سێ شەممە, 08 تەمموز 2014 03:00

شاره‌زایانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی یاوه‌ری جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی بوون له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ چادرگه‌ی گه‌رماوه‌ له‌ شاری دهۆك

نووسراوە لەلایەن: 

 هه‌ولێر، هه‌رێمی كوردستانی عیراق ، ٨ی ته‌موزی ٢٠١٤-  تیمێك له‌ شاره‌زایانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی یاوه‌ری د. جاكلین بادكۆكی جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی و هه‌ماهه‌نگیكاری مرۆیی بوون له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ چادرگه‌ی گه‌رماوه‌ ، كه‌ له‌م نزیكانه‌دا دروستكراوه‌ بۆ داڵده‌دانی زیاتر له‌ ٢٠٠ خێزانی ئاواره‌ی نێۆخۆیی كه‌ له‌ ترسی شه‌ڕ و پێكدادان له‌ شاری موسڵه‌وه‌ رایان كردووه‌.

 

جێگری نوێنه‌ری تایبه‌ت و تیمی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی سه‌ردانی شوێنی ته‌ندروستییان كرد كه‌ به‌م دواییه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی دهۆك و به‌یارمه‌تی رێكخراوی ناحكومی ده‌سته‌ی پزیشكی نێوده‌وڵه‌تی دروست كراوه‌. شوێنه‌كه‌ بریتیه‌ له‌ كۆنتێنه‌رێك و رۆژانه‌ له‌ سه‌عات ٨ی به‌یانیه‌وه‌ تا ٢ ی پاش نیوه‌ڕۆ كراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشه‌كان. شوێنه‌كه‌ دوو یاریده‌ده‌ری پزیشكی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام بۆ ته‌رخانكراوه‌ و له‌ ناو چادرگه‌كه‌ نیشته‌جێن بۆ چاره‌سه‌ر كردنی حاڵه‌ته‌ كت و پڕه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مبولانسێكی به‌رده‌وام ئاماده‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی دهۆك دابینی كردووه‌. له‌ ئێستا ئه‌م شوێنه‌ ته‌ندروستییه‌ به‌ گوێره‌ی نیشانه‌ی نه‌خۆشیه‌كان ده‌رمان ده‌داته‌ نه‌خۆشه‌كان و بۆ ئایینده‌ش پلان داندراوه‌ بۆ دابینكردنی كه‌ل و په‌لی پێویستی حاڵه‌ته‌ كت و پڕه‌كان وه‌ك بوتڵی گازی ئۆكسجین و به‌خاخی ته‌نگه‌ نه‌فه‌سیی و به‌فرگره‌ و ئامێری پێوانی كێش و ئامێری شیكردنه‌وه‌ی خێرای رێژه‌ی شه‌كر له‌ خوێن و .... . 

وێڕای ئه‌مانه‌ ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی دهۆك پلانێكی دارشتووه‌ بۆ راهێنانی كارمه‌ندانی ئه‌م شوێنه‌ له‌سه‌ر  ته‌كنیكه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی فریاگوزاری سه‌ره‌تایی و ناسینه‌وه‌ی نه‌خۆشی سیلی سیه‌كان  و ده‌ستنیشانكردن و چاره‌سه‌ری  ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی گومانی تووشبوون به‌و نه‌خۆشیه‌ی لێده‌كرێت بۆ رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای په‌تایه‌كه‌ له‌ نێوان دانیشتووانه‌  لاوازه‌كانی چادرگه‌كه‌دا. 

له‌ ٧ی حوزه‌یراندا ٧٤ نه‌خۆش سه‌ردانی ئه‌م شوێنه‌ ته‌ندروستیه‌یان كردووه‌ پێنج حاڵه‌تیان سكچونێكی توند بوون . ئاماده‌كارییه‌كان‌  بۆ كۆكردنه‌وه‌ی نمونه‌ی پیساییه‌كان بۆ پشكنین له‌ نه‌خۆشی كۆلێرا له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی دهۆك رێكخرابوو.    

سه‌رباری كه‌می ئاو له‌ چادرگه‌كه‌ ، شاره‌زایانی بواری ئاو و ئاوه‌ڕۆی ته‌ندروستی سه‌ر به‌رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی پشكنینیان بۆ ئاوی ناو تانكیه‌كانی چادرگه‌كه‌ كرد و بۆیان ده‌ركه‌وت ئاوه‌كه‌ كۆلێراوی نییه‌. و تائێستاش چادرگه‌كه سیسته‌مێكی ئاوه‌ڕۆی گونجاوی بۆ ‌ دانه‌ندراوه‌ و به‌هۆی كه‌میی ئاوی پاكردنه‌وه ‌ژماره‌یه‌كی كه‌می ئاوده‌ستی هه‌یه‌.   

پارێزگای دهۆك ده‌ستی به‌ كاركردن كردووه‌ بۆ دروستكردنی چادرگه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له‌ خانووی ئاماده‌كراوه‌ له‌ بری چادر وه‌كو هه‌وڵێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسكرابوون. شوێنی چادرگه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌ و كاریشی تێداده‌كرێ. 

وه‌كو نوێترین به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی له‌ پارێزگای دهۆكدا ، دوێنی شه‌و رێكخراوه‌كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌ل و په‌لی فریاگوزاری پێشكه‌ش به‌ ‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی دهۆك كرد.  

 

زانیاری زیاتر

  • Agency: WHO
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.