یەک شەممە, 01 ئایار 2016 16:04

ئاماری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژماره‌ی قوربانیان له‌ عیراق بۆ مانگی نیسان ٢٠١٦

به‌غدا،١ی ئایاری ٢٠١٦- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریكردنی عیراق(یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌ ، له‌ ده‌ره‌نجامی كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستی و پێكدادانی چه‌كداری كه‌ له‌ مانگی نیسانی ٢٠١٦دا روویانداوه‌، ٧٤١ هاوڵاتی عیراقی كوژراون و ١٣٧٤ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی ٤١٠ كه‌سه‌ (١١ له‌وانه‌ سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدراڵی و و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه‌ و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی دام و ده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگر كوژینه‌وه‌ بوون ) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ٩٧٣ كه‌سه‌ ،( ٢٠ له‌وانه‌ سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدراڵی و و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه‌ و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی دام و ده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگر كوژینه‌وه‌ بوون ).

وێڕای كوژرانی ٣٣١ كه‌س و برینداربوونی ٤٠١ له‌ كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق وه‌ك (پێشمه‌رگه‌ و هێزی سوات و ئه‌و میلیشیانه‌ی شانبه‌شانی سوپای عیراق ده‌جه‌نگن) . ئه‌م ئاماره‌ قوربانیانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه‌.

‌ ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌م مانگه‌ كه‌متره‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیانی مانگی ئازار كه‌ له‌و مانگه‌دا ١١١٩ كه‌س كوژران و ١٥٦١ كه‌سی تریش بریندار بوون .

له‌م باره‌یه‌وه‌ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق به‌ڕێز یان كۆبیش نیگه‌رانی قوڵی خۆی سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامی توندوتیژیی له‌ عیراق ده‌ربڕی و وتی " بیننی خوێن ڕشتنی به‌رده‌وام و گیان له‌ده‌ستدان ئازارمان ده‌دات به‌تایبه‌تیش له‌ ریزی هاوڵاتییانی سڤیل كه‌ ئه‌وان باجێكی یه‌كجار قورس ده‌ده‌ن له‌ ده‌ره‌نجامی ته‌قینه‌وه‌كان و پێكدادانه‌ چه‌كدارییه‌كان"

هه‌روها به‌ڕێزیان وتی " تیرۆریستان له‌ هێرشه‌ خۆكوژه‌كانیاندا چایخانه‌و شوێنه‌كانی په‌رستن و سه‌ردانكه‌رانی شوێنه‌ پیرۆزه‌كان و بازاڕه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ و هه‌ڵمه‌تێكی دڵ ره‌قانه‌ ده‌كه‌نه‌ ئامانج ، بۆ لێكه‌وتنه‌وه‌ی زۆرترین قوربانی و جێهێشتنی نه‌هامه‌تی گه‌وره‌ی له‌ راده‌به‌ده‌ر به‌سه‌ر دانیشتوان"

ئاماره‌كانی ئه‌م مانگه‌ وا ده‌رده‌خه‌ن به‌غدا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ٨٧٤ قوربانی سڤیل (٢٣٢ كوژراو و ٦٤٢ بریندار) ، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای نه‌ینه‌وا دێت به‌ ( ٧٢ كوژراو و ٣٠ بریندار ) دواتر هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی سه‌لاحه‌دین به‌ (٣٢كوژراو و ٢٤ بریندار) و پارێزگای دیاله‌ به‌ (١٧ كوژراو و ١٥ بریندار) و پارێزگای كه‌ركوك به(‌ ١٦ كوژراو ١٠ بریندار) و پارێزگای به‌سره‌ به‌ (٨ كوژراو و ١٦بریندار ) دێن.

و به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی پارێزگای ئه‌نبار گه‌یشتۆته‌ ده‌ست نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌م پارێزگایه‌ بریتییه‌ له‌ ‌ ٢٥٢ قوربانی سڤیل ( ٢٧ كوژراو و ٢٢٥ بریندار )

ئاگاداركردنه‌وه‌ : . به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له ‌لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ . ژماره‌ی قوربانیانی پارێزگای ئه‌نبار كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نبار وه‌ده‌ستهێنراوه‌ كه‌متره‌ له‌وه‌ی هه‌یه‌ و له‌وانه‌یه‌ ژماره‌یه‌كی ته‌واو دروست نه‌بێت. ئه‌ویش به‌هۆی ناسه‌قامگیریی و گۆڕانی زۆر خێرا له‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و له‌كاركه‌وتنی خزمه‌تگوزارییه‌كان. له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ، یونامی ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه. یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی ، وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتن به‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتیه‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌م مانگه‌.