سێ شەممە, 06 تشرینی یەکەم 2015 11:50

ئاماری ژماره‌ی قوربانیان له‌ عیراق بۆ مانگی ئه‌یلولی ٢٠١٥

به‌غدا، ای تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٥- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریكردنی عیراق(یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌ ، له‌ ده‌ره‌نجامی كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستی و پێكدادانی چه‌كداری كه‌ له‌ مانگی ئه‌یلولی ٢٠١٥دا روویانداوه‌، ٧١٧ هاوڵاتی عیراقی كوژراون و ١٢١٦ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون. ئه‌م ئاماره‌ قوربانیانی مه‌ده‌نی پارێزگای ئه‌نباریش ده‌گرێته‌وه‌.

 

ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی ٥٣٧ كه‌سه‌ به‌ هی پارێزگای ئه‌نباریشه‌وه‌ (٤٢ له‌وانه‌ پۆلیسن ) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ٩٢٥ كه‌سه‌ به‌ هی پارێزگای ئه‌نباریشه‌وه‌ ‌ (٣٨ له‌وانه‌ پۆلیسن).

وێڕای كوژرانی ١٨٠ كه‌س و برینداربوونی ٢٩١ له‌ كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق به‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزی سوات و ئه‌و میلیشیانه‌ی شانبه‌شانی سوپای عیراق ده‌جه‌نگن. ئه‌م ئاماره‌ قوربانیانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه‌.

به‌ڕێز یان كوبیشی نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وتی " نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ست به‌ نیگه‌رانییه‌كی قوڵ ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامی توندوتیژیی و هه‌ڵكشانی ژماره‌ی قوربانیان به‌م هۆیه‌وه" به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ " نابێت بازنه‌ی توندوتیژیی و ئاواره‌ بوون و كۆچ كردن ببنه‌ به‌ربه‌ست بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی سه‌ره‌كی له‌ بواری ئابووری و ئه‌منی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ شێوه‌یه‌كی دروست و ئامانج دار شانبه‌شانی چاكسازی دام و ده‌زگایی كه‌ ده‌بنه‌ هۆكاری یارمه‌تیده‌در بۆ سه‌قامگیری دۆخه‌كه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی هیوا بۆعیراقییه‌كان" .

له‌ مانگی ته‌موزدا به‌غدا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ٨٤٠ قوربانی (٢٥٧ كوژراو و ٥٨٣ بریندار) ، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای دیاله‌ دێت به‌ ( ٦٧ كوژراو و ٨٦ بریندار ) دواتر هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی سه‌لاحه‌دین به‌ (٨٧ كوژراو و ٦٤ بریندار) و نه‌ینه‌وا به‌ (٧٥ كوژراو ٨ بریندار) و پارێزگای كه‌ركوك به‌ (١٦ كوژراو و ٦بریندار) دێن.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نباره‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ ده‌ست یونامی ، ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتگر بریتیه‌ ٢٠٤ هاوڵاتی سڤیڵ (٢٨ كوژراو و ١٧٦ بریندار) .

 

ئاگاداركردنه‌وه‌ : . به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له ‌لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ . ژماره‌ی قوربانیانی پارێزگای ئه‌نبار كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نبار وه‌ده‌ستهێنراوه‌ كه‌متره‌ له‌وه‌ی هه‌یه‌ و له‌وانه‌یه‌ ژماره‌یه‌كی ته‌واو دروست نه‌بێت. ئه‌ویش به‌هۆی ناسه‌قامگیریی و گۆڕانی زۆر خێرا له‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و له‌كاركه‌وتنی خزمه‌تگوزارییه‌كان. له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ، یونامی ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه. یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی ، وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتن به‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتیه‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌م مانگه‌.