دوو شەممە, 01 شوبات 2016 03:00

ئاماری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژماره‌ی قوربانیان له‌ عیراق بۆ مانگی كانونی دووه‌م ٢٠١٦

به‌غدا،١ی شوباتی٢٠١٦- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریكردنی عیراق (یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌ ، له‌ ده‌ره‌نجامی كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستی و پێكدادانی چه‌كداری كه‌ له‌ مانگی كانونی دووه‌می ٢٠١٦دا روویانداوه‌، ٨٤٩ هاوڵاتی عیراقی كوژراون و ١٤٥٠ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی ٤٩٠ كه‌سه‌ (٢٤ له‌وانه‌ سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدراڵی و و هێزه‌كانی سه‌حوه‌ و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی دام و ده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگر كوژێنه‌وه‌ بوون) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ١١٥٧ كه‌سه‌ ،( ٤٧ له‌وانه‌ سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدراڵی و و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه‌ و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی دام و ده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگر كوژینه‌وه‌ بوون ).

وێڕای كوژرانی ٣٥٩ كه‌س و برینداربوونی ٢٩٣ له‌ كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق وه‌ك (پێشمه‌رگه‌ و هێزی سوات و ئه‌و میلیشیانه‌ی شانبه‌شانی سوپای عیراق ده‌جه‌نگن). ئه‌م ئاماره‌ قوربانیانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق به‌ڕێز یان كوبیش نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامبوونی تۆماركردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی قوربانیان پیشاندا و به‌ تایبه‌تیش به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی برینداربووانی مه‌ده‌نی له‌ مانگی كانونی دووه‌م به‌ به‌راورد له‌ گه‌ڵ مانگی پێشوو تر .

به‌ڕێزیان وتی " له‌ ده‌ستدانی یه‌ك قوربانی ژماره‌یه‌كی زۆره‌، پێویسته نه‌هامه‌تییه‌كانی گه‌لی عیراق كۆتایی پێ بێت ‌" هه‌روه‌ها وتی " عیراقییه‌كان به‌ تایبه‌تیش هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی به‌رده‌وام نرخی ئه‌م ململانێیه‌ ده‌ده‌ن و پێویسته‌ گه‌لی عیراق ده‌رفه‌تی ژیانێكی ئارام و ئاسووده‌یان بۆ بڕه‌خسێ".

له‌ مانگی كانوونی دووه‌مدا به‌غدا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ١٠٨٤ قوربانی (٢٩٩ كوژراو و ٧٨٥ بریندار) ، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای دیاله‌ دێت به‌ ( ٦١ كوژراو و ٧٩ بریندار ) دواتر هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا به‌ (٥٥ كوژراو و ٢٤ بریندار) و پارێزگای كه‌ركوك به‌ (١٢ كوژراو و ٣ بریندار) و پارێزگای سه‌لاحه‌دین به(‌ ٢ كوژراو و ١٤ بریندار) دێن.

و به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی پارێزگای ئه‌نبار گه‌یشتۆته‌ ده‌ست نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی قوربانیان له‌ ١-٣٠ مانگی كانونی دووه‌می ٢٠١٦ دا بریتییه‌ له‌ ٣٠٤ قوربانی مەدەنی ( ٥٦ كوژراو و ٢٤٨ بریندار )

ئاگاداركردنه‌وه‌: به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له ‌لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ . ژماره‌ی قوربانیانی پارێزگای ئه‌نبار كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نبار وه‌ده‌ستهێنراوه‌ كه‌متره‌ له‌وه‌ی هه‌یه‌ و له‌وانه‌یه‌ ژماره‌یه‌كی ته‌واو دروست نه‌بێت. ئه‌ویش به‌هۆی ناسه‌قامگیریی و گۆڕانی زۆر خێرا له‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و له‌كاركه‌وتنی خزمه‌تگوزارییه‌كان. له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا، یونامی ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه. یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی ، وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتن به‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتیه‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌م مانگه‌.