یەک شەممە, 02 تشرینی دووەم 2014 15:13

هه‌ر ئێستا ده‌ستبه‌كاربه‌ ! وه‌به‌رهێنان له‌ فێركردندا بكه‌ گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 
وێنه‌: یونیسێف وێنه‌: یونیسێف

عیراق پێشتر له‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا به‌ یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ هه‌ژمار ده‌كرا كه‌ باشترین په‌روه‌رده‌ی تێدا هه‌بووبێت. ئه‌نجامی چاكسازیی په‌روه‌رده‌یی له‌ نێوان ساڵه‌كانی حه‌فتاكان و هه‌شتا‌كاندا له‌ رێژه‌ی به‌رزی په‌روه‌رده‌ی هه‌رزه‌كاراندا به‌جوانی ده‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئاینده‌ی زیاتر له‌ ٩٥٠ هه‌زار منداڵ و هه‌رزه‌ی عیراقی له‌ مه‌ترسی بێبه‌شبووندان له‌ مافی سه‌ره‌تایی خوێندنیان. ساڵی خوێندن له‌ باشترین به‌شی ساڵدا په‌كی كه‌وتووه‌ به‌هۆی شه‌ڕی ئێستای نێوان كۆمه‌ڵه‌ تیرۆریسته‌كان و هێزه‌كانی ئاسایشی عیراقیه‌وه‌ كه‌ له‌ كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٣ه‌وه‌ له‌ پارێزگای ئه‌نبار ده‌ستی پێكردبوو كه‌ بووه‌ مایه‌ی ده‌ربه‌ده‌ركردنی به‌لێشاوی خه‌ڵك.

رفاح یاسین،  كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری خانه‌نشینی قوتابخانه‌یه‌كی پارێزگای ئه‌نباره‌ و ئێستا له‌ باكوری عیراق نیشته‌جێیه‌، ده‌ڵێت "ئێمه‌ له‌ ئه‌نبار ٥١ هه‌زار و ٢٧١ قوتابیمان هه‌بوو كه‌ ٢٠ هه‌زاریان تووشی ئاواره‌یی بوون. هه‌روه‌ها، له‌ كۆی ١٨٣٢ قوتابخانه‌ ئێستا ٤٣٥یان له‌لایه‌ن ئاواره‌كانه‌وه‌ داگیركراون. له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ، ٤٠ قوتابخانه‌ش له‌ ئه‌نجامی كرده‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌نبار وێران بوون زانكۆی ئه‌نباریش له‌لایه‌ن داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام ) ه‌وه‌ ده‌ستی سه‌ردا گیراوه‌. تۆ به‌هۆی ئه‌م ژمارانه‌وه‌ ده‌گه‌یته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ له‌و پارێزگایه‌ گورزی كوشنده‌ی به‌ركه‌وتووه‌ و منیش هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم كه‌ ساڵی خوێندن ده‌ست پێ بكاته‌وه‌".    

به‌داخه‌وه‌ پێشبینییه‌كانی ره‌فاح هه‌ر هه‌موویان راست ده‌رچوون. قوتابخانه‌ له‌ عیراق ده‌بوو له‌ مانگی ئه‌یلول ده‌ست پێ بكاته‌وه‌ به‌ڵام به‌هۆی بارودۆخی تێكچووی ئاسایشی وڵات قوتابخانه‌كان له‌ هاویندا تووشی وێرانی زیاتر بوون چونكه‌ له‌لایه‌ن ئاواره‌كانه‌وه‌ وه‌ك چاره‌سه‌ری كاتی داگیركراون و به‌هۆی نه‌بوونی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی جێگره‌وه‌ بۆ په‌نادانی ئاواره‌كانی ده‌ست توندوتیژیی له‌راده‌به‌ده‌ر و ئه‌و زیانه‌ گه‌ورانه‌ش كه‌ به‌ر ئه‌و قوتابخانانه‌ كه‌وتوون، حكومه‌تی عیراق ناچار بوو كه‌ ساڵی خوێندن بۆ زیاتر له‌ مانگێك دوا بخات. 

له‌ پارێزگای دهۆك له‌ باكووری عیراق، وابڕیاره‌ قوتابخانه‌كان له‌ رۆژی ١٥ی تشرینی دووه‌م ده‌رگاكانیان بۆ خوێندن واڵا بكه‌ن، به‌ڵام رۆژی ١ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٤ له‌ واقیع نزیكتره‌. هۆكاری دواكه‌وتنی ده‌ستپێكی ساڵی خوێندن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی دووباره‌ نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و شیاندنه‌وه‌ و چاكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان كه‌ ئاواره‌كانی تێدا نیشته‌جێ كراوه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی دهۆك رایگه‌یاند له‌ حاله‌تی چۆلنه‌كردنی ئه‌و ٣٩٩ قوتابخانه‌یه‌ی ئاواره‌ی تێدا نیشته‌جێیه‌ تا ١ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٤ ئه‌وا نزیكه‌ی ٢٣٥٠٠٠ قوتابی كوڕ و كچ ناتوانن ساڵی خوێندنیان ده‌ست پێبكه‌ن 

نیوه‌ی دانیشتوانی عیراق له‌ گه‌نج پێكهاتووه‌ ئه‌گه‌ر زیاتریش نه‌بێ و عیراقیش له‌ راستیدا به‌ وڵاتی گه‌نج ناسراوه‌. له‌ كاتی كاره‌ساته‌كانیشدا دابینكردنی خوێندن پێكهاته‌ و رۆتین به‌ گه‌نجه‌ به‌ركه‌وته‌كانی قه‌یرانه‌كان ده‌به‌خشێت. منداڵ و هه‌رزه‌كار پێویستیان به‌ خوێندنی بێئاسته‌نگ و دانه‌بڕاو هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی  بتوانن له‌گه‌ڵ زیان و ترس و ناخۆشییه‌كاندا هه‌ڵ بكه‌ن كه‌ به‌هۆی ئاواره‌بوونی له‌ناكاوه‌وه‌ تووشیان ده‌بێت. 

به‌گوێره‌ی قسه‌ی ئه‌و سه‌رپه‌شتیاره‌ش كه‌ سه‌رپه‌رشتی راوه‌ و عانه‌ و قایمی باشوری ئه‌نبار ده‌كات" قوتابخانه‌ له‌م ناوچانه‌ به‌ ته‌واوی په‌كی كه‌وتووه‌". ئه‌و كه‌ هه‌رخۆشی له‌ باكوری عیراق ئاواره‌یه‌ نایشارێته‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خوێندنه‌كه‌یان ته‌واو بكه‌ن قوتابییه‌ ئاواره‌كان رووبه‌رووی "بارودۆخی دژوار بوونه‌وته‌وه‌ و پێویستییان به‌ گوزه‌رانی باش و یارمه‌تیی دارایی هه‌یه‌ ". به‌هۆی دواكه‌وتنی تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی بۆ ساڵی خوێندنی پێشووش ئه‌و ده‌ڵێ كه‌ به‌هۆی ئه‌و كاتبه‌ندییه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ دانراوه‌ قوتابییه‌ ئاواره‌كانی باكوری عیراق تاقیكردنه‌وه‌كانیان له‌ ٢٠ی تشرینی یه‌كه‌مدا ته‌واو كردووه‌ و به‌ڵام بۆ قوتابییه‌ باڵاكانیش ئه‌و له‌و باوه‌ره‌دایه‌ كه‌ تاقیكردنه‌وه‌كانیان له‌ ٥ی تشرینی دووه‌مدا ده‌ده‌ن. 

به‌و پێیه‌ی كه‌ ٨٦٠ هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆیی له‌ كوردستانی عیراقن، ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا راسته‌وخۆ كار ده‌كاته‌ سه‌ر زیاتر له‌ ٢٠٠ هه‌زار منداڵی ته‌مه‌ن قوتابخانه‌ و زۆربه‌شیان له‌به‌ر چه‌ندان هۆی وه‌ك نه‌بوونی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی پێویست له‌ باكوری عیراق یانیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ناتوانن تێچوونی سه‌فه‌ركردنیان بۆ باكوری عیراق دابین بكه‌ن و یانیش له‌به‌ر ئه‌و راستییه‌ی كه‌ قوتابخانه‌كانیان  له‌لایه‌ن ئاواره‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ وه‌ك شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی كاتی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ یانیش قوتابخانه‌كان خۆیان پێویستیان به‌ چاكردنه‌وه‌ هه‌یه‌،  هه‌رگیز ناتوانن ناوی خۆیان بۆ ساڵی تازه‌ی خوێندن تۆمار بكه‌ن.  

ئه‌ركی حكومه‌ت له‌مباره‌وه‌ دابینكردنی شوێنی جێگره‌وه‌یه‌ وه‌ك شوێنی كاتیی خوێندن و ئه‌و قوتابخانانه‌ی ئێستاش پێویسته‌ نۆژه‌ن بكرێنه‌وه‌ و پاكڕاگری ته‌ندروستیشیان بۆ دابنرێت له‌گه‌ڵ دروستكردنی ژووره‌ پۆلی زیاتر بۆ دابینكردنی پێویستییه‌كانی لێشاوی قوتابییه‌ ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان. له‌مه‌ش زیاتر، مامۆستایان و كارمه‌ندانی په‌روه‌رده‌ییش پێویسته‌ راهێنانیان پێ بكرێت و كه‌ره‌سه‌ی په‌روه‌رده‌ییش هه‌م بۆ مامۆستایان و هه‌میش بۆ قوتابییان دابین بكرێت كه‌ ئه‌مه‌ش كارێكی بنه‌ڕه‌تییه‌.  

له‌ روبه‌روبونه‌وه‌ی ئه‌م ته‌حه‌دییانه‌ش حكومه‌تی عیراق هه‌رگیز ته‌نها نییه‌. له‌ راگه‌یاندنی ئه‌مدواییه‌ی "پلانی به‌هاناوه‌چوونی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ ٢٠١٤-٢٠١٥"ی هه‌مواركراو كه‌ داوای دابینكردنی دارایی ته‌واو بۆ پێویستییه‌كان ده‌كات به‌ بڕ‌ی ٢.٢ بلیۆن‌ بۆ دابینكردنی پێویستییه‌ مرۆییه‌كانی زیاتر له‌ ٥ ملیۆن كه‌س له‌ عیراقدا، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكولای ملادینۆڤ وتی "نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و هاوبه‌شكاره‌كانی له‌ عیراق و  به‌ڵێنیان به‌ عیراق و خه‌ڵكه‌كه‌ی داوه‌ كه‌ له‌ پشتگیریكردنیان به‌رده‌وام ده‌بن. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش بۆ پشتگیریكردنی پلانی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان له‌ عیراقه‌ و بۆ ته‌واوكردنی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراقیش له‌ به‌هاناوه‌چوونی ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا "پلانی به‌هاناوه‌چوونی ستراتیژی"هه‌مواركراویشی ده‌ست پێكردووه‌  . 

له‌ راستیدا فێركردن كاری له‌پێشینه‌یه‌ و بوارێكیشه‌ كه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ وه‌به‌رهێنانه‌ تێدا ئه‌نجام بدرێت . دروستكردنی هیوا و ئارامی بۆ ئاینده‌ی منداڵانی عیراق شایانی ئه‌م وه‌به‌رهێنانه‌یه‌. به‌هاناوه‌چوونی به‌په‌له‌ له‌ بواری په‌روه‌ده‌دا زۆر پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كمان له‌ گه‌نجی عیراق له‌كیس نه‌چێت. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوای ته‌رخانكردنی ١٥٤ ملیۆن دۆلار ده‌كات تا ده‌گاته‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٥ بۆ دابینكردنی پێویستییه‌كانی زیاتر له‌ ٩٥٠ هه‌زار خه‌ڵك 

 

 به‌ڕاستی ئێستا كاتی ده‌ستبه‌كاربوونه‌

 

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 02 تشرینی دووەم 2014 15:18
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.