سێ شەممە, 07 ئایار 2019 02:58

نەتەوە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لە پاڵپشتی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق دەکات بۆ جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی گرنگ

بەغدا، عیراق، ٦ ئایاری ٢٠١٩ – نەتەوە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لە پاڵپشتی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق دەکات بۆ هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی کە مافە یاساییەکانی هەموو قوربانیانی توندوتیژی خێزانی دەپارێزێت و دەبێتە هۆی ڕێگەگرتن بەو تاوانە و نەهێشتنی داڵدەدانی تاوانکاران. داوا لە یاسادانەران کرا کە یاسایەکە بە پێی دەستوری عیراق دابڕێژن.

لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی بەڕێز بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق، لە بەرواری ٥ی ئایاری ٢٠١٩دا کۆبوونەوەیەکی پشتگیری لە ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆشکی کۆماری لەگەڵ کاربەدەستان ئەنجامدرا لەسەر پێویستی و گرنگیی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، خاتو سەرباخ ساڵح، خانمی یەکەمی عیراق، و د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، و د. ئیبتیسام عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی بەشی بەتواناکردنی ئافرەتان لە سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، و بەڕێز جۆن ویلکس، باڵوێزی بەریتانیا لە عیراق بە نوێنەرایەتی کۆمەڵگای کۆمەکبەخش، و دیپلۆماتکار و کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەبوون.

لە میانەی وتەیەکیدا بۆ ئامادەبووان، خاتو جینین هێنیس-پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، دەستخۆشی لە دەسەڵاتدارانی حکومەت کرد بۆ پشتگیریکردن لە یاساکە و بۆ ئەنجامدانی ڕاوێژ بە مەبەستی پتەوکردنی بابەتەکە بە بەشداریپێکردنی بیروبۆچوونی زۆرترین لایەن.

خاتو هێنیس-پلاسخارت وتی: "ئێمە پشتگیری لە یاساکە دەکەین کە لەگەڵ بنەما و ستاندەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ یەکدەگرێتەوە و هاوتەریبە لەگەڵ دەستوری عیراقی کە هەموو جۆرە توندوتیژییەک و خراپەکاریەک لە نێو خێزان قەدەغە دەکات." ئەو خاتونە ئاماژەی بەوەکرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە بۆ دابینکردنی یارمەتی تەکنیکی بۆ ڕەشنوسی یاسایەک بە پێی دەستووری عیراقی کە هەموو بەرکەوتەکان بپارێزێت.

****

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.