سێ شەممە, 08 ئازار 2016 03:00

ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ له‌ عێراق هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ڕه‌گه‌زی بۆ پێویستییه‌كانی شمه‌كه‌ ناخۆراكییه‌كان ئه‌نجام ده‌دات

له‌ ٢٠١٥دا ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ زیاتر له‌ ٧٤،٠٠٠ گورزه‌ شمه‌كی ناخۆراكیی ژیانپارێزی دابه‌ش كرد وه‌كو به‌شێك له‌ به‌هاناوه‌چوونی به‌رده‌وامی ڕێكخراوه‌كه‌ بۆ ئه‌و ته‌نگژه‌ به‌رده‌وامه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌. دابه‌شكردنی ئه‌و شمه‌كه‌ ناخۆراكییانه‌ كۆمه‌كیی به‌ زیاتر له‌ ٤٢٧،٠٠٠ ئاواره‌ی لێقه‌وماوی عێراقی كردووه‌ له‌ ١٨ پارێزگادا.

به‌شه‌ شمه‌كه‌ ناخۆراكییه‌كانی ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ وا ئاماده‌كرداون كه‌ پێویستییه‌كانی ئاواره‌كان به‌پێی وه‌رزه‌كان له‌به‌رچاو بگرێت. گورزه‌یه‌كی ته‌واوی شمه‌كی ناخۆراكی ئه‌مانه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت: سێتێكی چێشتخانه‌، سێتێكی پاكوخاوێنی، نایلۆن، لایت شه‌حن، دۆشه‌ك و بالیف. وێڕای ئه‌م شمكانه‌، گورزه‌كان له‌ وه‌رزی هاویندا پانكه‌ و ترمز و قالیچه‌ی پلاستیكیش له‌ خۆ ده‌گرن؛ هه‌روه‌ها له‌ ‌زستاناندا فه‌رشێك و سۆبایه‌ك و به‌تانیی گه‌رم.

له‌ ئاماده‌كاریی پێویستییه‌كانی شمه‌كی ناخۆراكی بۆ ٢٠١٦، و وه‌كو به‌شێك له‌ شێوازی كاركردنی ‌پشتبه‌ستوو به‌ به‌ڵگه‌، ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ به‌پاڵپشتی دارایی حكوومه‌تی ژاپۆن، هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ڕه‌گه‌زیی بۆ پێویستییه‌كانی شمه‌كی ناخۆراكی ئه‌نجام دا له‌ نۆ پارێزگای عێراق: ئه‌نبار، به‌غدا، به‌سرا، كه‌ركوك، میسان، نه‌جه‌ف، سه‌لاحه‌ددین، زیقار. ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌، كه‌ له‌ كۆتایی ٢٠١٥دا ئه‌نجام دراوه‌، ده‌ڕوانێته‌ پێویستییه‌ جیاوازه‌كان بۆ شمه‌كی ناخۆراكیی ژنان و پیاوان و كوڕان و كچان كه‌ له‌ كه‌مپه‌كان و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی هه‌ستیاردا ژیان به‌سه‌ر ده‌ه‌به‌ن.

بۆ گوجاندنی شمه‌كه‌كانی ناو گورزه‌ ناخۆراكییه‌كان له‌گه‌ڵ پێویستییه‌كانی ئاواره‌كان به‌ تێپه‌ڕبوونی كات، ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ گفتوگۆی به‌ گروپ و ڕاپرسیی له‌گه‌ڵ ٤٩٦ ژن و پیاو و كوڕ و كچدا ئه‌نجام دا. ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه ده‌ریان خست كه‌ وێڕای ڕه‌گه‌ز و جۆری شوێنی ژیانیان، چه‌ند فاكته‌رێكی دیش كاریگه‌ریی هه‌بوو له‌سه‌ر جیاوازی له‌ پێویستیی ئاواره‌كان بۆ شمه‌كه‌ ناخۆراكییه‌كان كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت: باكگراوندی ئاواره‌كان، زێدی خۆیان كه‌ لێوه‌ی هاتوون، له‌گه‌ڵ ماوه‌ی ئاواره‌بوونیان.

ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ ده‌ریان خست كه‌ زیاتر له‌ ٧٠ له‌ سه‌دی پیاوان و ژنان كه‌ چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا كرابوو ئه‌وه‌یان دووپات كردبووه‌وه‌ كه‌ پێویستییان به‌ شمه‌كی سه‌ره‌تایی ناماڵ هه‌یه‌ وه‌كو دۆشه‌ك و سۆبا و كه‌لوپه‌لی چێشتلێنان و ڕوناككردنه‌وه‌ و ده‌فری هه‌ڵگرتنی خوارده‌مه‌نی. ڕێژه‌یه‌كی زیاتر ژنان ئه‌و شمه‌كانه‌یان وه‌كو پێویستی زۆر گرینگ ده‌ستنیشان كرد: شمه‌كه‌كانی چێشتلێنان، ته‌شتی شۆردن، سه‌رچه‌ف، كه‌ره‌سته‌ی پاكوخاوێنی له‌نێویشیاندا معقم، زاهی، چاره‌سه‌ری پێوه‌دانی مێروو، كه‌ره‌سته‌ی پاكوخاوێنی تایبه‌ت به‌ ئافره‌تان. پیاوه‌كانیش جه‌ختیان له‌ پێویستیی ئه‌م‌ كه‌ره‌ستانه‌ كردبوووه‌وه‌: گوێزان، نینۆكبڕ، كرێمی تاشین.

وه‌كو به‌شێك له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌، ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ ڕاهێنانێكی له‌سه‌ر پشتڕاستكردنه‌وه‌ی داتاكان ئه‌نجام دا له‌گه‌ڵ تیمی هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ ی خێرای ڕێكخراوه‌كه‌ و چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ك به‌ شێوازگه‌لێكی له‌ڕووی كولتوورییه‌وه‌ گونجاو بۆ دابه‌شكردنی شمه‌كه‌ شه‌خسییه‌ هه‌ستیاره‌كان.

به‌رپرسی نێرده‌ی ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ له‌ عێراق تۆماس لۆسار ڤه‌یس گوتی: ``زۆر سوپاس بۆ پاڵپشتیی دارایی حكوومه‌تی ژاپۆن، ئه‌م زانیارییه‌ تایبه‌ته‌ له‌ ڕووی ڕه‌گه‌زه‌وه‌ بۆ پێویستییه‌كانی خه‌ڵكی عێراقی - ژنان، پیاوان،كوڕان و كچان- وا ده‌كات ڕێكخراوی نێده‌وڵه‌تیی كۆچ باشتر شمه‌كه‌كانی ناو گورزه‌ ناخۆراكییه‌كانی به‌پێی پێویستیی ئاواره‌كان دابتاشێت و به‌شێوه‌یه‌كی باشتر ڕێنمایی پلانی به‌هاناوه‌چوونمان بكات بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بینه‌وه‌ ‌‌كه‌ ڕێكخروای نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ پێویستییه‌كانی خه‌ڵكی ئاواره‌ی لێقه‌وماوی عێراقی له‌به‌ر چاو بگرێت، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ تیمی مرۆیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، هاوبه‌شه‌ مرۆییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ به‌خشه‌ره‌كان.``

ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه له‌‌ ڕاپۆرتێكدا به‌ ناوی ``هه‌ڵسه‌نگاندنێكی گشتگیری پێویستییه‌كان بۆ شمه‌كه‌ ناخۆراكییه‌كان`` پوختكراونه‌ته‌وه‌. ڕاپۆرته‌كه‌ و زانیارییه‌كان له‌ كاتی داواكاریدا به‌رده‌ست ده‌بن.

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ له‌ عێراق:
ساندرا بلاك، ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ٠٧٥١٢٣٤٢٥٥٠ یان به‌ ئیمه‌یل ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌
لیانی گوگلیمێتی له‌ ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ له‌ڕێی ئیمه‌یلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.