چوار شەممە, 01 تەمموز 2015 14:04

ژماره‌ی قوربانیان له‌ عیراق بۆ مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١٥ ‌ش له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌

به‌غدا،١ی ته‌موزی ٢٠١٥- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاری عیراق(یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌، ١٤٦٦ هاوڵاتی عیراقی كوژراون و ١٦٨٧ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون له‌ ده‌ره‌نجامی  كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستیەکان و پێكدادانی چه‌كداری كه‌  له‌ مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١٥دا روویانداوه‌. 

 

ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی ٦٦٥ كه‌سه‌ (٩٤ له‌وانه‌ پۆلیسن و ١٣٦ كوژراویش هی پارێزگای ئه‌نباره‌) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ١٠٣٢ كه‌سه‌ (١٠٤ له‌وانه‌ پۆلیسی مەدەنی و ١٦٣ برینداریش هی پارێزگای ئه‌نباره‌ ).

وێڕای كوژرانی ٨٠١   كه‌س  و برینداربوونی ٦٥٥ له‌ كارمه‌ندانی  هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق وه‌ك (پێشمه‌رگه‌ و  هێزی سوات و ئه‌و میلیشیانه‌ی شانبه‌شانی سوپای عیراق ده‌جه‌نگن). ئه‌م ئاماره‌ قوربانیانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه‌.

له‌ مانگی حوزه‌یراندا، به‌غدا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ٩٧٤ قوربانی (٣٢٤ كوژراو و ٦٥٠ بریندار) ، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای دیاله‌ دێت به‌ ( ٨٧ كوژراو و ١٥٧ بریندار ) دواتر هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی سه‌لاحه‌دین به‌ (٧٥ كوژراو و ٥٢ بریندار) و نه‌ینه‌وا به‌  (٢٧ كوژراو) و پارێزگای كه‌ركوك به‌ (٧ كوژراو و ٨ بریندار) دێن. 

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارانه‌ی له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نباره‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ ده‌ست یونامی ، ژماره‌ی قوربانیان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتگر بریتیه‌ ٢٩٩ هاوڵاتی (١٣٦ كوژراو و ١٦٣ بریندار) .

به‌ڕێز یان كوبیشی نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق وتی: "توندوتیژیی له‌ عیراق شێلگیرانه‌ به‌رده‌وامه‌ و باجه‌ هه‌ره‌ قورسه‌كه‌شی هاوڵاتیانی سڤیل ده‌یده‌ن".   

نێردراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وتیشی؛ "تیرۆرستانی به‌ناو داعش و توندڕه‌وه‌ تائیفییه‌كان به‌رپرسی سه‌ره‌كی ئه‌م كرده‌وه‌ توندوتیژانه‌ن، كه‌ كاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كانی ژیان جێهێشتووه‌". 

له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا به‌ڕێز كوبیش وتی: "داوا له‌ هه‌موو سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كان ده‌كه‌م به‌ یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌یه‌كی ئاشتییانه‌ بۆ ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌ هه‌ن و دووچاری عیراق و گه‌له‌كه‌ی ده‌بنه‌وه‌" . 

 

ئاگاداركردنه‌وه‌: به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له ‌لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ .  ژماره‌ی قوربانیانی پارێزگای ئه‌نبار كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نبار وه‌ده‌ستهێنراوه‌ كه‌متره‌ له‌وه‌ی هه‌یه‌ و  له‌وانه‌یه‌ ژماره‌یه‌كی ته‌واو دروست نه‌بێت. ئه‌ویش به‌هۆی ناسه‌قامگیریی و گۆڕانی زۆر خێرا له‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و له‌كاركه‌وتنی خزمه‌تگوزارییه‌كان. له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ، یونامی ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه. یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی ، وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتن به‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و  نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتیه‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌م مانگه‌. 

 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.