ئەم پەڕەیە چاپ بکە
یەک شەممە, 20 تەمموز 2014 03:00

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان یارمه‌تی به‌په‌له‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ خێزانه‌ ئاواره‌كانی موسڵ

به‌غداد، ٢٠ی ته‌موزی ٢٠١٤:- دوابه‌دوای بڵاوبونه‌وه‌ی راپۆرته‌كان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ره‌شه‌كردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی راسته‌وخۆی  داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) و گروپه‌ وابه‌سته‌كانی،  نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكۆلای ملادینۆڤ به‌توندی چه‌وساندنه‌وه‌ی كه‌مینه‌ ئاینییه‌كانی‌ موسڵ و پارێزگای نه‌ینه‌وا ، به‌ مه‌سیحی و شیعه‌ و شه‌به‌ك و توركمان و ئێزیدیشه‌وه،‌ له‌قاو ده‌دات و شه‌رمه‌زاری ده‌كات.

 

وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ "نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان یارمه‌تی ئه‌م خێزانه‌ ئاورانه‌ ده‌دات  له‌هه‌ر شوێنێك بن"، به‌ڕێز ملادینۆڤ وتی "نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان پابه‌ندیی خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌هاناوه‌چوونی به‌په‌له‌ بۆ ئه‌م ئاواره‌بوونه‌ راچڵه‌كێنه‌ره‌  له‌گه‌ڵ دابینكردنی پێویستییه‌كانی سه‌دان خێزانی كه‌مینه‌كانی مۆسڵ كه‌ به‌ هۆی ئاین یان نه‌ته‌وه‌وه‌  تووشی ده‌ربه‌ده‌ری بوون. 

ئه‌و هه‌روها وتی "تیمه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌چڕی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  وئاژانسه ناحكومییه‌كاندا كار ده‌كات بۆ یارمه‌تیدانی سه‌دان هه‌زار خێزانی ئاواره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا".  

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كانیش ، له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دانیشتوانی گه‌ڕه‌كه‌ جۆراوجۆره‌كانی شاری موسڵ  ناچاركراوون  كه‌ شاره‌كه‌ جێ بهێڵن  كه‌ هه‌ندێكیان به‌ره‌و شاری ئه‌لقوش و هه‌ندێكی تریشیان به‌ره‌و به‌رتله‌ و قه‌ره‌قۆش رۆیشتوون. به‌گوێره‌ی زانیاریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش ، تێكڕای ژماره‌ی ئه‌و خێزانانه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ گه‌یشتوونه‌ته‌ ٦ شوێنی جیاجیا له‌ پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر  گه‌یشتووه‌ته‌ ٤٠٠ خێزان. له‌ ئێستاشدا، ئاژانسه‌كانی وه‌ك یونیسێف و رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی ‌ و رێكخراوی خۆراكیی جیهانی و كۆمیساریای باڵای په‌ناهنده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و رێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی كه‌وتوونه‌ته‌خۆ به‌ به‌هاناوه‌چوونی زیاتر له‌ ٧٠٠ خێزان كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ هه‌ولێر بن. یارمه‌تیی زیاتریش به‌گه‌ڕ خراوه‌ نه‌ك هه‌ر بۆ به‌هاناوه‌چوونی ئه‌م لێشاوه‌ تازه‌یه‌ی ئاواره‌كان به‌ڵكوو هه‌تتا بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌خۆیان گرتوون كه‌ سه‌ره‌ڕای باری ناله‌باری خۆیان كه‌چی به‌گوێره‌ی توانا یارمه‌تیدانی ئه‌م خێزانانه‌یان داوه‌ . بۆ روبه‌روبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ش، یه‌كسه‌ر كه‌لوپه‌لی خۆراكی و ناخۆراكی به‌سه‌ر ئه‌م خێزانانه‌دا‌ دابه‌شكراوه‌.