سێ شەممە, 01 ئازار 2016 15:03

به‌یاننامه‌ی وته‌بێژی سكرتێری گشتی ده‌رباره‌ی هێرشه‌ تیرۆستییه‌كانی عیراق

نیویۆرك ، ٢٩ شوباتی ٢٠١٦ : سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئیدانه‌ی هێرشه‌ تێرۆریستییه‌ وه‌حشیگه‌رانییه‌كانی ئه‌م دوایانه‌ی به‌غداو میقدادیه‌ ده‌كات كه‌ تیایاندا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتی مه‌ده‌نی كوژران و بریندار بوون . به‌ڕێزیان پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆی بۆ خانه‌واده‌ی قوربانیان و حكومه‌ت و گه‌لی عیراق ده‌ربڕی هیوای چاكبوونه‌وه‌ی خێراشی بۆ برینداران خواست.

سكرتێری گشتی نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به‌و هێرشه‌ ترسنۆكانه‌ی كه‌ داعش به‌ر پرسیاره‌تی ئه‌نجامدانی گرتۆته‌ ئه‌ستۆی خۆی و پرسه‌ و بازاڕه‌كان و شوێنه‌كانی خواپه‌رستی كردۆته‌ ئامانج به‌ مه‌به‌ستی لاواز كردن و له‌باربردنی یه‌كێتی نێوان گه‌لی عیراق . به‌ڕێزیان داوای له‌ گه‌لی عیراق كرد ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه كه‌ مه‌به‌ستییان بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقینه‌ ره‌ت بكاته‌وه‌ .

هه‌روه‌ها به‌ڕێز سكرتێری گشتی داوا له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كات ئاماده‌كار و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانانه‌ به‌ زوترین كات په‌لكێشی دادگا بكات. له‌ كۆتایشدا به‌ڕێزیان پابه‌ندی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانی له‌ پاڵپشتكردن و پشتگیریی كردنی عیراق دووپات كرده‌وه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ پته‌وكردن و بره‌ودان به‌ گفتوگۆ و ئاشته‌وایی نیشتمانی .

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.