ئەم پەڕەیە چاپ بکە
سێ شەممە, 02 ئەیلول 2014 15:50

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوای به‌شداریپێكردنی ژنان و كه‌مینه‌نه‌ته‌وه‌كان ده‌كات له‌ حكومه‌تی تازه‌ی عیراقدا

به‌غداد، ٢ی ئه‌یلولی ٢٠١٤:- نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكولای ملادینۆڤ به‌چڕی چاودێریی ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كات و له‌ كۆبوونه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كاندا شێلگیرانه‌ش‌ له‌ به‌شداریپێكردنی ره‌وایانه‌ی ژنان و كه‌مینه‌نه‌ته‌وه‌كان له‌ حكومه‌تی تازه‌ی عیراقدا هانیان ده‌دات. 

 

ئه‌و له‌مباره‌و وتی "به‌وپێیه‌ی كه‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ دوا قۆناغییه‌تی ، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی به‌شداربوونی ژنان له‌ ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسیدا ده‌كات". ئه‌و هه‌روه‌ها وتیشی "دانانی نوێنه‌رانی ژنان و كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌كان له‌ وه‌زاره‌ته‌كاندا ده‌بێته‌ په‌یامێكی به‌هێز بۆ جیهان سه‌باره‌ت به‌  یه‌كڕیزیی خه‌ڵكی عیراق و هه‌ره‌وك چۆن پابه‌ندیی حكومه‌تیش له‌سه‌ر دابینكردنی مافی یه‌كسان بۆ هه‌مووان نیشان ده‌دا".  

به‌ڕێز ملادینۆڤ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ "به‌شداربوونی كه‌مینه‌كان ده‌بێته‌ یارمه‌تیده‌رێك بۆ باشتر پاراستنی مافه‌كانیان و زیادكردنی ئاره‌زوو و بایه‌خیان بۆ پرۆسه‌ی سیاسی". 

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، خاتو فرانیسس گێی له‌مباره‌وه‌ وتی  "حكومه‌تی بێ ژن نه‌ حكومه‌تێكی ته‌واو ده‌بێت و نه‌ نوێنه‌رایه‌تی گشت دانیشتوانیش ده‌كات چونكه‌ ژن زیاتر له‌نیوه‌ی ده‌نگده‌ران پێك ده‌هێنێت و هه‌ربۆیه‌ش به‌گوێره‌ی پابه‌ندیی عیراق بۆ ژنان هه‌م له‌ بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردندا و هه‌م له‌ رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وه‌ڵه‌تییه‌كان و  هه‌میش به‌گوێره‌ی بڕیاری ژماره‌ ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌ندان بڕیاری تری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ژن مافی به‌شداربوونیان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی حكومه‌تدا هه‌یه‌ هه‌تتا به‌ پله‌باڵاكانیشه‌وه‌،".