دوو شەممە, 30 ئەیلول 2019 09:13

یونامی ده‌سخۆشی له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراق ده‌كات بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری

به‌غدا، ٢٩ی ئه‌یلولی ٢٠١٩:- به‌بۆنه‌ی رۆژی ئیسلامی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان، نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق (یونامی) ده‌سخۆش له‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراق ده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری به‌ گرتنه‌خۆی توندوتیژیی خێزانیشه‌وه‌ و پشتگیریی به‌رده‌وامی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووكانیشی بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌.

له‌ چالاكیه‌ك كه‌ له‌ به‌غدا كه‌ له‌ژێر چاودێریی به‌ڕێز سه‌ماحه‌تی عه‌مار ئه‌لحه‌كیمدا ئه‌نجامدرا، خاتو ئالیس وۆلپۆل، جێگری نوێنه‌ر تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، باسی له‌ به‌شداربوونی بنیاتنه‌رانه‌ی عیراق كرد له‌گه‌ڵ "لێژنه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ قه‌ڵاچۆكردنی هه‌موو شێوازه‌كانی جیاكاری دژی ژنان" كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پابه‌ندییه‌كانی عیراقیش سه‌باره‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جیاكاری له‌ شێوازی توندوتیژیدا ده‌گرێته‌وه‌.

ئه‌و به‌تایبه‌تی ده‌سخۆشی له‌ هه‌وڵه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی هه‌ردوو نوسینگه‌ی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران كرد بۆ پشتگیرییان له‌ په‌ره‌دان به‌ "یاسای دژه‌ توندوتیژیی خێزانی" به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عیراق كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی پاراستنی مافی رزگاربووان و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ مه‌ترسیی توندوتیژیی خێزانیدان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌به‌ركردنی چاره‌سه‌ری یاسایی كاریگه‌ریش بۆیان و كاركردن بۆ نه‌هێشتنی له‌سزابه‌ده‌ریش بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌م جۆره‌ پێشێلكارییانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ئه‌و هه‌روه‌ها وتی "نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق درێژه‌ به‌ پشتگیرییه‌كانی خۆی بۆ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراق ده‌دا له‌ پاراستن و گه‌شه‌دان به‌ مافه‌كانی ژنان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی له‌ هه‌موو شێوازه‌كانی توندوتیژی رزگاریان بێت و ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجێكیش كه‌ تێیدا ژنان و كچان ئه‌وه‌نده‌ به‌ ته‌واوی به‌توانابكرێن كه‌ بتوانن له‌ ماف و ئازادییه‌كان به‌هره‌مه‌ند ببن."


****
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی راگه‌یاندن و ته‌بێژی (یونامی) به‌ڕێز سه‌میر غه‌تاس به‌ ئیمێلی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش به‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.