دوو شەممە, 01 حوزەیران 2015 03:00

بارودۆخی ئه‌منی و كرده‌وه‌ توندوتیژه‌كان به‌رده‌وامه‌ له‌ زیان پێگەیاندنی گه‌وره‌ به‌‌ ‌ ژیانی هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراق

به‌غدا،١ی حوزه‌یرانی ٢٠١٥- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریكردنی عیراق(یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌، ١٠٣١ هاوڵاتی عیراقی كوژراون و ١٦٨٤ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون له‌ ده‌ره‌نجامی  كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستی و پێكدادانی چه‌كداری كه‌  له‌ مانگی ئایاری  ٢٠١٥دا روویانداوه‌. 

 

ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی ٦٦٥ كه‌سه‌ به‌ كوژراوانی پارێزگای ئه‌نباریشه‌وه‌  (٥٩ له‌وانه‌ پۆلیسن ) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ١٣١٣ كه‌سه‌ به‌ بریندارانی پارێزگای ئه‌نباریشه‌وه‌ (٨٦ له‌وانه‌ پۆلیسن).

وێڕای كوژرانی ٣٦٦  كه‌س  و برینداربوونی ٣٧١ له‌ كارمه‌ندانی  هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق وه‌ك (پێشمه‌رگه‌ و  هێزی سوات و ئه‌و میلیشیانه‌ی شانبه‌شانی سوپای عیراق ده‌جه‌نگن)    . ئه‌م ئاماره‌ قوربانیانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه‌.

له‌ مانگی ئایاردا به‌غدا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ١٠٤٤ قوربانی (٣٤٣ كوژراو و ٧٠١ بریندار) ، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای دیاله‌ دێت به‌ ( ١٣٤ كوژراو و ٨٨ بریندار ) دواتر هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی سه‌لاحه‌دین به‌ (٢٤ كوژراو و ٣٢ بریندار) و نه‌ینه‌وا به‌  (٤٢ كوژراو) و پارێزگای كه‌ركوك به‌ (١٦ كوژراو و ٦ بریندار) دێن. 

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارانه‌ی له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نباره‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ ده‌ست یونامی ، ژماره‌ی قوربانیان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتگر بریتیه‌ ٥٨٣ هاوڵاتی (١٠٢ كوژراو و ٤٨١ بریندار) كه‌ (٢٩ كوژراو و ٢٦٧ بریندار) له‌ شاری ره‌مادی و (٧٣ كوژرا و ٢١٤ بریندار) له‌ فه‌لوجه‌ تۆماركراوه‌. 

سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی شاری ره‌مادی به‌ڕێز یان كوبیشی نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق وتی " پێشوه‌چوونه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی ناو شاری ره‌مادی و ده‌وروبه‌ری له‌ پارێزگای ئه‌نبار جارێكی تر كاریگه‌رییه‌ ترسناكه‌كانی كرده‌وه‌كانی داعشی به‌سه‌ر خه‌ڵكی سڤیل پیشان ده‌دات، كه تا ئێستا ‌ ٢٣٧٧٨٦ كه‌س له‌ خه‌ڵكی پارێزگای ئه‌نبار ئاواره‌ بوونه‌ و هه‌زارانیش كوژراون و بریندار بوون ، هه‌ندێ جار به‌ شێوه‌یه‌كی قێزه‌وه‌ن" 

به‌ڕێزنوێنه‌ری تایبه‌ت له‌ درێژه‌ی وته‌كه‌یدا ئاماژه‌یدا به‌وه‌ی چاره‌سه‌ری سه‌ربازی به‌ته‌نها به‌س نییه‌ بۆ به‌زاندن و تێكشكاندنی داعش  وتی " بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌تنێكی سه‌ربازی به‌رده‌وامی هه‌بێت، پێویسته‌ حكومه‌تی عیراق پشت به‌ كۆمه‌ڵێك له‌ كرداری بونیاتنانی متمانه‌ ببه‌ستێت به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌ نارازی و پشتگوێخراوه‌كان بۆ  ئه‌وه‌ی بتوانن به‌شێك له‌ كاروباری خۆیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و هه‌روه‌ها به‌ دڵنیاكردنه‌وه‌یان به‌ توانای ده‌وڵه‌ت له‌ دابینكردنی ئاسایش پاراستنیان له‌ توندو تیژی و دابینكردنی دادپه‌روه‌ری و فه‌راهه‌مكردنی بارودۆخێكی له‌بار بۆیان بۆ به‌شداریكردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا"     

 

ئاگاداركردنه‌وه‌ : . به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له ‌لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ .  ژماره‌ی قوربانیانی پارێزگای ئه‌نبار كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نبار وه‌ده‌ستهێنراوه‌ كه‌متره‌ له‌وه‌ی هه‌یه‌ و  له‌وانه‌یه‌ ژماره‌یه‌كی ته‌واو دروست نه‌بێت. ئه‌ویش به‌هۆی ناسه‌قامگیریی و گۆڕانی زۆر خێرا له‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و له‌كاركه‌وتنی خزمه‌تگوزارییه‌كان. له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ، یونامی ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه. یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی ، وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتن به‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و  نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتیه‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌م مانگه‌. 

 

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.