پێنج شەممە, 24 تەمموز 2014 03:00

په‌یامی سكرتێری گشتی بۆ راگه‌یاندن

نووسراوە لەلایەن: 

نه‌جه‌ف / ٢٤ی ته‌موزی ٢٠١٤: ئه‌سسه‌لاموعه‌له‌یكوم ره‌مه‌زانتان پیرۆز 

به‌ڕاستی شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ من كه‌ ئه‌مڕۆ بۆ یه‌كه‌مجار توانیم چاوم به‌ سه‌ماحه‌تی ئایه‌توڵڵا سیستانی بكه‌وێت كه‌ پێاوێكی ژێر و لێبورده‌یه‌  وێڕای بوونیشی وه‌ك ‌سه‌رچاوه‌یه‌كی سروش و رۆڵ بۆ دواكه‌وتووانی له‌ عیراق و شوێنی تر.  

 

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا قه‌یرانی ئێستای عیراق و  پێویستیی به‌هانه‌وه‌چونی مرۆییمان تاوتوێ كرد. من سوپاس و پێزانینی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووكانم بۆ به‌ڕێزیان ده‌ربڕی بۆ پشتگیریكردنی له‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌م شه‌ڕانه‌ی ئێستادا. هه‌روه‌ها به‌درێژی باسی ئه‌و راپورتانه‌شمان كرد كه‌ باس له‌ پێشێلكردنی زه‌قی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كه‌ن دژی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و په‌رستگاكان و سه‌ركرده‌ ئاینییه‌كان له‌گه‌ڵ باسكردنی كاره‌ قێزه‌ونه‌كانی داعش  (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا. 

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و ته‌واوی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و روون هاواریان دژی ئه‌م كارانه‌ لێ هه‌ستا. لێره‌ش له‌ نه‌جه‌ف من جارێكی تر وه‌ك سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌توندی ئه‌م پێشێلكارییانه‌ی‌ مافه‌ بنچینه‌ییه‌كانی مرۆڤ‌ ریسوا ده‌كه‌م.  

به‌ڕێزیان باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ ته‌نها ده‌بێ هێزی ئاسایشی عیراق له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا شه‌ڕ دژی داعش  (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) و چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كانی تر بكات. هه‌روه‌ها ئێمه‌ باسی پرۆسه‌ی ئێستای پێكهێنانی حكومه‌تیشمان كرد. ئێستا په‌ر‌له‌مان به‌ڕێز سه‌لیم ئه‌لجبوری وه‌ك سه‌رۆكی خۆی هه‌ڵبژاردووه‌ و خۆشحاڵیشم كه‌ به‌ڕێز فوئاد مه‌عسوم وه‌ك سه‌رۆكی كۆمار هه‌ڵبژێردراوه‌ كه‌ من زۆر به‌ هیوام كه‌ له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی ئه‌ودا حكومه‌تێكی گشتگر بێ دواكه‌وتن و له‌ كاتی ده‌ستوری دیاریكراودا پێك بێت. من هه‌ر پێش هاتنم بۆ ئێره‌ شه‌ره‌فی چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌عسوم هه‌بوو و له‌جیاتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌ناخی ده‌روونمه‌و پیرۆزبایی گه‌رمی خۆمی ئاراسته‌ ده‌كه‌م به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ سه‌رۆك كۆمار. ئێمه‌ له‌ كاركردنی چڕمان بۆ ئاشتی و گه‌شه‌پێدان و مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بین.  

له‌‌ڕاستیدا حكومه‌تێكی گشتگر ده‌توانێت یه‌كڕیزیی وڵات به‌هێز بكات و به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌رانه‌ش شه‌ڕی تیرۆر داعشیش بكات و شه‌ڕی تایه‌فی و پارچه‌پارچه‌بوونیش له‌ ره‌گه‌وه‌ نه‌هێلێت.   

من ئه‌وه‌م به‌ به‌ڕێزیان راگه‌یاند كه‌ چه‌نده‌ به‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی سه‌رسام بووم سه‌باره‌ت به‌ داواكردنی له‌ گشت لایه‌نه‌كان بۆ خۆدوورگرتن له‌ وتاری تایه‌فی و ره‌گه‌زپه‌رستی. 

من ده‌ستخۆشی له‌ داواكه‌ی ده‌كه‌م بۆ گشت هاوڵاتیان بۆ ئه‌وپه‌ڕی دانبه‌خۆداگرتن و كاركردن له‌ پێناو پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیانی ناوخۆیان و خۆدوورگرتنیان له‌ هه‌ر كارێك كه‌ ببێته‌ مایه‌ی لێكترازانی عیراق. 

من و به‌ڕێزی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بووین كه‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان پێویسته‌ خۆیان له‌ راگه‌یاندن و تاوانباركردنی په‌ڕگیرانه‌ دوور بگرن. 

له‌م كاته‌ی ناسكه‌ی ئێستادا كه‌ مامه‌ڵه‌كردنی  دڕندانه‌ دژی كه‌مینه‌كان له‌لایه‌ن داعش  (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام)ه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڕێزیان له‌سه‌ر بانگه‌وازی ئاشتی و خوشه‌ویستی و یه‌كڕیزی نێوان پێكهاته‌كانی عیراق هه‌ر به‌رده‌وامه‌. 

من داوا له‌گشت ده‌سه‌ڵاته‌ ئاینییه‌كان ده‌كه‌م كه‌ شوێنی ئه‌م نمونه‌ بكه‌ون و لێبورده‌یی و رێزی دوولایه‌نه‌ و خۆدوورگرتن له‌ توندوتیژی بگرنه‌به‌ر. 

له‌ راستیدا، ئه‌م جۆره‌ بانگه‌وازانه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی كپكردنی ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ داوای توندوتیژی و ئه‌جێندای لێكترازان ده‌كه‌ن هه‌روه‌ك چۆن ده‌بنه‌ هۆی دروستبوونی یه‌كڕیزی وڵاتیش. 

جارێكی تر، خۆشحاڵی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خۆم به‌  چاوپێكه‌وتنی ئه‌و به‌ڕێزه‌ ده‌رده‌بڕم. ئێوه‌ش ده‌توانن پشت به‌ پشتگیری ته‌واوی من و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ببه‌ستن له‌كاتێكدا كه‌ خه‌ڵكی نه‌جه‌ف و ته‌واوی عیراق كار بۆ وڵاتێكی لێبورده‌ و ئارام و خۆشگوزه‌ران ده‌كه‌ن. 

 

زۆر سوپاس 

 

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.