دوو شەممە, 06 حوزەیران 2016 03:00

وێڕای پیرۆزبایی به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، بەڕێز یان كوبیش ‌: دڵمان له‌گه‌ڵ ئه‌و خێزانانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئازار و نه‌هامه‌تیدان

به‌غدا، ٦ی حوزه‌یرانی ٢٠١٦:- به‌ بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، بەڕێز یان كوبیش گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ موسڵمانانی عیراق ده‌كات.

به‌ڕێز كوبیش له‌مباره‌و وتی "له‌ راستیدا ئه‌مه‌ مانگی ئاشتی و به‌زه‌یی و سوز‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ كۆكردنه‌وه‌ی خێزانه‌كان‌ و یادكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی مه‌ینه‌تبار و كه‌مده‌رامه‌ته‌. له‌ مانگه‌ پیرۆزه‌دا دڵم له‌گه‌ڵ ئه‌و خێزانانه‌یه‌ كه‌ خۆشه‌ویسته‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌روه‌ها ئه‌و عیراقییانه‌ش كه‌ به‌هۆی توندوتیژییه‌كانه‌وه‌ برینداربوون له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌ده‌نییانه‌ش كه‌ توشی ئاواره‌یی هاتوون و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ شه‌ڕه‌كاندا یان گیریان خواردووه‌ و یانیش تا ئێستا هه‌ر ده‌سبه‌سه‌رن. له‌ راستیدا ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وان دۆخێكی دژواره‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ خێزانه‌كانیان ئه‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌ به‌ ئازار و دڵه‌ڕاوكێ به‌ڕێ ده‌كه‌ن".

به‌ڕێز كوبیش جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامبونی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌وكان كرده‌وه‌ له‌ كاركردنی شێلگیرانه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق و هاوبه‌شكاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و مرۆییدا له‌ پێناو گێڕانه‌وه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیری بۆ ئه‌م وڵاته‌ و سووككردنی هه‌ندێ له‌ ئازاره‌كانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی.

ئه‌و زیاتر وتی "ده‌با ئه‌م مانگه‌ ببێته‌ مایه‌ی یه‌كڕیزیی خه‌ڵكی وڵات له‌سه‌ر بنه‌ما نیشتمانییه‌كان و هه‌روه‌ها ببێته‌ مزگێنیهێنیش بۆ كۆتاییهێنان به‌ ناكۆكیی سیاسی و دروستبوونی عیراقێكی بێ شه‌ڕ و توندوتیژی كه‌ ساڵانێكه‌ به‌رۆكیان گرتووه‌".

به‌ڕێز كوبیش له‌ كۆتاییدا وتی "گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ موسڵمانانی عیراق و هه‌موو عیراقییه‌كان ده‌كه‌م و هیوادارم مانگه‌كه‌ به‌ ئاشتی و یه‌كگرتوویی به‌سه‌ر به‌رن. ره‌مه‌زانتان پیرۆز بێت".