یەک شەممە, 30 حوزەیران 2019 11:02

هاوكاریی زیاتر له‌ نێوان خانه‌واده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵی راوێژكاریی ژنان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی پرسی ژن

به‌غدا، ٢٧ی حوزه‌یرانی ٢٠١٩- خاتو مارتا روداس، جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، و نوێنه‌رانی ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و فه‌ند و به‌رنامه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی راوێژكاریی ژنان تاوتوێی هاوكارییان كرد بۆ به‌ره‌وپێشبردنی پرسه‌كانی ژنان له‌ عیراقدا. ئه‌وان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌و ئاڵنكارییانه‌ كرده‌وه‌ كه‌ روبه‌رووی ژنان ده‌بنه‌وه‌ و هه‌روه‌ها رۆڵی ژنانیش له‌ بواری سیاسیی و ئابووری و كۆمه‌ڵگایی وڵاتدا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌گه‌ڵ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ چه‌ند گرفتێكی تایبه‌تیی ژنه‌ ئاواره‌كانیش له‌ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار و به‌رده‌ستخستنی به‌ڵگه‌ مه‌ده‌نییه‌كاندا به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ وتاره‌كه‌یدا، خاتو روداس، كه‌ هاوكات هه‌ماهه‌نگسازی نشینگه‌ و مرۆییشه‌، داوای له‌ "كۆمه‌ڵی راوێژكاریی ژنان" كرد بۆ پێشه‌نگیكردنی هه‌وڵه‌كان بۆ گۆڕانكاریی له‌ كه‌لتور له‌ پێناو به‌تواناكردنی ژناندا. وێڕای به‌ زه‌قی باسكردنی پشتگیریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش بۆ هه‌موو ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ی كه‌ ئاوڕ له‌ نایه‌كسانیی جێنده‌ریی ده‌ده‌نه‌وه‌، خاتو روێداس وتی كه‌ سه‌ره‌ڕای گیروگرفته‌ سه‌خته‌كان كه‌ روبه‌رووی ژنان ده‌بنه‌وه‌ له‌ عیراق، چه‌ندان هه‌لیش بۆ به‌شداریپێكردنی زیاتری ژنان له‌ داموده‌زگاكاندا له‌ ئارادان. ئه‌و زیاتر وتی "من به‌ توندی داوا له‌ ئێوه‌ ده‌كه‌م بۆ دۆزینه‌وه‌ی شێوازی داهێنه‌رانه‌ بۆ به‌شداربوونتان له‌م پێكهاته‌ ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا له‌ پێناو گه‌شه‌دان به‌ بیروبۆچوونه‌ سیاسییه‌ك‌ كه‌ بتوانێت ده‌نگی ژنان بگه‌یه‌نێت و ببێته‌ مایه‌ی به‌شداریشیان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌جۆراوجۆره‌كاندا." ئه‌و خاتوونه‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌بووان كۆك بوو له‌سه‌ر نیگه‌رانییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ درێژه‌كێشانی به‌شداریی ناته‌واوی ژنان له‌ پله‌كانی سه‌ركردایه‌تیدا.

خاتو روداس ده‌ستخۆشی له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی "كۆمه‌ڵی راوێژكاریی ژنان" كرد و باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ تیمی وڵاتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان خوازیاره‌ كه‌ سوود له‌ دید و ئه‌زموون و زانیاریی ئه‌وان وه‌رگرێت. ئه‌و زیاتر وتی كه‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان و به‌شی جێنده‌ری یونامی به‌ چڕی كار له‌سه‌ر پشتگیریی هه‌وڵه‌كانیان ده‌كه‌ن‌.

كۆمه‌ڵی راوێژكاریی ژنان له‌ عیراق له‌ كانونی دووه‌می ٢٠١٨ دامه‌زرا و له‌ كانونی دووه‌می ٢٠١٩ ش به‌ فه‌رمی راگه‌یه‌ندرا. كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ ٢٠ ژنه‌ سه‌ركرده‌ی عیراقی پێك دێت له‌ پارێزگا جۆراوجۆره‌كاندا له‌ بواره‌كانی سیاسی و ئه‌كادیمی و راگه‌یاندن و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا. له‌سه‌ره‌تادا، "كۆمه‌ڵ"ه‌كه‌ وه‌ك لۆبییه‌ك دامه‌زرا بۆ باشتر نوێنه‌رایه‌تیكردنی ژنان له‌ بواری ئاشته‌وایی و پرۆسه‌ی سیاسیدا و هه‌ر له‌و كاته‌شه‌وه‌ داكۆكیی خۆی په‌ره‌ پێدا بۆ گرتنه‌خۆی پرسی زیاتری ژنان له‌ ئاشتی و ئارامیدا.


بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.