یەک شەممە, 07 ئایار 2017 09:50

نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتا دیداری "عیراق: گەنج و پێکەوەژیان" لە بەغدا: هێزی عیراق لە هەمەڕەنگییەکەی دایە گرنگ

بەغدا، ٦ی ئایار ٢٠١٧- - بەهاکانی عیراقی هەمەڕەنگ وەک سەرچاوەی هێزی ئەم وڵاتە لە دیداری حەوتەمین و کۆتایی"عیراق: گەنج و پێکەوە ژیان" ئاماژەیان پێکرا. لە دواییدا کۆنفرانسێکی فراوان لە شاری بەغدا دەبەسترێت کە تیایدا بیروبۆچوونی ڕابەرە گەنجە عیراقییەکان دەخرێنە ڕوو دەربارەی چۆنیەتی گەشە پێدان و بەرەوپێش بردنی پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتیمانی.

دیداری پایتەختی عیراقی ١٢٠ گەنجی لەخۆگرتبوو - ٨٥ پیاو و ٣٥ ئافرەت - لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەددین و واسیت و سەرباری بەغداش هاتبوون. شێخ خالید ئەلیاوەر، نوێنەری کۆمسیۆنی ئاشتەوایی عیراقی و بەڕێز سوهەیب ئەلڕاوی، پارێزگاری ئەنبار، و بەڕێز مالیک خەلەف ئەلوادی، پارێزگاری واسیت، و خاتوو حەننا ئێدوار، سەرۆکی ڕێکخراوی ئەل ئەمەل ئامادەی دیدارەکە بوون. لە دەستپێکی دیدارەکەدا هەریەک لە بەڕێز جۆرجی بوستین، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردنەکان لە عیراق و بەڕێز ئەلڕاوی و بەڕێز ئەلوادی و خاتوو ئێدوار وتەیان پێشکەش کرد.

بەڕێز بوستین جەختی لەسەر گرنگیی ڕۆڵی گەنجان لە پرۆسەی سیاسی ئاشتەوایی نیشتیمانی کردەوە و دڵنیای کردنەوە کە دەنگیان دەبیسترێت و هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی دووپات کردەوە کە بەبێ بەشداری پێکردنی گەنجان پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتیمانی تەواو نابێت. پاشان بەڕێزیان باسی لە گرنگی هەمەڕەنگیی عیراق کرد و وەک سەرچاوەیەکی هێز ، نەک لاوازی، وەسفی کرد بە نموونە پارێزگاکانی بەغدا و واسیت و سەڵاحەددین و ئەنبار.

بەڕێز بوستین وتی: "ئەم پارێزگایانە ئەو هەمەڕەنگییە ئیتنی و ئایینیانەیان پاراستووە، هەرچەندە تیرۆرستان و تەکفیرییەکان زۆر هەوڵیاندا بیانکەنە یەک ڕەنگ."

لە درێژەی وتەکەیدا، بەڕێزیان وتی:" هێز لە هەمەڕەنگیی دایە نەک لە یەک ڕەنگیی. یەک ڕەنگی بریتییە لە خۆجیاکردنەوە و گۆشەگیری، بەڵام هەمەڕەنگیی بریتییە لە کرانەوە بەڕووی هەمووان. بۆ نموونە پارێزگای بەغدا، پارێزگایەکی نموونەییە بۆ ئەم هەمەڕەنگییە کە تیایدا هەموو گرووپە ئیتنی و ئایینی و لایەنەکانی عیراقی پێکەوە دەژین."

تا ئێستا سەدان گەنج لە تەمەنی نێوان ١٨ تا ٣٥ ساڵیی لە دیدارەکانی پێشتری سەرتاسەری عیراق بەشدارییان کردووە کە لەلایەن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی ئەل ئەمەلی عیراقیەوە ئەنجامدراون. دیداری بەغدا حەوتەمینە لە زنجیرە دیدارەکانی "عیراق: گەنج و پێکەوەژیان" کە لە سەرتاسەری عیراقدا ئەنجام دەدرێن بە مەبەستی پێدانی دەرفەت بە دەنگی گەنجان بۆ ئەوەی ڕۆڵی گرنگی خۆیان بگێڕن و بەشداربن لە داڕشتنی نەخشەڕێگای پێکەوە ژیانی ئاشتییانە لە عیراقی داهاتوودا. لە ڕێگەی ئەم جۆرە دیدارانە گەنجانی عیراق لە پاشخانە جۆراوجۆرەکانی ئیتنی و ئایینییەکان دەرفەتێکیان دەبێت بۆ ئەوەی بیروڕای خۆیان دەرببڕن و بەشداربن لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی قۆناغی دوای داعش و بەشدارییش لە پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتیمانی بکەن.

ئەو دیدارانەی لە سەرتاسەری عیراق یەکەم جار لە بەسڕە لە بەرواری ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ دەستیان پێکرد و زیاتر لە ١٢٠ بەشداربووی لە هەر چوار پارێزگاکانی بەسڕە و میسان و زیقاڕ و موسەننا لەخۆگرتبوو. دیداری دووەم لە هەولێر لە بەرواری ١٩ی شوباتدا ١٣٥ بەشداربوو لە پارێزگای نەینەوا ئامادەی بوون. دیداری سێیەم لە شاری نەجەف لە بەرواری ١٨ی ئادار ئەنجامدرا و ١١٥ بەشداربوو لە پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا و بابل و قادسییە ئامادەبوون. دیداری چوارەمیش لە بەرواری ٢٥ی ئادار لە پارێزگای دیالە ئەنجامدرا کە ٦٨ گەنج بەشداربوون. دیداری پێنجەمیش لە شاری سلێمانی لە بەرواری ٨ی نیسان بوو کە تیایدا ٨٠ گەنج لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە بەشدارییان تێدا کرد. دیداری شەشەم لە پارێزگای کەرکوک لە ٢٢ی نیسان ئەنجامدرا بە بەشداریی ١٠٩ گەنج. لە کۆتایی مانی ئایاریش کۆنفرانسێکی سەرتاسەریی لە شاری بەغدا ئەنجام دەدرێت و گەنجانی هەبژێردراو لەو دیدارانەدا ئامادەی دەبن بۆ ئەوەی پیشنیازەکانیان بگەیەنن بۆ پاڵپشتی کردن لە پرۆسەی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان.

هەروەک شێوازی هەموو کۆنفرانسەکانی تر، بەشداربووانی دیداری سلێمانی دابەش بوونە سەر چەند گرووپێک بۆ ئەوەی بە چڕوپڕی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە دەربارەی داهاتووی عیراق و چۆنیەتی بەشداربوونیان لەو داهاتووە. لە کۆتایی دیدارەکەدا، بەشداربووان گفتوگۆی وەڵامەکانیان کرد و چەند پێشنیازێکیان خستەڕوو.


****
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١