لە سەکۆیکارەکەی نەینەوا، گروپێک کە پێکهاتبوون لە ١٥ پیاوی گەنج و ١٣ ئافرەتی گەنج لە پێکهاتەی جیاجیاکانی پارێزگاکە تاوتوێی ئەو گیروگرفتانەیان کرد کە خۆیان دەستنیشانیان کردبوو و بە گرنگیان دەزانی بۆ گەنجان لە چوارچێوەی پارێزگاکەیان. ئەو گیروگرفتانەش بریتیبوون لە بێکاریی گەنجان و کێشەی زەوی وزار و کێشەی کەرتی تەندروستی و کەسە ونبووەکان. سەرباری ئەمانەش، ئەوان هەروەها تاوتوێی بەشداری گەنجانیان لە دروستکردنی بڕیار و بیرۆکەی دامەزراندنی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی گەنجانیان لە پارێزگاکە کرد. لە کۆتا ڕۆژی سەکۆیکارەکە بەڕێز حەسەن لهێبی، جێگری پارێزگاری نەینەوا، و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواش ئامادەبوون و بەشدارییان لە دیالۆگێکی ڕاشکاوانە سەبارەت بە کێشەکان لەگەڵ بەشداربووان کرد.
لە لێدوانێکی بۆ بەشداربووان، بەڕێز مانوج ماتیو، بەڕێوەبەری نوسینگەی کاروباری سیاسیی یونامی، وتی: " پێویستە گفتوگۆی گشتگر و ڕاشکاوانە لە نێوان کۆمەڵگاکاندا هەبێت بۆ تیشک خستنەسەر دەستکەوتەکانی ڕابردوو و بنیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ عیراق. ئەمەش بەبێ بەشداری سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری گەنجان بەدی نایێت و هەروەها بەشداری پێکردنیان لە هەوڵەکانی پێکەوەژیاندا دەبێتە پردێک لە نێوان جیاوازییەکاندا و خەمەکان دەڕەوێنێتەوە."
لە سەکۆیکارەکەی دهۆکیشدا، گروپێک کە پێکهاتبوون لە ١٤ پیاوی گەنج و ١٣ ئافرەتی گەنج لە پێکهاتەی جیاجیاکانی پارێزگاکە تاوتوێی پێکەوەژیانی ئاشتییانەیان لە نێوان پێکهاتە عیراقییەکان و نەهێشتنی لێدوانی توندوتیژی نێوان هۆزەکان و گروپە ئایینەیەکان لە پارێزگاکە کرد. لە ئەنجامدا، پێشنیازی دامەزراندنی لیژنەی پێکەوەژیانیان لە پارێزگای دهۆکدا کرد. هەروەها تاوتوێی بەشداری پێکردنی گەنجانیان لە حکومەت و کێشەی بێکاریی و کەموکوڕییەکانی یاسای کار و پشتگیریکردن لە وەبەرهێنان و پڕۆژەی بچوکدا کرد. لە کۆتا ڕۆژیش لە بەرواری ٣١ی ئابدا، کاربەدەستانی لۆکاڵی بە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی پەڕلەمانی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکەشەوە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد.
بەڕێز ماتیو لە کۆتا ڕۆژی سەکۆیکارەکەی دهۆکدا وتی: هەروەک چۆن لە شوێنەکانی تری دونیادا هەستی پێدەکرێت، ئەو ووزە پاڵنەرەی کە گەنجان دەتوانن بیخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی گرفتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان نابێ بە چاوێکی کەم سەیر بکرێت."
ئەو چاڵاکییانە هاوتەریبن لەگەڵ ئەرکی پێسپێردراوی یونامی بۆ پاڵپشتی کردنی گەنجان و بەشدارییە گرنگەکانیان لە ژیانی گشتی عیراقدا. سەکۆیکاری هاوشێوەش بەم دواییە لە پارێزگاکانی ئەنبار و بابل و بەسڕە و کەربەلا و واسیت و نەجەف و سلێمانی ئەنجامدران.
****
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه پهیوهندی بكهن به بهرپرسی نوسینگهی راگهیاندن و تهبێژی (یونامی) بهڕێز سهمیر غهتاس به ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به ژماره تهلهفۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١