دوو شەممە, 12 تشرینی یەکەم 2015 14:45

په‌یامی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ٢٠١٥

"ئامانجی گه‌شه‌پێدانی درێژخایه‌ن"ی تازه‌په‌سندكراو بریتییه‌ له‌ چه‌ند ئامانجێكی سه‌ره‌كی سه‌باره‌ت به‌ یه‌كسانیی جێنده‌ری و به‌تواناكردنی كچان و ژنانیش. ئه‌و ئامانجانه‌ ده‌رفه‌تێكن بۆ پابه‌ندیی جیهانی بۆ نه‌هێشتنی هه‌ژاری و توندوتیژی و په‌راوێزخستن و جیاكاری ره‌گه‌زی كه‌ پشتاوپشت هاتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌ هه‌روه‌ها بۆ تیگه‌یشتن له‌ دیدی خۆشمان له‌سه‌ر ژیانی شكۆمه‌ندانه‌ به‌ هه‌مووان.

ئه‌ركی ئێمه‌ ئێستا كاركردنه‌ بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجانه‌ و بردنه‌سه‌ری به‌ڵێنه‌كانی خۆمان بۆ ره‌خساندنی هه‌لی شایسته‌ بۆ كچه‌كانمان كه‌ له‌ ساڵی ٢٠٣٠دا ده‌گه‌نه‌ ته‌مه‌نی هه‌رزهكاری. ئه‌مه‌ش به‌كورتی مانای به‌تواناكردنییانه‌ بۆ خۆدوورگرتن له‌ هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌ و دووگیانبوونی نه‌خوازراو و هه‌روه‌ها پاراستنیان له‌ تووشبوون به‌ ڤایرۆسی نه‌هیشتنی به‌رگری و خه‌ته‌نه‌كردن و ره‌خساندنی هه‌لی خوێندن و ده‌ستخستنی ئه‌و به‌هرانه‌ی كه‌ بۆ‌ زانینی تواناكانیان پێویستن. له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌و ئامانجانه‌ داوای دابینكردنی ته‌ندروستییان بۆ ده‌كه‌ن. كچان له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بن پێویسته‌ ژیانیێكی بێ ترس و توندوتیژی به‌سه‌ر به‌رن. گه‌ر ئێمه‌ ئه‌م پێشڤه‌چوونه‌ بۆ كچان دابین بكه‌ین ئه‌و به‌ دڵنیاییهوه‌ پێشكه‌وتن له‌سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگادا ده‌بینین.

هه‌ر دوای په‌سندكردنی ئامانجه‌ جیهانییه‌كان بۆ گه‌شه‌پێدانی درێژخایه‌ن له‌ مانگی رابردودا سه‌رانی جیهان زه‌نگێكیان له‌ هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبل، مه‌لالا یوسافزای، بیست كه‌ له‌لایه‌ن گه‌نجانی جیهانه‌وه‌ له‌ هۆڵی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی پاسه‌وانی ده‌كرا وتی "به‌ڵێنمان بده‌نی كه‌ ئێوه‌ پابه‌ندییه‌كانتان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و وه‌به‌رهێنانیش له‌ ئاینده‌ماندا ده‌كه‌ن".

٣ ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش و له "رۆژی كچی بچووك"دا من ئیدانه‌ی هێرشی سه‌ر مه‌لالام كرد و داوای هه‌لی زیاترم كرد بۆ كچان له‌ هه‌ر شوێنێك بن . ئه‌مڕۆش من ده‌ستخۆشی له‌ بوێرییه‌كه‌ی ئه‌و و هاوشێوه‌كانی ده‌كه‌م كه‌ ته‌نها ده‌یانه‌وێ له‌ جیهانه‌كه‌ماندا به‌شدار بن.

ده‌با له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان له‌ كچه‌ هه‌رزه‌كاره‌كانی ئه‌مڕۆدا مكوڕبین بۆ ئه‌وه‌ی به‌یانی بتوانن ببنه‌ هاوڵاتییهكی به‌هێز و سه‌ركرده‌ی سیاسی و بازرگانی به‌هه‌ڵمه‌ت و بژێوده‌ری ماڵ و بگره‌ زیاتریش . ئه‌مه‌ش ده‌توانێت هه‌م مافه‌كانی ئه‌وان و هه‌میش ئاینده‌ی هاوبه‌شی ئێمه ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.

بان كی موون

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.