شەممە, 21 تشرینی دووەم 2015 03:00

نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌ستخۆشی له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ داعش

به‌غداد، ٢١ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٥:- نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق یان كوبیش ده‌ستخۆشی له‌ بڕیاره‌كه‌ی رۆژی هه‌ینیی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام ).

له‌ بڕیاره‌كه‌ دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ داعش هه‌ره‌شه‌یه‌كی بێوێنه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی و سه‌قامگیریی ته‌واوی جیهان و نیازی هێرشی زیاتریشی هه‌یه‌ و به‌ڕای "ئه‌نجومه‌ن"یش ئه‌م جۆره‌ كاره‌ تیرۆرییستییانه‌ هه‌ره‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاشتی و سه‌قامگیری و هه‌ربۆیه‌ مكوڕی خۆی بۆ هه‌موو جوره‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌یه‌ك دژی ئه‌م هێزه‌ تیرۆیستییانه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌".

سه‌باره‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ش، به‌ڕێز كوبیش وتی "له‌ كاتێكدا هاووڵاتییانی عیراق رۆژانه‌ به‌ده‌ست هێرشه‌ تیرۆریسیتییه‌كان و ئایدۆڵوژی ئه‌م رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌وه‌ ده‌ناڵێنن تازه‌كردنه‌وه‌ی پابه‌ندیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی داعش و بۆ به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵكی عیراق كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی تیرۆردان هه‌م له‌ كاتی خۆیدایه‌ و هه‌میش مایه‌ی ده‌ستخۆشییه‌‌".

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌كۆی ده‌نگ بڕیاری ژماره‌ ٢٢٤٩ (٢٠١٥)ی په‌سند كرد كه‌ له‌ نێوان چه‌ندانی شتی تردا "داوا له‌‌ وڵاته‌ ئه‌ندامه‌ تواناداره‌كان ده‌كات كه‌ هه‌موو رێوشوێنێك كه‌ له‌ گه‌ڵ یاسای نێوده‌وڵه‌تی بگونجێت بگرنه‌به‌ر (....) له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش (.....)دا له‌ سوریا و عیراق بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانیان زیاتر چڕوپڕتر بكه‌نه‌وه‌ بۆ پێشگرتن له‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی داعش (.....) و به‌ره‌ی نوسره‌ و یان هه‌ر كه‌س و گرووپ و قه‌واره‌یه‌كی تری وابه‌سته‌ به‌ رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ و یان به‌ هه‌ر رێكخراوێكی تیرۆریستی تره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌فروتوناكردنی هه‌موو په‌ناگاكانیان كه‌ له‌ پانتاییه‌كی زۆری سوریا و عیراق دروستیان كردووه".

هه‌روها بڕیاره‌كه‌ "هانی هه‌موو وڵاته‌ ئه‌ندامه‌كان ده‌دات بۆ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانیان بۆ پێشگرتن له‌ هاتنی تیرۆریستی بیانی بۆ عیراق و سوریا و هه‌روه‌ها بۆ وشككردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی ئه‌م رێكخراوه‌ تیرۆریستییانه‌. هه‌روه‌ها بڕیاره‌كه‌ هانی هه‌موو وڵاته‌ ئه‌ندامه‌كان ده‌دات بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر به‌ ته‌واوی جێبه‌جێ كردنی ئه‌م بڕیارانه‌ی سه‌ره‌وه‌".