دوو شەممە, 14 ئەیلول 2015 10:27

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، بەڕێز کوبیش باسی گرنگی دامودەزگای بەتوانای هەڵبژاردن دەکات و پرسە و سەرەخۆشی خۆیشی ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراقی و خانەوادەکانی قوربانیانی هێرشە تیرۆرستییەکان کرد

بەغدا، ١٣ی ئەیلول ٢٠١٥ – لەمیانەی دیدارەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراقی، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، بەڕێز یان کوبیش ئامادەیی و هاوکاری تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکانی نیشاندا بۆ پێشخستنی پیشەگەرایی و سەربەخۆیی و بێ لایەنیی دامودەزگاکانی هەڵبژاردن لە عیراق.

هەروەها بەرێزیان ئەو توندوتیژییانەی کە دەرحەق بە ستافی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراقی کران ریسوا کرد و هەروەها پرسە و سەرەخۆشی خۆیشی ئاراستەی خانەوادەی ستافەکانی دەزگای هەڵبژاردن کرد کە بوونە قوربانی هێرشە تیرۆرستییەکانی داعش.

بەڕێز کوبیش وتیشی: "ئێمە پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراقی دووپات دەکەینەوە و ئەو هێرشە ترسۆناکانەی تیرۆرستانیش بۆ سەر ستافەکانی مەحکوم دەکەین و سەرەخۆشیش لە خانەوادەی قوربایان دەکەین کە ڕۆڵەکانیان شەهیدبوون".

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق هەروەها ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندبوونی خۆی نیشانداوە، لە ڕێگەی نوێکردنەوەی ماندێتی یونامی، بۆ هاوکاری کردنی حکومەتی عیراق و کۆمیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراقی بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی باوەڕپێکراو. هەروەها بەڕێزیان دەستخۆشی لەو بەرەوپێشچوونە کرد کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراقی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی بەدەستیان هێناوە بە دەستنیشانکردنی ڕۆڵ و بەرپرسیاریەتی هەریەکەیان تاکو نەتەوە یەکگرتووەکان بتوانێت هاوکاری هەردوو کۆمسیۆنەکە بکات بەشێوەیەکی ڕێک و پێک.

بەڕێز کوبیش هەروەها وتی: "دامودەزگای هەڵبژاردنی بەتوانا و دوور لە دەست تێوەردانی سیاسی زۆر گرنگە بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی دیموکراسی و پاراستن و سەلامەتی ستافی دەزگای هەڵبژاردن کە کۆڵەگەی سەرەکی ئەو دەزگایەن".

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.