چوار شەممە, 07 کانونی دووەم 2015 15:54

ئاماری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژماره‌ی قوربانیانی مانگی كانونی یه‌كه‌م ; له‌ دوای ساڵی ٢٠٠٨ه‌وه‌ ساڵی ٢٠١٤ خوێناویترین ساڵ بووه‌ له‌ عیراق

به‌غدا،١ی كانونی دووه‌می  ٢٠١٥- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریكردنی عیراق(یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌، ١١٠١كه‌س كوژران و ١٨٦٨ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و كرده‌وه‌ توندوتیژیی و تیرۆرستیانه‌ی له‌ مانگی كانونی  یه‌كه‌می رابردوودا دا روویانداوه‌٭.  

 ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی ٦٨٠ كه‌سه‌ (٢٩ له‌وان پۆلیسن) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ١٣٦٠ كه‌سه‌ (٢٤ یان  پۆلیسن) . وێڕای كوژرانی ٤٢١ كه‌سی تر و برینداربوونی٥٠٨ ی تر  له‌ هێزه‌ جۆراوجۆره‌كانی عیراق .

له‌ ١ی كانونی دووه‌مه‌وه‌ تا ٣١ی كانونی یه‌كه‌م ، نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریكردنی عیراق ژماره‌ی قوربانیانی تۆمار كردووه‌ و به‌لایه‌نی كه‌م (٣٥٤٠٨) كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی (١٢٢٨٢ كوژراو و ٢٣١٢٦ بریندار). ئه‌م ژماره‌یه‌ش زۆرتره‌ له‌ ژماره‌یه‌ی قوربانیانی ساڵی ٢٠٠٨ كه‌ بریتی بوو (٦٧٨٧ كوژراو و ٢٠١٧٨ بریندار) و ساڵی ٢٠١٤ له‌ دوای توندوتیژییه‌كانی ساڵه‌كانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ به‌ خراپترین ساڵ داده‌نرێت  له‌ عیراق . 

به‌ڕێز نیكۆلای ملادینۆف ، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق وتی" ئازار و مه‌ینه‌تیه‌كانی هاوڵاتیه‌ ئاساییه‌كانی عیراق به‌هۆی كرده‌وه‌ توندوتیژه‌كان به‌رده‌وامه‌ . له‌وه‌ته‌ی ئه‌م كرده‌وانه‌ له‌ ساڵانی  ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ه‌وه‌ ده‌ستی پێكردوو ساڵی ٢٠١٤ زۆرترین ژماره‌ی قوربانیانی توندوتیژیی و تێرۆری به‌ خۆیه‌وه‌ بینیو‌وه‌. به‌ڕاستی جێگای په‌ژاره‌و خه‌مه‌!" 

هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی" جارێكی تر ، داوا له‌ گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق ده‌كه‌م به‌یه‌كه‌وه‌ دابنیشن بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌ی ئاشتیانه‌ بۆ ئه‌و گرفت و ته‌نگژانه‌ی دووچاری وڵات بۆته‌وه‌. هیوا خوازم ساڵی ٢٠١٥ ئه‌و ساڵه‌ بێت ‌ ئه‌م داوایه‌ی تێدا وه‌دی بێت." 

‌ مانگی حوزه‌یران زۆرترین ژماره‌ی قوربانییانی ساڵی ٢٠١٤ ه‌ی تیادا  تۆمار كرا كه‌ بریتی بوو له‌ ٤١٢٦ كه‌س (١٧٧٥ كوژراو و ٢٥٣٥ بریندار به‌ قوربانیانی پارێزگای ئه‌نباریشه‌وه‌) 

له‌ ١ی  حوزه‌یرانه‌وه‌ ، له‌وكاته‌ی كرداری توندو تیژیی چه‌كداری له‌ پارێزگای ئه‌نباره‌وه‌ ده‌ستی پێكرد و ته‌شه‌نه‌ی كرد و به‌‌ ناوچه‌كانی تری عیراق بڵاو بۆوه‌، تا ٣١ كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٤ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ریزی هاوڵاتییان گه‌یشته‌  ٢٢٢٩٢ كه‌س (٨٤٨١ كوژراو و ١٣٨١١ بریندار به‌ پۆلیس و قوربانییانی پارێزگای ئه‌نباریشه‌وه‌) 

له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌مدا، به‌غدا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ١٠٥١ قوربانی  (٣٢٠  كوژراو و ٧٣١ بریندار) . به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی یونامی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی پارێزگای ئه‌نبار وه‌ریگرتووه‌ ، كۆی ژماره‌ی قوربانیان له‌ ریزی هاوڵاتیان له‌ پارێزگای ئه‌نبار تا ٣١ی كانونی یه‌كه‌م بریتیه‌ له‌  ٦٦٩ كه‌س ‌ (١٦٤ كوژراو و ٥٥٠ بریندار) ‌ ، ٦٦ كوژراو و ٣٦١ بریندار له‌ رومادی و ٩٨ كوژراو و ١٤٤ بریندار له‌ فه‌لوجه‌له‌ . له‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دینیش ( ٧٤ كوژراو و ٢٩ بریندار )هه‌یه‌.  له‌ پارێزگای دیاله‌ش (٤٨ كوژراو و ٣٣ بریندار) هه‌یه‌. 

 

٭ ئاگاداركردنه‌وه‌ : به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له ‌لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ ،  سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی قوربانیانی پارێزگای ئه‌نباریش هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی پێدراوه‌ ئه‌وا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی پارێزگا وه‌رگیراوه‌ . له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا ، یونامی ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه. یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی ، وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتن به‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و  نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتیه‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌ مانگی ئابداو له‌ وانه‌یه‌ ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی قوربانیان زۆر له‌وه‌ زیاتربێت.