پێنج شەممە, 19 ئایار 2016 09:44

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وێڕای به‌ توندی ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كان : تیرۆریستان خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی بێتاوان ده‌كه‌نه‌ ئامانج

به‌غداد، ١٧ی ئایاری ٢٠١٦:- نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق یان كوبیش به‌ توندی ئیدانه‌ی زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی ئه‌مڕۆی شاری به‌غدای كرد كه‌ بازاڕێكی جه‌نجاڵی گه‌ڕه‌كی شه‌عب له‌ شاری سه‌در و گه‌ڕه‌كی ئه‌لڕه‌شیدیان كرده‌ ئامانج كه‌ بوونه‌ مایه‌ی كوشتن و برینداركردنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی به‌ ژنان و منداڵانیشه‌وه‌. خۆشبه‌ختانه‌ زۆر كاری تیرۆریستی ترسنۆكانه‌ی تریش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌ پووچه‌ڵكرانه‌وه‌.

به‌م بۆنه‌وه‌ به‌ڕێز كوبیش سه‌رخۆشی گه‌رمی خۆی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی قوربانییان ده‌كات و هیوای هه‌رچی زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازێت.

به‌ڕێز كوبیش زیاتر وتی "دیسان تیرۆریستان هێرشه‌كانیان ئه‌نجام دایه‌وه‌ و ئه‌مه‌شیان خسته‌ سه‌ر تۆماره‌ دوورودرێژه‌ پڕ توندوتیژییه‌كانیان كه‌ پڕه‌ له‌ كوشتن و وێرانكاری و مه‌به‌ستی ئه‌مجاره‌شیان كوشتنی ژماره‌یه‌كی زۆر تر بوو له‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی".

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.