پێنج شەممە, 24 تەمموز 2014 03:00

په‌یامی سكرتێری گشتی بۆ راگه‌یاندن گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

هه‌ولێر / ٢٤ی ته‌موز ٢٠١٤: من خۆم به‌ به‌ختیار ده‌زانم كه‌ پیرۆزبایی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستانی عیراق بكه‌م بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ مانگی نیسانی رابردوودا له‌گه‌ڵ پیرۆزباییشم به‌ بۆنه‌ی سوێندخواردنی كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگی رابردودا. هه‌روه‌ها پیرۆزبایی گه‌رمی خۆشم به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی د. فوئاد مه‌عسوم وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عیراق پێشكه‌ش ده‌كه‌م كه‌ به‌هیوام له‌ سایه‌ی ئه‌ودا عیراق بتوانێت پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ له‌رووی ئاشتی و سه‌قامگیریی و خۆشگوزه‌ران و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت. 

من ئه‌مڕۆ به‌یانی و هه‌ركه‌مێك پێش هه‌ڵبژاردنی شه‌ره‌فی كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار هه‌بوو و دڵنیاشم كرده‌وه‌ كه‌ له‌ داهاتوودا و له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی ئه‌ودا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌توندی به‌ كاركردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و حكومه‌تی عیراق پابه‌ند ده‌بێت. من هیوای زۆرم هه‌یه‌ كه‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی تازه‌ به‌ ئاشتی به‌ڕێوه‌بچێت. ‌ 

من هه‌ره‌وها پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی سه‌رۆكی تازه‌ی په‌رله‌مان به‌ڕێز سه‌لیم ئه‌لجبوری و جێگره‌كانی به‌ڕێزان حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی و ئارام شێخ موحه‌ممه‌د ده‌كه‌م.

خوشكان، برایان،

من ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتووم له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی عیراق هه‌بوو. له‌و كوبونه‌وه‌یه‌دا، قه‌یرانی عیراق و پێكهێنانی حكومه‌ت و په‌یوه‌ندیی نێوان حكومه‌تی هه‌ولێر و به‌غدادمان تاوتوێ كرد. 

ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بووین كه‌ به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م عیراق ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستیار و گرنگن كه‌ داوا له‌‌ هه‌موو سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانیش ده‌كات كه‌ له‌ به‌ئاشتی پێكهێنانی حكومه‌ت به‌گوێره‌ی كاتبه‌ندی ده‌ستور دڵنیابن.  

من زۆر نیگه‌رانم سه‌باره‌ت به‌ تێكچوونی بارودۆخی ئاسایشی عیراق كه‌ هه‌زاران كه‌سی له‌ نێوان كوژراو و برینداردا كردووه‌ته‌ قوربانی له‌گه‌ڵ ده‌ربه‌ده‌ركردنی زیاتر له‌ ملیۆنێك خه‌ڵك ته‌نها له‌مساڵدا. من زیاتر به‌ مردنی چه‌ندان ژن و پیاو و منداڵی عیراقی نیگه‌ران بووم. 

لای خۆیه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌چڕی و به‌ بایه‌خێكی زۆره‌وه‌ چاودێری ئه‌م پێشهاتانه‌ ده‌كات . من سه‌ره‌خۆشی گه‌رمی خۆم ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ كۆستباره‌كانی قوربانییانی توندوتیژیی چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كان ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ قوربانییان پیاو و ژن له‌ هێزی ئاسایشی عیراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانییانه‌وه‌ گیانی خۆیان به‌خت كرد. 

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، من زۆر توڕه‌ بووم به‌و راپۆرتانه‌ی باس له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی دژی كه‌مینه‌كانی مۆسڵ و به‌شه‌كانی تری عیراقی ژێرده‌ستی داعش  (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) ده‌كه‌ن به‌وه‌ی یان باج بده‌ن و یان ناوچه‌كه‌ جێبهێلن و یانیش روبه‌رووی كوشتن ده‌بنه‌وه‌. هاوزه‌مان، چه‌ندان راپۆرتی تریش باس له‌ كاری قێزه‌ونی ئه‌و چه‌كدارانه‌ ده‌كه‌ن له‌ دژی توركمان و یه‌زیدی و شه‌به‌كه‌كان له‌ كاری رفاندن و كوشتن و تێكدانی ماڵوحاڵ و كه‌لوپه‌لیان یانیش به‌ نیشانه‌كردنی ماڵی خه‌ڵكی شیعه‌ و كریستان و شه‌به‌ك له‌ موسڵ.  

هه‌ر هێرشێكی پێشتر داڕێژراو بۆ سه‌ر كه‌مینه‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ تاوانی دژه‌ مرۆڤایه‌تی هه‌ژمار ده‌كرێت و ئه‌نجامده‌رانیشی پێویسته‌ په‌لكێشی دادگا بكرێت. من لێره‌وه‌ داوا له‌گشت لایه‌نه‌كان ده‌كه‌م كه‌ رێز له‌ مافه‌كانی مرۆڤ بگرن. 

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش گرنگه‌ كه‌ گشت لایه‌نه‌كان رێگه‌ به‌ كاری فریاگوزاری بۆ خه‌ڵكی لێقه‌وماو بده‌ن و هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رێگه‌یه‌كی گه‌یاندنی هاوكاری پێویسته‌ بكرێته‌وه‌ و له‌لایه‌ن هه‌موو لایه‌نه‌ شه‌ڕه‌كه‌ره‌كانیشه‌وه‌‌ پێویسته‌ رێزی لێ بگیرێت. 

من سه‌ڵاو بۆ ئازایه‌تیی هێزه‌كانی ئاسایشی عیراق ده‌نێرم له‌ شه‌ڕكردنیان له‌گه‌ڵ‌ چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كان و هه‌روه‌ها رۆڵیشیان له‌ پاراستنی پێكهاته‌كانی باكوری عیراق به‌ ناوچه‌كانی هاوسنوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌. 

هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستان بكه‌م بۆ پێشوازییان له‌ ئاواره‌ ناوخۆییه‌ تازه‌ لێقه‌وماوه‌كان له‌گه‌ڵ چه‌ندان ئاواره‌ی سوری تر. 

من زیاتر ده‌ستخۆشی له‌ رۆڵی خه‌ڵكه‌ خانه‌خۆێیه‌كه‌ ده‌كه‌م كه‌ سه‌ره‌ڕای بارودۆخی خراپی خۆیان باوه‌شیان بۆ لێقه‌وماوان كرده‌وه‌. من هه‌روه‌ها سوپاسی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم ، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی، و حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌كه‌م له‌سه‌ر هاوكاریكردنی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان و هه‌ماهه‌نگی چڕیشیان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا. 

من به‌توندی داوا له‌ هه‌مووان ده‌كه‌م كه‌ له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی كاری فریاگوزاری بۆ لێقه‌وماوان هه‌ر به‌رده‌وام بن. ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی سنوردار بۆ ئه‌و عیراقییانه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كانی شه‌ڕ گیریان خواردووه‌ كاریگه‌ری كاره‌ساتاوی له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ ده‌بێت كه‌ پێویستیان به‌ پاراستنی ئێمه‌یه‌. 

له‌م كاته‌ ناسكه‌شدا، ئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ گشت سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان هه‌موو هه‌وه‌ڵه‌كانی خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ به‌شداربوون له‌ گفتوگۆیه‌كی بنیاتنه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوردا. له‌ راستیدا ئه‌م قه‌یرانه‌ داوا له‌ سه‌ركرده‌كانی به‌غداد و هه‌ولێریش ده‌كات بۆ كاركردنی پێكه‌وه‌یی له‌پێناو پاراستنی یه‌كڕیزیی وڵات له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌می فیدڕالیدا و هه‌وڵدانیش بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسی گرژیی زیاتر و شه‌ڕوئاژاوه‌. من هه‌مو ئه‌مانه‌م له‌ گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ، به‌ڕێز نوری مالیكی، دا باس كردووه‌. 

من هه‌روه‌ها هانی گشت سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان ده‌ده‌م بۆ گه‌شه‌دان به‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی و داموده‌زگاییكردن و رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ریی یاسا و مافه‌كانی مرۆڤ و گه‌شه‌كردنێكی گشتگرانه‌. 

كورد و عه‌ره‌بی عیراق پێویسته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ بووژانه‌وه‌ی هاوبه‌شكاری و چاره‌سه‌كردنی قه‌یرانی ئێستای ئاسایش به‌ هاوبه‌شی. ئه‌وه‌ش گرنگه‌ كه‌ ناكۆكییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی وه‌ك مووچه‌ و هه‌ماهه‌نگیی ئاسایش و بودجه‌ و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر بكرێن. 

سه‌ركرده‌كانی عیراق دواجار به‌یه‌كه‌وه‌ دابنیشن بۆ دروستكردنی دیدێكی هاوبه‌ش بۆ داهاتووی ئه‌م وڵاته‌ گرنگه‌. من دڵنیام كه‌ ئه‌وان ده‌توانن ئازایه‌تی و ژیری و به‌رده‌وامی و تێڕوانین نیشان  بده‌ن.  

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ دۆخی ئاماده‌باشیدا ده‌بێت بۆ پاڵپشتیكردنی خه‌ڵك و حكومه‌تی عیراق. 

هه‌روه‌ها نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان بۆ هاوكاریكردنی عیراق (یونامی) ، كه‌ له‌لایه‌ن جێگری سكرتێری گشتی، به‌ڕێز نیكۆلایی ملادینۆڤ، ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت ، كه‌ ئێستا ئه‌ویش لێره‌یه‌ له‌گه‌ڵ من‌، به‌ هاوبه‌شكارێكی به‌هێزی عیراق ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م قه‌یرانانه‌ی ئێستا و هه‌ره‌وه‌ها بۆ یارمه‌تیدان له‌سه‌ر دابینكردنی ئاینده‌یه‌كی باشتر بۆ هه‌موو عیراقییه‌كان. 

 

سوپاس  

 

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 26 ئاب 2014 17:04
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.