دوو شەممە, 01 تەمموز 2019 16:37

راگه‌یاندنی رۆژنامه‌وانیی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عیراق و كوێت

له‌ رۆژانی ٢٨ و ٢٩ی حوزه‌یراندا، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ هه‌نگاوێك كه‌ هاوبه‌شانه‌ له‌لایه‌ن وڵاتی كوێت و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا سه‌ردانی هه‌ردوو وڵاتی كوێت و عیراقیان كرد. ئه‌و ئه‌ندامانه‌ سوپاسی حكومه‌تی عیراق و كوێت و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیان كرد بۆ راییكردنی سه‌ردانه‌كه‌یان.

ئه‌وان تێبینی ئه‌وه‌شیان كرد كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ نیشانده‌ری پشتگیرییانه‌ بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی به‌رده‌وامیی عیراق له‌ قۆناغی دوای شه‌ڕ و هه‌روها بۆ هه‌وڵه‌كانی سه‌قامگیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ئاشته‌واییش له‌ پێناو دابینكردنی داواكاریی عیراقییه‌كان له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌شیان له‌سه‌ر گرنگیی شكۆ و یه‌كڕیزی و سه‌روه‌ریی خاك و ئاسایشی عیراقیش.

له‌ ٢٨ی حوزه‌یراندا ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئه‌نجومه‌ن له‌ كوێت له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌، به‌ڕێز شێخ سه‌باح خالید ئه‌لحه‌مه‌د ئه‌لسه‌باح كۆبوونه‌وه‌. ئه‌وان ده‌ستخۆشییان له‌ په‌یوندیی پته‌وی نێوان عیراق و كوێت كرد و سوپاسی حكومه‌تی كوێتیشیان كرد بۆ پشتگیریی به‌رده‌وامی له‌ هه‌وڵه‌كانی عیراق له‌ دابینكردنی سه‌قامگیری و خوشگوزه‌رانی.

هه‌روه‌ها ئه‌وان له‌گه‌ڵ جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، خاتو ئالیس وۆلپۆڵ و به‌رپرسی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك سه‌رۆكی "مێكانیزمی سێلایه‌ن"، ئۆمار ئۆدێ، كۆبوونه‌وه‌. ئه‌وان سوپاسی هه‌ردوو رێكخراوه‌كه‌یان كرد بۆ ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره‌ ٢١٠٧ (٢٠١٣) ده‌یگێڕن له‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ بێسه‌روشوێنانی كوێت‌ و هاوڵاتیانی وڵاتی سێهه‌م و گێڕانه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی كوێته‌وه،‌ به‌گرتنه‌خۆی ئه‌رشیفی نیشتمانیشه‌وه،‌ له‌گه‌ڵ داواكردنیان له‌م دوو رێكخراوه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ هه‌وڵه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه‌.

ئه‌وان ده‌ستخۆشیان له‌ راگه‌یاندنی هاوبه‌شانه‌ی ١٩ی حوزه‌یرانی "میكانیزمی سێلایه‌ن"ه‌ كرد سه‌باره‌ت به‌ دۆزینه‌وه‌ی چه‌ند ئێسك و پروسكێك له‌ پارێزگای موسه‌ننای عیراق دوای هه‌وڵێكی هاوبه‌شانه‌ی هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و كوێت كه‌ ره‌نگه‌ هاوڵاتی كوێت بن له‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و دیلی جه‌نگ ‌.

ئه‌وان هه‌روه‌ها چاویان بە بەڕێز غه‌سسان خۆجه‌، نوێنه‌ری بانكی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌وت و جه‌ختیشیان له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگیی چالاكانه‌ی كۆمه‌كبه‌خشانی هه‌رێمی و جیهانی كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی به‌دواداچوونی كاریگه‌رانه‌ش‌ بۆ به‌ڵێنه‌ جیهانییه‌كان به‌ عیراق به‌گرتنه‌خۆی كۆنفرانسی كوێتی جیهانی سه‌باره‌ت به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق كه‌ هاوبه‌شانه‌ له‌لایه‌ن كوێت و عیراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وروپا و بانكی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا و سوپاسی هه‌وڵه‌كانی ئه‌وانیشیان كرد بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ پێناو دابینكردنی پێویستییه‌كانی عیراقییه‌كاندا.

له‌ ٢٩ی حوزه‌یرانیش، ئه‌وان چاویان به‌ به‌ڕێز به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق، و بەڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیران، و بەڕێز محه‌ممه‌د عه‌لی ئه‌لحاكم، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌، و بەڕێز محه‌ممه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، و نوێنه‌رانی قه‌واره‌ سیاسییه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رێكخراوە ناحكومییه‌كان كه‌وت.

ئه‌وان ده‌ستخۆشیان له‌ په‌رسه‌ندنی ئه‌مدواییه‌ی پابه‌ندبوونی ته‌واوی حكومه‌تی عیراق كرد به‌ پڕكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی داد و به‌رگری و ناوخۆ كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كیه‌تی نیشتمانی و شكۆ و سه‌ربه‌خۆیی عیراق پته‌وتر ده‌كات. ئه‌وان جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی ئه‌وه‌ش‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی عیراق پێویسته‌ رێز له‌و به‌هایانه‌ بگرێت كه‌ له‌‌ ده‌ستوری عیراقدا هاتوون و به‌ده‌م پێویستییه‌كانی هه‌موو عیراقییه‌كانیشه‌وه‌ بچێت له‌ ژنان و منداڵان و ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان و هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان.

ئه‌وان تاوتوێی ئه‌و هه‌وڵانه‌شیان كرد كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی "به‌رنامه‌ی نیشتمانی حكومه‌ت بۆ ٢٠١٨-٢٠٢٠ " ده‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌هێزكردنی داموده‌زگاكانیش بگرێته‌وه‌. ئه‌وان ده‌ستخۆشیان له‌ هه‌نگاوه‌كانی عیراقیش كرد بۆ گه‌شه‌دان به‌ په‌یوه‌ندیی دراوسێتی و دابینكردنی سه‌قامگیریی هه‌رێمیی زیاتر.

ئه‌وان هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشیان له‌ به‌شداربوونی به‌رده‌وامی هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان به‌ گوێره‌ی ده‌ستووری عیراق له‌گه‌ڵ ده‌ستخۆشیشیان له‌ هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی ته‌واوی كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌وان هه‌ستیان به‌و ئاڵنگارییانه‌ كرد كه‌ له‌ قۆناغی گواستنه‌وه‌یدا به‌ره‌و كه‌شوهه‌وای دوای شه‌ڕ روبه‌رووی عیراق ده‌بنه‌وه‌ به دابینكردنی خزمه‌ته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانیشه‌وه‌. ئه‌وان جه‌ختیان له‌سه‌ر چاكسازیی ئابووری و هێنانی وه‌به‌رهێنان بۆ وڵات و یه‌كخستنی ئابووریی هه‌رێمی كرده‌وه‌ له‌ پێناو باشتر ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ خۆزگه‌ و نێگه‌رانییه‌كان خه‌ڵكی عیراق. ئه‌وان ده‌ستخۆشیان له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراقیش كرد له‌ روبه‌رووبونه‌وه‌ی تیرۆر به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌رێمی و ناوخۆییه‌كان و جه‌ختیان له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگیی زیاتریش كرده‌وه‌.

ئه‌وان هه‌روه‌ها تاوتوێی دۆخی مرۆیی عیراقیشیان كرد و جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی گه‌ڕانه‌وه‌ی رێكوپێك و پڕشكۆ و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی هه‌موو ئاواره‌ ناوخۆییه‌كانیش كرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووه‌ به‌و ناوچانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌ده‌ست داعش رزگار كراون.

ئه‌وان پشتگیری یونامی و سه‌رۆكه‌كه‌ی، خاتو جینین‌ هێنیس پلاسخارتیان دووپات كرده‌وه‌ له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌ركی پێسپێردراو به‌گوێره‌ی بڕیاری ژماره‌ ٢٤٧٠ (٢٠١٩) بۆ پشتگیریكردن و یارمه‌تیدانی حكومه‌تی عیراق بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نێوان چه‌ندان شتی تردا گه‌شه‌ به‌ گفتوگۆی سیاسیی هه‌مه‌لایه‌ن و ئاشته‌وایی نیشتمانی و كۆمه‌ڵگایی و هاوكاریی هه‌رێمی و چاكسازیی كه‌رتی ئاسایش و كه‌رتی داد و یاسا بدات.

ئه‌وان جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی و پشتگیریكردنی هه‌وڵه‌كانی "تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان(یونیتاد) بۆ گه‌شه‌دان به‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش"كرده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌ریم خانی راوێژكاری تایبه‌ته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ و پاراستن و هه‌ڵگرتنی به‌ڵگه‌كانه‌وه‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ داعش بكرێت له‌و تاوانانه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ به‌ تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژه‌ مرۆیی و كۆمه‌ڵكوژی هه‌ژمار بكرێن له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كردنیشیان به‌وه‌ی كه‌ "یونیتاد" پێویسته‌ كار بكات به‌ ڕێزگرتنی ته‌واو له‌ سه‌ربه‌خۆیی عیراق و دیده‌ یاساییه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌و تاوانانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر خاكه‌كه‌یدا ئه‌نجام دراون. ئه‌وان هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نی"یونیتاد"یش كرده‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌ پێسپێردراوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌شیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ پێویسته‌ دڵنیا بێت له‌وه‌ی كه‌ ئه‌ندامه‌ عیراقییه‌كان سوودیان له‌ ئه‌زموونی جیهانی سه‌باره‌ت به‌ "تیم"ه‌كه‌ وه‌رگرتووه‌ و پێویسته‌ ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵیش بده‌ن بۆ هاوبه‌شكردنی زانیاری و یارمه‌تی ته‌كنیكی له‌گه‌ڵ عیراقییه‌كاندا.

ئه‌وان هه‌روه‌ها پشتگیری خۆشیان بۆ كاری تیمی عیراقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان‌ دووپات كرده‌وه‌ له‌ یارمه‌تیدانی عیراق و خه‌ڵكه‌كه‌ی.

٣٠ی حوزه‌یرانی ٢٠١٩

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.