چوار شەممە, 02 ئازار 2016 10:19

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق یان كوبیش ته‌قینه‌وه‌ كاره‌ساتباره‌كان ئیدانه‌ ده‌كات و داوای یه‌كڕیزیش له‌ عیراقییه‌كان ده‌كات بو پێشگرتن به‌ هه‌وڵه‌كانی داعش له‌ خۆشكردنه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕی تایه‌فی

به‌غدا، ١ی ئاداری ٢٠١٦:- نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق یان كوبیش به‌ توندی ئیدانه‌ ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كان ده‌كات كه‌ یه‌كێكیان دژی پرسه‌یه‌ك له‌ میقدادییه‌ی پارێزگای دیاله‌ و ئه‌وی تریش له‌ ئه‌بو غرێب له‌ ٢٩ی شوباتی ٢٠١٦ روویاندا.

به‌ڕێز كوبیش له‌مباره‌وه‌ وتی "مه‌به‌ست له‌م هێرشه‌ كاره‌ساتبارانه‌ی پرسه‌كه‌ی میقدادییه‌ و ئه‌بوغریب و شاری سه‌در و چه‌ندان شوێنی تری عیراقیش له‌م چه‌ند رۆژانه‌ی دواییدا، كه‌ بوونه‌ مایه‌ی كوشتن و برینداركردنی ده‌یان كه‌س، ته‌نها لاوازكردنی یه‌كڕیزیی عیراقه‌."

ئه‌و وتیشی "له‌ راستیدا، به‌ هۆی كاره‌ تیرۆریستییه‌كانی داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) ه‌وه‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی عیراق زیانی گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتووه‌ و ئه‌م جۆره‌ دڕندایه‌تییه‌ش هیچ پاساوێكی بۆ نییه‌. ئامانجی داعشیش لاوازكردنی یه‌كڕیزیی عیراق و خۆشكردنی شه‌ڕی تایه‌فییه‌. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ خه‌ڵكی عیراق دوای یه‌كگرتنیان و پێشكه‌وتنی به‌رچاویان له‌ شه‌ڕی داعش له‌ چه‌ندان ناوچه‌ی وڵاتدا به‌ده‌ست هێنا. پێویسته‌ عیراقییه‌كان بایی ئه‌وه‌نده‌ وشیار بن كه‌ ده‌رفه‌ت به‌م رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ نه‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی له‌ لاوازكردنی یه‌كییه‌تی عیراق و خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌رگیز بێته‌ دی."

ئه‌و زیاتر وتی "لای خۆشییه‌وه‌ سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌ڕێز بانكی مۆن، ئه‌م كاره‌ قێزه‌ونانه‌ی ئیدانه‌ كرد و نیگه‌رانی خۆشی سه‌باره‌ت به‌م هێرشه‌ ترسنۆكانه‌یه‌ ده‌ربڕی كه‌ بۆ لاوازكردنی یه‌كییه‌تی عیراق ئه‌نجام ده‌درێن. ئه‌و داوای بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له‌ خه‌ڵكی عیراق كرد كه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن ده‌نرێن. منیش رای ده‌خه‌مه‌ گه‌ڵ رای ئه‌و له‌ داواكردن له‌ حكومه‌تی عیراق بۆ دڵنیابوون له‌ به‌ زوویی په‌لكێشكردنی تاوانباران بۆ به‌رده‌م دادگا."

هه‌روه‌ها، جه‌نابی سكرتێری گشتی پابه‌ندی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشی بۆ پشتگیریكردنی عیراق دووپات كرده‌وه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ گه‌شه‌دان به‌ گفتوگۆ و ئاشته‌وایی نیشتمانی.

وێڕای ده‌ربڕینی داخی زۆریشی بۆ به‌رده‌وامبوونی قوربانییه‌كانی توندوتیژییه‌كانی عیراق، به‌تایبه‌تیش له‌ نێوان خه‌ڵكی مه‌ده‌نیدا، به‌ڕێز كوبیش وتی "به‌ داخه‌وه‌ كوشنده‌ترین زه‌بر له‌ شه‌ڕه‌كانی عیراقدا به‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ده‌كه‌وێت."

ئه‌م قسانه‌ی به‌ڕێزیان دوای ده‌رچوونی ئاماری قوربانییه‌كانی عیراق بوو كه‌ له‌ ١ی ئاداری ئه‌مساڵدا بڵاو كرایه‌وه‌ و تێیدا ژماره‌ی كوژراوانی له‌ مانگی شوباتی رابردوودا به‌ ٦٧٠ و ژماره‌ی بریندارانیشی به‌ ١٢٩٠ خستبووه‌ڕوو. به‌ڵام ئه‌و ژماره‌ی كه‌ له‌لایه‌ن (یونامی)یه‌وه‌ پشتڕاستكرایه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ ٤١٠ كوژرا و ١٠٥٠ بریندار .

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.