یەک شەممە, 10 شوبات 2019 13:34

كه‌ریمخانی راوێژكاری تایبه‌تی تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ لێپیچینه‌وه‌ له‌ تاوانەکانی داعش (یونیتاد) داوا لە هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات بۆ لەناوبردنی داعش (وه‌رگێڕانی نافه‌رمی)

٦ی شوباتی ٢٠١٩، واشنتۆن دی سی، وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا- له‌ دانیشتنی كردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ له‌ناوبردنی داعش، بەڕێز كه‌ریمخان، راوێژكاری تایبه‌تی تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ لێپیچینه‌وه‌ له‌ تاوانەکانی داعش (یونیتاد) وتارێك پێشكه‌ش ده‌كات.

به‌ڕێز خان كورته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ركی یونیتاد له‌ كۆكردنه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كانی رێكخراوای تیرۆریستی داعش‌ كه‌ ره‌نگه‌ بچنه‌ خانه‌ی تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژه‌ مرۆیی یان كۆمه‌ڵ كوژییه‌وه‌. ئه‌و له‌ وتاره‌كه‌یدا سوپاسی حكومه‌تی عیراقی كرد بۆ هه‌ماهه‌نگی و پشتگیرییه‌كانی و دانیشی به‌وه‌نا كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ داموده‌زگا په‌یوندداره‌كانی حكومه‌ت هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ كاركردنی رێكخراوه‌كه‌ی.



كۆبونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی له‌لایه‌ن مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاوه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا. له‌ وته‌ی ده‌سپێكیشدا، پۆمپیۆ سوپاسی یونیتادی كرد سه‌باره‌ت به‌ لێپێچینه‌وه‌ له تاوانەکانی‌ داعش له‌ عیراق.

له‌ وتاره‌كه‌ی كه‌ له‌و كۆبونه‌وه‌ پێشكه‌شی كرد‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق، به‌ڕێز موحه‌مه‌د عه‌لی ئه‌لحه‌كیم، ده‌ستخۆشی له‌ هه‌وڵه‌كانی یونیتاد كرد بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ی داعش كه‌ ره‌نگه‌ بچنه‌ خانه‌ی تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژه‌ مرۆیی یان كۆمه‌ڵ كوژییه‌وه‌ له‌ عیراق.

شایانی باسه‌، وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبلیش، نادیه‌ مورادی كچه‌ رزگاربووی ده‌ستی داعش له‌و كۆبونه‌وه‌ ئاماده‌ بوو. به‌ڕێز کەریمخان ئه‌و هه‌له‌ی بۆ سوپاسكردنی خاتو موراد قۆسته‌وه‌ بۆ كار و داكۆكیكردنه‌كانی له‌ قوربانیان. ئه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ یونیتاد لێبڕاوانه‌ درێژه‌ به‌ كاره‌كانی له‌گه‌ڵ رزگاربووان ده‌دات بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پایه‌ندییه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ لێپیچینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كان و ئه‌و تاوانه‌نه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ئه‌وان هاتووه‌ جێبه‌جێ ده‌كات. به‌ڕێز کەریمخان ئه‌و شێوازانه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ وڵاته‌كان ده‌توانن درێژه‌ به‌ پشتگیرییه‌كانی خۆیان بده‌ن بۆ كاره‌كانی یونیتاد وه‌ك دابینكردنی پشتگیریی دارایی و پشتگیریكردن له‌ كارمه‌ندانی ناوخۆیی و گواستنه‌وه‌ی كه‌ره‌سه‌ به‌ڵگه‌ییه‌كان.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، نێرده‌ی تایبه‌تی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر بۆ دژه‌تیرۆر و میانگیری، به‌ڕێز موتله‌ك ئه‌لقه‌حتانی، رایگه‌یاند كه‌ قه‌ته‌ر ئه‌مساڵ ئاماده‌یه‌ بۆ میوانداریكردنی كۆنفرانسێكی جیهانی به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی داعش وه‌ك ئه‌نجامده‌ری ئه‌م تاوانانه‌ ده‌ستنیشان بكرێت به‌گوێره‌ی بڕیاری ژماره‌ ٢٣٧٩ی ساڵی ٢٠١٧ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش.

هه‌روه‌ها، راوێژكاری تایبه‌ت سوپاسی قه‌ته‌ری كرد بۆ ئه‌م بانگهێشته‌ كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی پته‌وكردنی هه‌وڵه‌ هه‌مه‌لایه‌نییه‌كانی وڵاتانی ئه‌ندام و یونیتاد له‌ ناساندنی داعش وه‌ك به‌رپرسی سه‌ره‌كیی ئه‌م تاوانانه‌.

لای خۆشیه‌وه‌ "هاوپه‌یمانی" ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی شایسته‌ و په‌یڕه‌وكردنی سه‌روه‌ریی یاسادا به‌ڵگه‌كانی به‌تاوانبارناساندنی داعش مسۆگه‌ر ده‌كات.


تێبینی:

تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ لێپیچینه‌وه‌ له‌ تاوانەکانی داعش (یونیتاد) له‌رێگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ و پاراستنی و داكردنی به‌ڵگه‌كان له‌ عیراق و به‌گوێره‌ی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ گوێره‌ی بڕیاری ژماره‌ ٢٣٧٩ی ساڵی ٢٠١٧ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش دامه‌زراوه‌ بۆ پشتگیریكردن له‌ هه‌وڵه‌ ناوخۆییه‌كان بۆ ناساندنی داعش وه‌ك تاوانباری سه‌ره‌كی له‌ تاوانه‌كانی جه‌نگ و دژه‌مرۆیی و كۆمه‌ڵكوژی. ئه‌نجومه‌نی ئاسایش زیاتر ده‌سه‌ڵات به‌ راوێژكاری تایبه‌تی یونیتاد و سه‌رۆكی تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌دات بۆ گه‌شه‌دان به‌ لێپیچینه‌وه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بۆ تاوانه‌كانی داعش كه‌ ره‌نگه‌ بچنه‌ خانه‌ی تاوانی جه‌نگ و دژه‌ مرۆیی و كۆمه‌ڵكوژییه‌وه‌.

په‌یوه‌ندی:
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ ویڵ دیئاسێ مۆریس ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.