دوو شەممە, 05 تشرینی یەکەم 2015 03:00

یونامی سه‌كۆی كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌گه‌ڵ ژنانی عیراق ئه‌نجام ده‌دات

به‌غدا، ٥ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٥:- ئه‌مڕۆ یونامی "سه‌كۆی كراوه‌"ی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری ژماره‌ ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی ژنانی عیراق و نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئه‌نجامدا به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنی پێشڤه‌چوونه‌كان و هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و شێوازانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی خێراتركردنی كار بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و بڕیاره‌.

هه‌روه‌ها "سه‌كۆ"یه‌كه‌ بووه‌ مایه‌ی ره‌خساندنی هه‌لیش بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌شدارییه‌كانی ژنانی عیراق له‌ تاوتوێكردنی چه‌ند دۆزێكی گرنگی وڵاتدا. به‌شداربووانی ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام )یش باسیان له‌ خێراكردنی هه‌وڵه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كرد به‌تایبه‌تیش دابینكردنی خزمه‌ته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان له‌و ناوچانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان. لای خۆشییانه‌وه‌، نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی داوایان له‌ حكومه‌تی عیراق كرد كه‌ له‌ داڕشتنی ستراتیژه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئاشته‌وایی نیشتمانی به‌شدارییان پێ بكات كه‌ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئه‌و بڕیاره‌ گونجاوه‌. به‌شداربووانیش ئاماژه‌یان بۆ نه‌بوونی مووچه‌ی كارمه‌ندانی موسڵ كرد كه‌ به‌ڕای ئه‌وان و به‌هۆی بێهیوایی ئابووریش ده‌بێته‌ مایه‌ی په‌یوه‌ندیگرتنی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ له‌ گه‌ڵ داعشدا. ئه‌وان هه‌روه‌ها داوایان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش كرد بۆ كاركردن بۆ ئازادكردنی هه‌زاران ژن و كچی رفێندراو كه‌ به‌ڕای ئه‌وان ئه‌م پرسه‌ وەکو پێویست بایه‌خی پێ نه‌دراوه‌.

جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق جۆرجی بوستین جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان خوازیاری درێژه‌دانه‌ به‌ پشتگیرییه‌كانی بۆ حكومه‌تی عیراق و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بۆ تاوتوێكردنی تیرۆر و توندڕه‌وی كه‌ بۆ ژن و ئاشتی و سه‌قامگیری هه‌ره‌شه‌ی مه‌ترسیدارن. ئه‌و زیاتر دانی به‌ به‌شدارییه‌كانی ژنانی عیراق نا له‌ دابینكردنی پشتگیری بۆ خه‌ڵكی به‌ركه‌وته‌ی شه‌ڕی داعش.

ئه‌م مانگه‌ ١٥هه‌مین ساڵیادی ده‌رچوونی بڕیاری ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌ كه‌ هه‌لێكی زێڕینی بۆ هه‌موو كاركه‌ران ره‌خساند بۆ تازه‌كردنه‌وه‌ی پابه‌ندییان و ده‌ستنیشانكردنی كارنامه‌یه‌كی تێروتەسەل‌ بۆ داهاتوو كه‌ بتوانێت روبه‌رووی ته‌حه‌ددییه‌كانی سه‌ر ژن و ئاشتی و سه‌قامگیری ببێته‌وه‌ كه‌ ده‌رهاویشته‌ی توندڕه‌وی و تیرۆرن.