دوو شەممە, 26 تشرینی یەکەم 2015 03:00

یونامی به‌ توندی كوشتنی ناموسپارێزی درێژه‌پێدراو ریسوا ده‌كات

به‌غدا، ٢٦ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٥:- نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاوكاریكردنی عیراق (یونامی) به‌ توندی كوشتنی ئه‌م دواییه‌ی ئافره‌تێكی گه‌نج له‌ سلێمانی ریسوا ده‌كات كه‌ له‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت گوایه‌ له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌یه‌وه‌ به‌ بیانووی ناموس پارێزییه‌وه‌ كوژراوه‌.

یونامی له‌مباره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ "ناموس به‌ هیچ كڵۆجێك بیانوو نییه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونه‌ دژی ئه‌ندامه‌ مێیینه‌كانی خێزان و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م جۆره‌ تاوانانه‌ش پێویسته‌ راپێچی به‌رده‌م یاسا بكرێن".

هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه‌ فرانسیسكۆ مۆتای به‌رپرسی نوسینگه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و نوێنه‌ری كۆمیساریای باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عێراق وتی: " سه‌باره‌ت به‌م تاوانه‌، مایه‌ی دڵخۆشییه‌ كاتێك هه‌ست ده‌كرێت كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چالاكانه‌ ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه‌ كردووه‌ و فه‌رمانی ده‌سگیركردنیشی بۆ تۆمه‌تباران ده‌ركردووه‌".

ئه‌و هه‌روه‌ها وتیشی:" به‌ڵام هێشتاش زۆر ماوه‌ كه‌ بكرێت بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ تێڕوانینی كه‌لتوری چه‌ند توێژێكی كۆمه‌ڵگا كه‌ ناموس پارێزییان بۆ ئه‌نجامدانی توندوتیژی دژی ئه‌ندامانی خێزان، به‌تایبه‌تیش ژنان، كردووه‌ته‌ بیانوو."

هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند بڕگه‌ یاسایه‌كی له‌ یاسای سزا پوچه‌ڵ كردووته‌وه‌ كه‌ بیانووی ناموسپارێزی بۆ سووككردنی تاوانی ئه‌نجامدانی توندوتیژی دژی ئه‌ندامانی خێزان ده‌هێننه‌وه‌ كه‌چی هێشتا ئه‌م بڕگانه‌ له‌ یاسای سزای عیراقیدا هه‌ر به‌ركارن.

ئه‌و زیاتر له‌سه‌ری رۆیشت كاتێك وتی: "زۆر پێویسته‌ كه‌ عیراقیش ئه‌م بڕگه‌ جیاكارییانه‌ له‌ یاسای سزا پوچه‌ڵ بكاته‌وه‌ بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ هه‌ر كه‌سێك تاوانی توندوتیژی دژی ئه‌ندامانی خێزان ، به‌ تایبه‌تی ژنان و منداڵان، ئه‌نجام بدات ئه‌وه‌ بێ هیچ بیانوو و پاساوێك په‌لكێشی دادگا ده‌كرێت".

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.