دوو شەممە, 26 تشرینی دووەم 2018 12:37

لێدوانی بەڕێز یان کوبیش دەستپێکردنی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری هەولێر، ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ (هەروەک ئامادەکرا بۆ پێشکەشکردن) گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

بەڕێز نێچیروان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەڕێز دادوەر بەنگیل قاسم، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری
بەڕێز کەریم سنجاری، وەزیری ناوەخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
خاتو پەخشان زەنگەنە، سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەڕێزان ئەندامانی پەڕلەمان و سەرۆک لیژنەکان و پارێزگاران و ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری
بەڕێزان نوێنەرانی ئایینی
بەڕێزان ئەندامانی لیژنە هاوبەشەکانی هێزی کار
بەڕێزان نوێنەرانی دیپلۆماتی
بەڕێزان ئوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی
میوانە بەڕێزەکان
هاوەڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان

من شەرەفمەندم کە ئەمڕۆ لێرە لە هەولێر ئامادەبم بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری لەژێر ناونیشانی "گوێت لەمنیش بێت"

حەزدەکەم وتەکەم بە کورتەیەک لە پەیامی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەست پێبکەم:

"توندوتیژی دژی ئافرەتان و کچان کێشەیەکی جیهانییە و سەرپێچییەکی ئەخلاقییە بەرامبەر هەموو ئافرەتان و کچان. پەڵەیەکی شەرمەزارییە لەسەر هەموو کۆمەڵگەکانمان و ڕێگریشە لەبەردەم بەرەوپێشچوونی گشتگر و واتادار و بەردەوام. لە چەقی بابەتەکەش، توندوتیژی دژی ئافرەتان و کچان هۆکاری نەبوونی ڕێزگرتنە و پابەندنەبوونی پیاوانە بۆ بەهەندوەرگرتنی یەکسانی و شکۆی ئافرەتان. کێشەیەکی گەورەیە لەبەردەم مافەکانی مرۆڤ.

ئەمساڵ کەمپینی جیهانیی (UNiTE)ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژی ئافرەتان و کچان تیشک دەخاتە سەر هاوکارییەکانمان بۆ رزگاربووان و پشتگیریمان لە سەرباسی "جیهان بە ڕەنگی پرتەقاڵی داپۆشە" هاشتاگی #گوێم لێبگرە، کە ڕەنگی پرتەقاڵی هێمای یەکڕەنگیی پشتگیریی نیشاندەدات. هاشتاگی #گوێم لێبگرە وا دانراوە کە پەیامێکی ڕوون بنێرێت بەوەی کە توندوتیژی دژی ئافرەتان و کچان دەبێ لە ئێستاوە کۆتایی پێبێت و ئێمەش هەموومان ڕۆڵی خۆمانی تێدا دەبینین."

بەشداربووانی بەڕێز

چەند مانگ و ساڵی داهاتوو پڕ ئاڵنگاری دەبێت بۆ هەردوو حکومەت – لەسەر ئاستی فیدڕالی و هەرێمی کوردستانیش، چونکە دەبێ مامەڵە لەگەڵ کاریگەرییە کارەساتبارەکانی تاوانە قێزەوەنەکانی داعشی تیرۆرستدا، کە بوونە هۆی تێکدانی ژیانی خەڵکێکی زۆر و بە تایبەتیش ئافرەتان. پێویستە هەردوو حکومەت دادپەروەری بۆ قوربانیان دەستەبەر بکەن و تاوانبارانیش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ئاشتەوایی سیاسیش دروستبکەن. پێویستە چاکسازی ڕیشەیی لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا ئەنجام بدەن بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵکی عیراق و هەرێمی کوردستان. لێرەوە پاراستنی ئافرەتان و کچان و دابینکردنی مافەکانیان و بەهێزترکردنیان لە هەموو کاتێکی تر گرنگترە.

بەشداربووانی بەڕێز

لەکاتێکدا هۆشیارکردنەوە دەربارەی بێزارکردن و توندوتیژی لەدژی ئافرەتان و کچان لە ڕابردوودا لە ڕێگەی میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و هەڵەمەتەکانی تەندروستی گشتی و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی زیادیکردبوو، چەندان ئافرەت لە سەرتاسەری وڵاتدا خۆیان کوشتووە بەو ٨٠ ئافرەتەی کە لە هەرێمی کوردستانیش ئەم ساڵ ڕاگەیەنرا. دامودەزگای پەیوەنددار ڕایانگەیاندووە کە ژمارەی کەیسەکانی توندوتیژی لە دژی ئافرەتان بە بەراورد لەگەڵ پار ساڵ زیادیکردووە، هۆکارەکەشی زیاتر لەبەر شکاندنی بێدەنگی بووە لەلایەن ئافرەتانەوە.

ئەگەرچی وشیاری دەربارەی توندوتیژی لەسەر بنەمای سێکسی و جێندەری زیاتربووە و هەوڵی گرنگ هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەڵام هێشتا ژمارەیەیەکی زۆری ئافرەتان و کچان و ژمارەیەکی کەمتری پیاوان و کوڕان ڕووبەڕووی پێشێلکاری مەترسیدار لەسەر مافەکانیان دەبنەوە. زووبەشودان و بەزۆر بەشودان هێشتا ماوە لە کامپەکانی ئاوارە نێوەخۆییەکانیش. نیگەرانییەکی زۆر هەیە لەمەڕ توندوتیژی خێزانی. توندوتیژی سێکسی پەیوەنددار بە جەنگ لە چوارچێوەی شەری دژی داعش هێشتا کێشەیەکی گەورەیە. لەگەڵ ئەوەشدا رزگاربووان هێشتا بەدبەختن بەهۆی پشتگوێخستنیان و نەبوونی سیاسەتێکی کارا و نەبوونی سەرچاوەی پێویست بۆ یارمەتیدانیان.

بەهەرحاڵ، تاڕاددەیەک بەرەوپێشچوون بەدیدەکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ئەحکامێکی لاداوە کە هێشتا لە یاسای سزادانی عیراقی بوونی هەیە کە ڕێگە دەدات بە سزادانێکی کەمتر بۆ کەیسی کوشتن بەهۆی پاراستنی شەرەفەوە. ڕێکخراوی UNFPA هێلێکی گەرمی (١١٩) دامەزراندووە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان کە سەر بە وەزارەتی ناوەخۆیە و یارمەتی رزگاربووانی توندوتیژی خێزانی دەدات و ڕۆژانە چەندان پەیوەندییان پێوەدەکرێت. یاسای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی سزای داناوە بۆ خەتەنەکردنی مێینە و گفتوگۆی بەردەوام هەیە بۆ نوێکردنەوەی ئەو یاسایە تاکو هاوتەریب بێت لەگەڵ ئاستی نێودەوڵەتی.
هاوبەشیکارانی مرۆیی هەوڵەکانیان چڕتر کردۆتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای سێکسی و جێندەری، و هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان و هاوکاریکردنی قوربانیان لە هەموو بوارەکانی پلانی هاوکاری مرۆیی پلانی سێیەمی هاوکاری. ڕێکخراوی UNHCR بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی تیمە گەڕۆک و جێگیرەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بۆ دابینکردنی هاوکاری گیانپارێزی بۆ قوربانیانی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری لە سەرتاسەری هەرێکی کوردستاندا بە ئافرەتان و کچانی ئاوارە سورییەکانیشەوە.

هاوەڵانمان لە ڕێکخراوی UNFPA لە سەرجەم ئەو ١٣٠ ناوەندەی ئافرەتان خزمەتگوزاری دابیندەکەن بە بەڕێوەبردنی کەیسەکان و هاوکاری سایکۆلیژیشەوە بۆ رزگاربووانی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری. سەرتاپای پرۆسەی هاوکاری سایکۆلۆژی و بەڕێوەبردنی کەیسەکان ئامانجیان دروستکردنەوەی متمانە بەخۆبوون و شکۆمەندی و باری دەروونییە کە ڕۆڵی گرنگییان لە دووبارە تێکەڵبوونەوە بۆ نێو کۆمەڵگادا هەیە.

دابینکردنی کارامەیی پێویست لە میانەی چاڵاکییە پیشەگەرێتییەکان هاوکاری ئافرەتان دەکات بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، هەتا ئەگەر لە شێوەیەکی سنوورداریش بێت، تاکو بتوانن خۆڕاگربن و سەربەخۆیی ئابوورییان هەبێت. هەندێک لە سەنتەرەکانی ئافرەتان ئافرەتان ڕەوانەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەکەن بۆ بەشداربوون لە خولی ڕاهێنانی چڕ کە لە کۆتایی ئەو ڕاهێنانەدا پاڵپشتی دارایی دەدرێت بە بەشداربووان.

بەشداربووانی بەڕێز

مایەی نیگەرانییە کە سەرکردە سیاسییەکان زۆرجار بە ئەنقەست ڕۆڵی ئافرەتان لە کۆمەڵگا و پێویستیی بەهێزترکردنیان و مامەڵەی هاوبەشیکاری یەکسانیان لەبیردەکەن. بۆ نمونە هێشتا لە کابینەی حکومەتی فیدڕالدا ئافرەت بوونی نیە، کە ئەمەش جێگەی نیگەرانی زۆر لەیەنە بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە. بەڕێز عادل عەبدولمەهدی ویستی خۆی دەربڕیوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە لە دەستنیشانکردنی وەیزەرەکانی ئەو وەزارەتانەی کە هێشتا پڕنەکراونەتەوە.

دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان، من دڵخۆشم کە دەبینم ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. من پشتگیری لە لایەنە سیاسییەکان دەکەم بۆ زیاترکردنی هەوڵەکانیان بۆ دڵنیابوون لە بەشداری کارایی یافرەتان لە پرۆسەکانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا. پەرلەمانی پێشوی هەرێمی کوردستان نمونەی زیندووی هەبوو کە توانیان یاساکانیان هەمواربکەنەوە بۆ ئەوەی یەکێک لە سکرتێرەکانی سەرۆکی پەرلەمان ئافرەت بێت. کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم زووانە پێکدەهێنرێت و هیوادارین کە چاندان ئافرەتی لێهاتوو و کارامە لە پۆستی وەزاری دابنرێن.

بەشداربووانی خۆشەویست

ئەمساڵ چەندان ئافرەتی ناسراو لە ناوچەی جیاجیای عیراق بێزارکراون و کوژراون بەهۆی ئەو ڕۆڵە چاڵاکەی گێڕاویانە لە ژیانی سیاسی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یانیش بەهۆی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ. ئێمە ئیدانەی توندوتیژی و ترساندن لەدژی ئافرەتانی چاڵاک لە ناوەندەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەکەین. تەنها ئەوکاتەی کە ئافرەتانی چاڵاک لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا پارێزراوبن ئەو کات عیراق دەتوانێت بڵێت پێشڤەچوونی باشی بەدەستهێناوە لە بواری یەکسانی و بەهێزکردنی ئافرەتان.

یونامی دەستخۆشی لە بڕیارەکەی حکومەتی فیدڕاڵی لە ٣١ی تشرینی یەکەم دەکات بۆ دروستکردنی لێژنەیەک بۆ لێکوڵینەوە لە کەیسەکانی بێزارکردنی سێکسی لە شوێنە گشتییەکان و دڵنیاکردنەوەی هێنانە بەردەم دادگای ئەو تاوانبارانەی کە ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن.

بەشداربووانی بەڕێز

لە دواییە یونامی هەڵسا بە دامەزراندنی گروپی ڕاوێژکاری ئافرەتان WAG بۆ خزمەتکردنی میکانیزمی بەشداریپێکردنی سیاسی و بۆ پشتگیری کردنی ئافرەتانی عیراقی و وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکانیان. چەندان ئاڵنگاریی هەن کە پێویستیان بە بەشداریپێکردنی کارایی سیاسیی هەیە لە سەر هەموو ئاستەکان. بەرنامەی کاری حکومەتەکەی سەرۆک وەزیران بەڕێز عادل عەبدولمەهدی کە لە ٢٥ی تشرینی یەکەم پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران کرا پانتایی و هەلی باشی تێدایە بۆ ئەم مەبەستە.

لە سەرەتای مانگی ئاب، جێگری تایبەتی من چاوی کەوت بە ئەندام پەڕلەمانە ئافرەتەکانی ئەنجومەنی نوێی نوێنەران و ڕەزامەندیان دەربڕی بۆ دامەزراندنی گروپێکی هەمەچەشنەی سیاسی بۆ ئافرەتان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەم گروپەش دڵنیایی دەدات بۆ یەکگرتوویی هەوڵی ئافرەتان بۆ دەرکردنی چەند یاسایەک بۆ بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و کچان و منداڵان.

ئێمە هەروەها بەردەوام دەبین بۆ پشتگیری کردنی هەردوو حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی چوارچێوەی کاری نیشتیمانی بە جێبەجێکردنی پلانی کاری نیشتیمانی لەسەر بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە. ئەم پرۆسەیە پشتگیری و گرنگی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە پشتە هەم لێرە و هەم لە نیویۆرکیش. بۆ یەکەمجارە خاتو سوزان عارفی هەماهەنگکار شان بەشانی من لە بەرواری ٨ی ئابی ٢٠١٨ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتی خۆی دا سەبارەت بە بەرەوپێشچوون و دەستکەوت ئاڵنگارییەکانی سەرخستنی بەرنامەی کاری ئافرەتان. منیش هەروەها دۆکومێنتێکم پیشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە لەلایەن چاڵاکوانانی ئافرەت و کۆمەلگەی مەدەنییەوە ئامادەکرابوو دەربارەی لایەنی جێندەری کە پێویستە لە بەرنامە و چاڵاکییەکانی حکومەتی داهاتوودا ڕەنگبدەنەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەمان شێوە پاڵپشی خۆی چڕتر دەکاتەوە بۆ حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانیان بۆ جەختکردنەوە لەسەر بەرنامەی دوورمەودا بۆ ئامادەکردنی ئافرەتان تاکو ببنە ئەندامی چاڵاکی گۆڕانکاری و چاکسازی و سەرکردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەوڵەکانی دووبارە بنیادنانەوە و گەشەپێدان بە داناندی بەرنامەی گەنجانیش بۆ ئامادەکردنیان تاکو بتوانن ببنە سەرکردەی داهاتوو.

نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی مافی ئافرەتان. هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق لە ژێر ڕۆشنایی ئەرکی پێسپێدراوی یونامی پابەندن بە هاوکاریکردنی ئافرەتانی عیراقی لە پەرەپێدان و پاراستنی ماف و ئامانجەکانیان لە چوارچێوەی پلانی نیشتیمانی و پەرەپێدانی ئافرەتان. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری زیاتری نێودەوڵاتی بۆ بۆ ئافرەتان دەستەبەردەکان لە ڕێگەی دامەزراندنی گروپی نێودەوڵەتی جێندەر کە لەنێوان باڵوێزخانەکانی وڵاتان لە بەغدا تازە دامەزراوە.

زۆر سوپاس بۆ گوێگرتنتان

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
دواترین دەستکاریکردن لەسەر دوو شەممە, 26 تشرینی دووەم 2018 12:42
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.