراپی به‌ ‌سه‌ر سه‌راپای كۆمه‌ڵگای عیراقی هه‌یه‌ ‌ ، به‌ڵام ئافره‌تان و كچان به‌ هۆی بێهێزییان به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت دووچاری توندوتیژیی ده‌بنه‌وه‌ و زۆرجاریش ده‌بنه‌ یه‌كه‌مین ئامانجی هێرشه‌كان و دووچاری پێشێلكردنی توندی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌بنه‌وه‌. راپۆڕته‌كانی  رفاندن و كوشتن و به‌ كه‌نیزه‌ كردن و به‌زۆر به‌شوودان و  توندوتیژیی سێكسی،‌ جێگای دڵه‌ڕاوكێ و مایه‌ی هه‌ڵوە‌سته‌ له‌سه‌ر كردنن.   

ئه‌و ململانێیه‌ درێژخایه‌نه‌ گۆڕانكاری دراماتیكی له‌ بونیاد و پێکهاتەی خێزانی عیراقی به‌رهه‌مهێناوه‌، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و شه‌ش سه‌د هه‌زار بێوه‌ژن له‌ عیراق هه‌ن و  هه‌روه‌ها له‌و ژماره‌یش زیاتر خێزان هه‌ن كه‌ كه‌ سه‌رۆكه‌كانیان ئافره‌تن. ئه‌و شه‌ڕانه‌ی ئێستاش هه‌زارانی تری زیاد كردووه‌. 

له‌ ٥ی ئاداردا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق هه‌ڵمه‌تێكی به‌ ناونیشانی "با ئافره‌تان و كچانمان رزگار بكه‌ین" راگه‌یاند وه‌كو هه‌وڵێك بۆ سه‌ره‌نج راكێشانی جیهان سه‌باره‌ت به‌و‌ مه‌ینه‌تییانه‌ی كه‌ ئافره‌تانی ئاواره‌ی عیراق دووچاری ده‌بنه‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش ئافره‌تان و كچانی ڕفێندرا و هه‌روه‌ها رزگاربووانی توندوتیژیی سێكسیی و توندوتیژیی جێنده‌ریی.  

له‌م رۆژه‌دا كه‌ وه‌زاره‌تی كاروباری ئافره‌تان به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ تیمی جێنده‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان مه‌راسیمێكیان سازكردبوو ، دكتۆر حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق هه‌ڵمه‌تی (پالپشتی كردنی پیاوان له‌ ئافره‌تان) راگه‌یاند و داوای له‌ پیاوان كرد به‌شداری له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ بكه‌ن و پشتگیری پێشخستنی مافه‌كانی ئافره‌تان بن. (پالپشتی كردنی پیاوان له‌ ئافره‌تان) بزوتنه‌وه‌یه‌كی هاوكارییه‌ و داوا له‌ پیاوان و ‌كوڕان ده‌كات دژی به‌رده‌وامی نایه‌كسانیی بووه‌ستنه‌وه‌ كه‌ ئافره‌تان و كچان له‌ جیهان رووبه‌رووی ده‌بنه‌وه‌. (به‌شدار به‌ له‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ www.HeForShe.org

دكتۆر سادق سه‌ید نوێنه‌ری ده‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئافره‌تان له‌ عیراق وتی" هه‌ڵمه‌تی پالپشتی كردنی پیاوان له‌ ئافره‌تان توانای مه‌زنی هه‌یه‌ بۆ هاندانی پیاوان دژی جۆرێكی باو له‌ پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ" و هه‌وره‌ها وتیشی" جیهان هه‌رگیز نابێته‌ شوێنێكی ئازاد تا هه‌موو جۆره‌ توندوتیژییه‌ك دژ به‌ ئافره‌تان و منداڵان بنه‌بڕ نه‌كرێت"  

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ خاتوو گراندێ وتی " ئافره‌تان له‌ چاره‌سه‌ركردنی ململانێكان و بونیاتنانی ئاشتیدا ، ده‌توانن رۆڵی به‌هێز ببینن، پێدانی ده‌رفه‌ت و پشتگیریكردنی ئافره‌تان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌ركه‌ كلیلی وڵاته‌. به‌هاناوه‌چوونی مرۆیی كاریگه‌ر به‌نده‌ به‌ به‌شداریكردن و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی  ئافره‌تان وه‌ك بڕیاردروستكه‌ر"   

پێشینه‌كاری سه‌ره‌كی له‌ دابینكردن و چاره‌سه‌ركردنی  پێداویستییه‌كانی ئافره‌تانی ئاواره‌ بریتین له‌ یارمه‌تی مرۆیی و پشتگیریكردنی گوزه‌ران و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی توندوتیژیی سێكسی و جێنده‌ری و گه‌یشتن به‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی توندوتیژیی سێكسی و جێنده‌ری بۆ رزگاربووان لێی وه‌ك بونیاتنانی تواناكان بۆ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له‌گه‌ڵ ئاواره‌كان كارده‌كه‌ن به‌ پۆلیس و ئاسایشیشه‌وه‌.     

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق ده‌نگی خۆی ده‌خاته‌ پاڵ ده‌نگی وه‌زاره‌تی كاروباری ژنان و ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی توندو تیژیی دژ به‌ ئافره‌تانی ئاواره‌ی عیراقیی و په‌نابه‌ری سوری و داوای كرداریش ده‌كات بۆ كۆتایی هێنان به‌ مه‌ینه‌تیی رزگاربووان.  

هه‌ڵمه‌تی رزگاركردنی ئافره‌تان و كچانمان ئامانجی سه‌رنج راكێشانی جیهانه‌ بۆ مه‌ینه‌تییه‌كانی ئافره‌تانی ئاواره‌ له‌ عیراق  به‌  ئافره‌تان و كچانی ڕفێندرا و رزگاربووانی توندوتیژیی سێكسیی و توندوتیژیی جێنده‌رییشه‌وه‌ وه‌كو هه‌وڵێك بۆ دانانی سنوورێك له‌به‌رده‌م  پێشێلكردنی قێزه‌وه‌نی مافه‌كانی مرۆڤ .   

ئه‌م ساڵ له‌ رۆژی جیهانی ئافره‌تان یادی ٢٠ ساڵه‌ی راگه‌یاندنی په‌كینیش كرایه‌وه‌. راگه‌یاندنی په‌كین بیست ساڵ له‌مه‌و به‌ر ١٨٩ وڵات واژۆیان له‌سه‌ر كرد ، ئه‌م  راگه‌یاندنه‌ مێژوییه‌ خشته‌ و ئه‌جێندای كاره‌كانی وه‌دیهێنانی مافه‌كانی ئافره‌تان دیاری ده‌كات.