سێ شەممە, 24 حوزەیران 2014 03:00

وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ: ڕوپەرت کۆلڤیل

نووسراوە لەلایەن: 

تیمی مافەکانی مرۆڤی یونامی لە هەوڵەکانی خۆی بەردەوامە بۆ پشت راستکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی توندوتیژیەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ کە گوایە لە عیراق ڕوویانداوە لەگەڵ دەست پێکردنی هێرشەکانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام و هاوپەیمانە ناوەخۆییەکانی لە سەرەتای مانگی شەش. 

 

یونامی مەزەندە دەکات کە بە لایەنی کەم ٧٥٧ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و ٥٩٩ کەس لە پارێزگاکانی نەینەوا و دیالە و سەلاحەددین برینداربوون. ئەم ژمارەیە کە بەلایەنی کەمەوە مەزەندە کراوە و تیایدا چەندین کۆمەڵ کوژی و سەربڕێن ئەنجامدراوە لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و پۆلیس و سەربازیش کە لە بەرەکانی جەنگدا دەستبەسەر کراون. بەلایەنی کەم ٣١٨ کەس کوژراون و ٥٩٠ کەسی دیکەش لەو کاتە برینداربوون لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی باشوور، زۆربەی ئەو قوربانیانەش بەهۆی شەش ئۆتۆمبێلی بۆبڕێژکراوەوە بوونە قوربانی.

لە ناوچەکانی باکوری بەغدا چەندین حاڵیتی ڕفاندن هەبوون و بەردەوامیشن. تیایدا چەندین کەیسی بیانی هەن وەکو ٤٨ هاوڵاتی تورکی کە لە کونسولخانەی تورکی لە موسڵ لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام دەست بەسەر کران. سەرباری ئەمەش، بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان لە ڕێکەوتی ١٨ی حوزەیران نزیکەی ٤٠ هاوڵاتی هیندی کە لە کۆمپانیایەکی بیناسازی کاریان دەکرد ڕفێندراون.

لەهەواڵێکی موژدەبەخشدا، ئەو ١٦ هاوڵاتییە جۆرجییەی کە پێش ١٠ رۆژ رفێندرابوون ئێستا ئازادکراون. هەروەها لە ڕێکەوتی ١٩ی حوزەیران گروپێکی ٤٤ کەسی دیکەش ئازادکران کە پێکهاتبوون لە نەتەوەی جیاجیا کە پێشتر لەگەڵ داگیرکردنی ناوچەی دۆر لە باکوری شاری تکریت لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام دەست بەسەرکرابوون. ئەمەش لەرێگەی هەماهەنگی عەشیرەتەکانی ئەو ناوچەیەوە بوو کە لە گفتوگۆی نێوان هێزە سەربازییە عیراقییەکان و دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام بەشداربوون. ئەو گروپە ئێستا گەیشتوونەتە شاری کەرکوک و تەندرووستیشیان باشە.   

لە ڕاپۆرتێکی دڵتەزێنیشدا هەندێک لەوانەی کە ڕفێندرابوون بە کوژراوی دۆزراونەتەوە و بەم پێشە دیارە چەند کردەیەکی سەربڕێن و کوشتن هێشتا بەردەوامە. دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا هەڵسوکەوتی ناشیرین و سەربڕین و گولەبارانکردنی سەرباز و پۆلیسی دەستبەسەر و کەمە نەتەوایەتی و ئایینییەکان و خەڵکی شیعە و تورکمان و شەبەک و کریستیان و یەزیدی نیشان دەدەن.

سەرباری ئەو ڕاپۆرتانەی کوشتن و بڕین کە پێشتر باسمان کرد، چەند حاڵەتێکی دیاریکراوی زانراو و نەزانراو بریتین لەمانە:

•سێ هاوڵاتی شەبەک لە ڕێکەوتی ١٨ی حوزەیران لە ناوچەی جەزیری سەربە شاری موسڵ دەستگیرکران و لە ڕۆژی دواتردا دوو لەمانە بە کوژراوی دۆزرانەوە.

• ١٥ هاوڵاتی شیعە لە میانەی هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام لە گوندی پیرواجلی لە ناوچەی توزخورماتو لە پارێزگای سەڵاحەددین کە دواتر لاشەکانیان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی عیراقی دۆزرانەوە. نزیکەی ٢٠ هاوڵاتی تر هەر لەو ناوچەیە کوژران. 

•تەرمی ٤٥ کەسی نەناسراوی تر لە قەراخ ڕووباری دیجلە دۆزراونەتەوە.

•تەرمی ٥ کەسی نەناسراوی تر کە هەر هەموویان بە گولە لە پشتی سەریان کوژرابوون لە ناو رووبارێک لە باشوری تکریت دۆزرانەوە.

•لە ڕێکەوتی ١٩ی حوزەیران لە ناوچەی ئەبو دشیر لە شاری بەغدا تەرمی چوار کەسی دیکە لەلایەن پۆلیس دۆزرانەوە کە بە گولە کوژرابوون و دوو تەرمی دیکەش لە ڕێکەوتی ٢١ی حوزەیران لە شارۆچکەی زەعفەرانییە دۆزرانەوە کە بە گولە لە پشتی سەریان کوژرابوون.  

•چەندین حالەتی دیکەی رفاندن لە شاری بەغدا ڕاگەیاندرابوون کە تیایاندا دوو پیاو لە ناوچەی زەییونە رفێندرابوون.

•بەلایەنی کەم دوو حاڵەتی کوشتنی بەکۆمەڵی بەندکراوان لەلایەن هێزی سەربازی عیراقی ڕاگەیەندران. یەکێک لەم حاڵەتانە لە بنکەی پۆلیسی ئەلقەلعە لە تەلەعفەر بوو ئەوی تریان هێشتا پشتراست نەکراوەتەوە کە لە ڕێکەوتی ١٥ی حوزەیران ٣١ بەندکراو کوژرابوون.

 کارمەندانی مافی مرۆڤی سەر بە یونامی لەلایەکی دیکە چەند حاڵەتێکی کوشتن لەیەیان هێزی سەربازی عیراقی پشتراست کردەوە کاتێک شاری موسڵیان چۆڵ دەکرد. لەم حاڵەتەدا وا ڕاپۆرتکراوە کە نارنجۆکی دەستییان فرێداوەتە ناو ژووری پڕ لە بەندکراو کە لە ئەنجامدا دە بەندکراو کوژران و ١٤ی دیکەش برینداربوون. 

ئێمە داوا لە دەسەڵاتدارانی عیراقی دەکەین کە هەست بە بەرپرسیاری بکەن و بە جیددی لەم حاڵەتانە بکۆڵنەوە و ئەوپەڕی توانایان بخەنەگەڕ بۆ ڕادەستکردنی تاوانباران بە دادگا و سزادانیان.   

کۆتایی

 

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق

بۆ زانیاری زیاتر تکایە پەیوەندی بکەن بە ڕووپەرت کۆلڤیل ((+41 22 917 9767 / ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یانیش ڕاڤینا شەمدەسانی (+41 22 917 9169 / ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەتوانن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگادارمان بن:

Facebook: https://www.facebook.com/unitednationshumanrights

Twitter: http://twitter.com/UNrightswire

Google+ gplus.to/unitednationshumanrights

YouTube: http://www.youtube.com/UNOHCHR

Storify: http://storify.com/UNrightswire

سەیری ئیندێکسی مافی مرۆڤی جیهانی بکە:  http://uhri.ohchr.org/en

 

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.