سێ شەممە, 10 ئایار 2016 09:35

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان: هێزه‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كان پێویسته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئێستا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور و یاسا و دیموكراسی بكه‌ن

به‌غدا، ٩ی ئایاری ٢٠١٦:- له‌ رۆژی هه‌ینی ٦ی ئایاردا نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق یان كوبیش له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش تاوتوێی بارودۆخی عیراقی كرد.

له‌ وتاره‌كه‌یدا به‌ڕێز كوبیش باسی له‌ بارودۆخی سیاسی و ئاسایش و مرۆیی و مافی مرۆڤی وڵاتی كرد.

له‌مباره‌وه‌ به‌ڕێز كوبیش به‌ توندی هانی "حكومه‌تی عیراق و سه‌ركرده‌ سیاسی و ده‌ستوورییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی دا بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن له‌ گفتوگۆیه‌كی بنیاتنه‌ردا كه‌ نه‌ك هه‌ر ده‌بێته‌ مایه‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م چه‌قبه‌ستوویه‌ی ئێستا به‌ڵكوو ده‌بێته‌ هۆی ئاینده‌یه‌یه‌كی پرشه‌نگداریش بۆ خه‌ڵك كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ دواجار یه‌كڕیزیی سه‌ركرده‌كانیشی له‌ عیراقێكی یه‌كگرتوودا لێده‌كه‌وێته‌وه‌".

به‌گوێره‌ی وته‌كه‌ی به‌ڕێز كوبیشیش "هه‌رچه‌نده‌ پێشكه‌وتنی به‌رچاو له‌ شه‌ڕی داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) دا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ له‌گه‌ڵ جەخت کردنەوە لەسەر پته‌وكردنی كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و خۆئاماده‌كردن بۆ رزگاركردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ هێشتا هه‌ر له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و رێكخراوه‌دان، وه‌ك موسڵ بۆ نمونه‌، كه‌چی توندوتیژییه‌ تیرۆریستی و هێرشه‌كان، هه‌ر له‌ تۆپباران و كاری خۆته‌قاندنه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سوودوه‌رگرتن له‌ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی، رێژه‌یه‌كی زۆری قوربانییان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌".

هه‌روه‌ها به‌ڕێز كوبیش جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و راستییه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ "چه‌قخستنه‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی یه‌كڕیزی له‌ شه‌ڕی ئه‌وه‌ی به‌ ده‌و‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام ناوده‌برێت كاری هه‌ره‌ له‌پێشینه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌گه‌ڕخستنی یارمه‌تییه‌ جیهانییه‌كان بۆ سووككردنی قه‌یرانی سه‌ختی ئابوری و مرۆیی و هه‌روه‌ها بۆ گه‌شه‌دان به‌ سه‌قامگیركردن و گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كانیش".

وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی "كه‌ كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ به‌شدار بێت" و راگه‌یاندنی ئه‌وه‌ش كه‌ "تا ئێستا ته‌نها چواریه‌كی بڕی ٨٦١ ملیۆن دۆلاری داواكراو بۆ یارمه‌تی ژیاری دابینكراوه"، به‌ڕێز كوبیش وتی "پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ دابینكردنی سه‌رچاوه‌ دارایی و مرۆییه‌كان بۆ به‌هاناوه‌چوونی پێویستییه‌ له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌كانی كچان و ژنانی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان".

له‌گه‌ڵ خه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێویستبوونی سه‌رله‌نوێ كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و پێكهێنانی حكومه‌تێكی توانادار بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازیی راسته‌قینه، به‌ڕێز كوبیش وتی "قه‌یرانی سیاسی و پشێوی ته‌نها له‌ به‌رژه‌وندی دوژمنانی عیراقن و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ داعش". ‌

ئه‌و زیاتر وتی "پێویسته‌ هه‌موو پارته‌ سیاسییه‌كانی عیراق كار بۆ دۆزنیه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بكه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور و یاسا و دیموكراسی كه‌ بشتوانێ به‌ده‌نگ پێویستییه‌كانی خه‌ڵكه‌ و بچێت و كۆتاییش به‌ په‌رته‌وازه‌یی و په‌ككه‌وتنی په‌رله‌مان بهێنێت و ببێته‌ مایه‌ی به‌زوویی ئه‌نجامدانی چاكسازی و رێوشوێنه‌ دژه‌گه‌نده‌ڵییه‌كان و كاركردنی رێكوپێكی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تیش بێ هیچ ترس و تۆقاندنێك".

ئه‌و زیاتر وتی "له‌لایه‌كی تره‌وه‌، پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان پێكهاته‌ و كۆمه‌ڵگاكاندا ، به‌تایبه‌تیش له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا، كارێكی هه‌ره‌ به‌په‌له‌ی پێویسته‌".

له‌ كۆتاییدا به‌ڕێز كوبیش داوای بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی تایبه‌ت بۆ گه‌شه‌دان به‌ به‌شداریی ژنان له‌ بواری سیاسیدا، وه‌ك به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی، له‌ حكومه‌ت كرد.

بۆ ته‌واوی وتاره‌كه‌ تكایه‌ سه‌ردانی به‌سته‌ری http://bit.ly/1s7tRJr بكه‌.