دوو شەممە, 01 ئەیلول 2014 17:41

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی قوربانیانی مانگی ئابی ٢٠١٤ راده‌گه‌یه‌نێت، بەدەر لە پارێزگای ئەنبار

به‌غدا،١ی ئه‌یلولی ٢٠١٤- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریكردنی عیراق(یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌، ١٤٢٠ كه‌س كوژران و ١٣٧٠ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستیانه‌ی له‌ مانگی ئابی ٢٠١٤دا روویانداوه‌. 

 

ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی ١٢٦٥ كه‌سه‌ (٧٧ له‌وان پۆلیسی چالاكیه‌ مه‌ده‌نییه‌كانن) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ١١٩٨ كه‌سه‌ (١٠٥ یان له‌ پۆلیسی چالاكیه مه‌ده‌نیه‌كانن) وێڕای كوژرانی ١٥٥ كارمه‌ندی ئاسایشی عیراق و برینداربوونی ١٧٢ كارمه‌ندی تر. ئه‌م ئاماره‌ قوربانیانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه.‌ 

له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز نیكۆلای ملادینۆفی نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق وتی: "ته‌نها له‌ مانگی ئابدا ، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاواره‌ بوون به‌ ٦٠٠٠٠٠ خه‌ملاندووه‌ و هه‌زارانیش له‌ لایه‌ن داعش و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی گرێدراو پێیه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی كراونه‌ته‌ ئامانج و كوژراون ، ته‌نها به‌هۆی جیاوازی ئایین و نەتەوەییەوە" هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان وتی" ژماره‌ی قوربانیانی راسته‌قینه‌ی ئه‌م تراژیدیایه‌ مرۆییه‌ یه‌كجار زۆره‌"  ‌

به‌ڕێزیان له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: "سه‌ره‌ڕای قورسی بارودۆخه‌كه‌ به‌ڵام رێوشوێنی خێرا به‌ ئاراسته‌ی دابینكردنی پێداویستیه‌كان له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی گیراوه‌ته‌ به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ و ئازاری ئه‌وانه‌ی له‌ ترسی توندوتیژییه‌كان راده‌كه‌ن وێڕای دابینكردنی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ئارم و شكۆدار بۆیان" 

ئاگاداركردنه‌وه‌ : ئه‌م داتایانه‌ ، ژماره‌ی قوربانیانی توندوتیژییه‌كانی ئێستای پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وە، هه‌رچه‌نده‌ له‌ رێگای سه‌رچا‌وه‌كانمان به‌ راپۆرتی جیا ژماره‌ی قوربانیانمان ده‌گاته‌ ده‌ست، به‌ڵام له‌ لایه‌ن یونامیه‌وه‌ پشتراسته‌نكراوه‌ته‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له ‌لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ و ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ ژێر كۆنترۆڵی چه‌كدارانی داعش و گروپه‌  چه‌كداره‌ هاوپه‌یمانه‌كانیه‌تی. له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا، یونامی ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه. سه‌ره‌ڕای پشتراستكردنه‌وه‌ی ‌ئه‌و ژمارانه‌ی له‌ خواره‌وه‌ دێت، یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی. وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتنی ‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. ئه‌م حاڵه‌تانه‌ له‌ ژمێره‌ی كۆتاییدا ئه‌ژمار نه‌كراون. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتیه‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌ مانگی ئابداو له‌ وانه‌یه‌ ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی قوربانیان زۆر له‌وه‌ زیاتربێت.  

ژماره‌ی قوربانیان (كوژراو و بریندار) به‌ گوێره‌ی پارێزگاكان به‌ده‌ر له‌ پارێزگای ئه‌نبار 

له‌ مانگی ئابدا به‌غدا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ٨٥٧ قوربانی مەدەنی (٢٤٦ كوژراو و ٦١١ بریندار) ، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای نه‌ینه‌وا دێت ( ٦٢٥ كوژراو و ٧٠ بریندار ) دواتر هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی كه‌ركوك به‌ (٩٥ كوژراو و ٢٤٨ بریندار) و دیاله‌ به‌ (١٤٠ كوژراو و ٩٤ بریندار) و پارێزگای سه‌لاحه‌دین به‌ (١٠٥ كوژراو و ١٠٣ بریندار) دێن. 

ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار 

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارانه‌ی له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نباره‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ ده‌ست یونامی، ژماره‌ی قوربانیان تا رۆژی ٣١ی ئاب به‌ شێوه‌یه‌كی گشتگیر بریتیه‌ (٢٦٨ كوژرا و ٧٩٦ بریندار) كه‌ (٥٣ كوژراو و ٣٦٠ بریندار) له‌ شاری ره‌مادی و (٢١٥ كوژرا و ٤٣٦ بریندار) له‌ فه‌لوجه‌ تۆماركراوه‌. 

 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.