یەک شەممە, 04 ئاب 2019 15:36

لە پێنجەمین ساڵیادی تاوانە قێزەوەنەکانی داعش، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی شەنگال دەکات و ستایشی ئازایی ئێزیدییەکان دەکات و تیشکیش دەخاتە سەر بەردەوامی نەهامەتییەکان و دووبارەش داوای ئیدارەیەکی یەکگرتوو و پەیکەرییەتێکی سەقامگیری ئاسایش دەکات

شەنگال، عیراق، ٤ی ئابی ٢٠١٩ – جەنین هێنیس-پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، لە پێنجەمین ساڵیادی تاوانە قێزەوەنەکانی داعش کە دژ بە پێکهاتەی ئێزیدی لە عێراق ئەنجامی دابوو، سەردانی شەنگالی کرد، لە میانەی سەردانەکەیدا ستایشی ئازایەتی ڕزگاربووانی کرد و تیشکیشی خستە سەر بەردەوامی نەهامەتی ئێزیدییەکان و دووبارەش داوای کردەی خێرا و دەستبەجێی کرد بۆ مسۆگەرکردنی ئیدارەیەکی سەقامگیر و ئاسایشێکی بەرقەرار.

لەسەردانەکانیدا بۆ لای سەرکردە ڕۆحانی و سیاسی و لۆکاڵییەکان و هەروەها لە ساڵیادی ئەم تاوانە قێزەوەنە لە بەغداو دهۆک بە جیا لە سێ رۆژی رابردوودا ، نوێنەری تایبەت چەندین جار دووپاتی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەرگیز ئەمەی لە بیر ناچێت و کاتی ئەوەش هاتووە ڕزگاربووان، کە ئێمە سڵاو بۆ ئازایەتییان دەنێرین، دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و دووبارە ژیانیان بە ئارامی و شکۆمەندی نونیات بنێنەوە .

لە درێژەی قسەکانیدا نوێنەری تایبەت وتی" دوێنێ جارێکی تر سەردانی شەنگالم کرد بە گوندی کۆجۆشەوە، بەڵێ، ئاسه‌واری ئه‌و وێرانكارییه له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌،‌ تا ئێستاش به‌ زه‌قی دیاره، به‌ بەردەوام ناخی من ده‌هه‌ژێنێت. من له‌و سه‌ردانه‌دا دەرفەتی قسه‌كردنم له‌گه‌ڵ چه‌ند رزگاربوویه‌ك بۆ ره‌خسا. ئه‌وان هه‌ست به‌ په‌راوێز بوون و تەنیایی و پێشتگوێخستن ده‌كه‌ن و له‌ راستیشدا پێده‌چێت وابێت. هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌وان عیراق به‌ نیشتمانی خۆیان ده‌زانن به‌ڵام پرسیاری ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ كه‌ ئاخۆ ده‌سه‌ڵاتداران - لە هەولێر و بەغدا - به‌ڕاستی ئه‌وان به‌ عیراقی هه‌ژمار ده‌كه‌ن یان نا. له‌كاتێكدا كۆژانه‌كانیان دوای چه‌ندان ساڵ له‌ رزگاركردنه‌وه‌ی شه‌نگاڵ تا ئێستاش هه‌ر درێژه‌یان هه‌یە."

لە گوندی کۆجۆش، خاتوو هێنیس-پلاسخارت چاوی بە چەند بەرپرسێکی ناوچەکە کەوت و بیسەری گێڕانەوەی چەند ڕزگاربوویەکی ژن و پیاو بوو کە بە چاوی پڕ بە فرمێسکەوە مەینەتییەکانی خۆیان دەگێڕایەوە و داوای یارمەتییان دەکرد بۆدۆزینەوەی خۆشەویستە ونبووەکانیان. پێش رۆشتنیشی بۆ ناو گوندەکە بۆ وەستان و تێڕامان لە شوێنی گۆڕێکی بە کۆمەڵ، سەردانی پێشانگایەکی هونەریی کرد کە چەند هونەرمەندێکی عێراقی وەکو هاوسۆزییەک بۆ هاونیشتمانە ئێزیدییەکان سازیان کرد بوو. دواتریش نوێنەری تایبەت سەردانی گوندی سۆلاغی کرد و قەواڵەی نیشتەجێبوونی ئەو خانووانەی هابیتات دووبارە دروستی کردبوونەوە بەخشیە ئەو خانەوادانەی تێیدا نیشتەجێن.

داڕمانی خانووەکان لە شەنگال و هەروەها نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمی خاوەندارێتی و بەکاربردن سەرەکیترین بەربەستن لە بەردەم گەڕانەوەی خۆویست و شکۆمەند و بەردەوامی ئاوارەکان. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێکخراوی هابیتات زیاتر لە ١٢٠٠ خانووی دووبارە شیاندۆتەوە و نزیکەی ٢٨٠٠ قەواڵەی نیشتەجێبوونیشی بەخشیووە.

بەردوامی نەهامەتییەکان لە شەنگال دوای چەندین ساڵ لە ئازدکردنەوەی، پاڵنەر بوون بۆ ئەوەی خاتوو هێنیس-پلاسخارت جارێکی تر سەردانی ئەم ناوچەیە بکاتەوە لە باکووری عێراق. دووبارەش داوای کردەی خێرا و دەستبەجێی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ئاسایش و ئارامی و بەڕێوەبردن بە مسۆگەرکردنی هاتنی یارمەتی مرۆیی بێبەربەست بۆ گەڕنەوەیەکی ئارام و شکۆمەندی ئاوارەکان. هەروەها وتیشی" من به‌گیانی كرانه‌وه‌ و هه‌ستكردن به‌ باشتركردنی ژیانی خه‌ڵكه‌ به‌ركه‌وتووه‌كان ئه‌م پرسیارانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌كه‌م: بۆ تا ئێستا دوای چه‌ندان ساڵ له‌ رزگاركردنه‌وه‌ به‌ڕێوه‌بردن و ئاسایشی سەقامگیرمان نییە له‌ شه‌نگال‌؟ بۆ تائێستا چه‌ندان ده‌زگای ئاسایش هه‌ن؟ بۆ كاری مرۆیی تا ئێستاش به‌ربه‌ستی بۆ دروست ده‌كرێت و سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌؟ ئه‌رێ بۆ تائێستا ئیداره‌یه‌كی یه‌كگرتوو نییه‌؟

لە رۆژی یەکشەمە، ٤ی ئاب، نوێنەری تایبەت کۆتایی بە چەند وشەیەک کۆتایی بە سەردانەکەی هێناو وتی به‌و په‌ڕی دڵسۆزییه‌وه‌ هیوای دووپاتكردنه‌وی پابه‌ندییه‌كانمان ده‌خوازم بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی و دابینكردنی ئاینده‌یه‌كی شایسته‌ بۆ هه‌موو به‌ركه‌وتووان كه‌ ببێته‌ مایه‌ی ئاسووده‌ییان.

****************

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس ‌ ‌ به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.