سێ شەممە, 08 تەمموز 2014 03:00

رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی بۆ ئاواره‌ نێوخۆییه‌كانی چادرگه‌ی به‌حركه‌ مسۆگه‌ر ده‌كات گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

هه‌ولێر ،  ٨ی ته‌موزی ٢٠١٤ ، تیمێك له‌  شاره‌زایانی ته‌ندروستی  گشتی سه‌ر به‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی  به‌ رابه‌رایه‌تی دكتۆر سه‌ید جه‌عفه‌ر حوسه‌ینی نوێنه‌ری رێكخراوه‌كه‌ له‌ عیراق ، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌ردانی چادرگه‌ی به‌حركه‌ی ئاواره‌ نێوخۆییه‌كانی كرد . ئامانج له‌ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ستنیشانكردنی پێداویستییه‌ ته‌ندروستییه‌كانی دانیشتوانی چادرگه‌كه‌ بوو وێڕای چۆنیه‌تی پشتگیری كردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێر له‌ بواری گه‌یشتنی ئه‌م ئاوارانه‌ به‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان.

 

ئێستا زیاتر له‌ ٣٠٠ كه‌س له‌ كۆگایه‌كی گه‌وره‌ له‌ به‌حركه‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن زۆربه‌یان له‌ شارۆچكه‌ی ته‌لعه‌فه‌ری سه‌ر به‌ پارێزگای موسڵه‌وه‌ هاتوون.  به‌رزی پله‌ی گه‌رما و نه‌بوونی هۆیه‌كانی فێنك كردنه‌وه‌ له‌ چادرگه‌كه‌دا بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ منداڵان تووشی نه‌خۆشی پێست هه‌ڵوه‌رین و تا ببنه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌وكردن ،  ئه‌مه‌ش به‌ ئاسانی له‌ ناو ئه‌و منداڵانه‌  بڵاو ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ نزیك یه‌كتری ده‌ژین. به‌هۆی بارودۆخی گوزه‌رانی چڕه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كانی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌ درمیه‌كانی وه‌ك  گه‌ڕی و سورێژه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌.  

خۆراك و ئاوی پاكی خواردنه‌وه‌ له‌ چادرگه‌كه‌ فه‌راهه‌مه‌ به‌ڵام به‌ بڕێكی دیاریكراو . نه‌بوونی  ئاوی پاك و ئاوه‌ڕۆ و زێراب مه‌ترسی تووش بوون به‌و نه‌خۆشییانه‌ی له‌ ڕێگای ئاودا ده‌گوازرێنه‌وه‌ زیاد ده‌كات وه‌ك كۆلێرا ، كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌  له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق  بوونی هه‌یه‌.   

هه‌روه‌ها به‌ركه‌وتنی راسته‌وخۆی گه‌رما و تیشكی خۆر مه‌ترسی تووشبوون به‌ وشك هه‌ڵگه‌ران و گه‌رما بردن له‌ نێو ئه‌و ئاوارانه‌ی له‌ چادرگه‌كه‌دا ده‌ژین زیاد ده‌كات.   

سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌مبولانسێكی ئاماده‌  بۆ گواستنه‌وه‌ی حاله‌ته‌ شڵۆقه‌كان بۆ نزیكترین ده‌زگای ته‌ندروستی ، به‌ڵام خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ چادرگه‌كه‌ بوونیان نییه‌ بۆیه‌ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێر هه‌ماهه‌نگی ده‌كات بۆ دابینكردنی خێرای تیمێكی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و جێگیركردنیان له‌ چادرگه‌كه‌  بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان. 

 

زانیاری زیاتر

  • Agency: WHO
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.