چوار شەممە, 01 حوزەیران 2016 16:25

ئاماری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژماره‌ی قوربانیان له‌ عیراق بۆ‌ مانگی ئایاری٢٠١٦

به‌غدا،١ی حوزه‌یرانی ٢٠١٦- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریكردنی عیراق(یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌ ، له‌ ده‌ره‌نجامی كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستی و پێكدادانی چه‌كداری كه‌ له‌ مانگی ئایاری ٢٠١٦دا روویانداوه‌، ٨٦٧ هاوڵاتی عیراقی كوژراون و ١٤٥٩ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی ٤٦٨ كه‌سه‌ (١٩ له‌وانه‌ سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدراڵی و و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه‌ و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی دام و ده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگر كوژینه‌وه‌ بوون ) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ١٠٤١ كه‌سه‌ ،( ٩٦ له‌وانه‌ سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدراڵی و و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه‌ و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی دام و ده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگر كوژینه‌وه‌ بوون ).

وێڕای كوژرانی ٣٩٩ كه‌س و برینداربوونی ٤١٨ له‌ كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق وه‌ك (پێشمه‌رگه‌ و هێزی سوات و ئه‌و میلیشیانه‌ی شانبه‌شانی سوپای عیراق ده‌جه‌نگن) . ئه‌م ئاماره‌ قوربانیانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه‌.

‌ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌م مانگه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ له‌ ژماره‌ی قوربانیانی مانگی نیسان به‌رزبۆته‌وه‌ ، كه‌ له‌و مانگه‌دا ٧٤١ كه‌س كوژران و ١٣٧٤ كه‌سی تریش بریندار بوون .

ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ ژماره‌ی قوربانیانی مانگی ئایار زیاد بكات ، چونكه‌ ئه‌م ئاماره‌ ژماره‌ی قوربانیانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه‌ ، كه‌ ئه‌م پارێزگایه‌ له‌م رۆژانه‌ی دواییدا بۆته‌ مه‌یدانی جه‌نگێكی توند و وردبینیش له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ سایه‌ی ئه‌م ململانێیه‌ كارێكی ئێجگار قورسه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق به‌ڕێز یان كۆبیش نیگه‌رانی قوڵی خۆی ده‌ڕبری سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامی له‌ ده‌ستدانی ژیان و گیان ، به‌ تایبه‌تیش هاوڵاتیانی سڤیلی شه‌ڕ نه‌ویست به‌ هۆی كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كان و و ئاماژه‌شی بۆ‌ توانای خۆڕاگری گه‌لی عیراق كرد . و به‌ڕێز كۆبیش داوای له‌ حكومه‌تی عیراق كرد ڕێو شوێنی پێویست و كاریگه‌رتر بگرێته‌ به‌ر بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیڵ له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆرستیانه‌دا.

هه‌روها به‌ڕێزیان وتی " هاوڵاتیانی سڤیل ئه‌وانه‌ی ژیانی رۆژانه‌یان ده‌گوزه‌رێنن بونه‌ته‌ ئامانجی تیرۆرسته‌ خۆكوژه‌كان و ئۆتۆمبێله‌ بۆمبرێژكراوه‌كان . له‌هه‌ندێك له‌م هێرشانه‌دا زه‌یارتكاران به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت كراونه‌ته‌ ئامانج . هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك زیانی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتووه‌ وئه‌م پێكدادانه‌ چه‌كدارییانه‌ كه‌سی جیانه‌كردۆته‌وه‌ ، به‌ڵام ویستی گه‌لی عێراق سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو كوشتاره‌ هه‌ر به‌ خۆڕاگری ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش مایه‌ی هیوای به‌خشینه‌ بۆ ئایینده‌ .

و منیش ده‌نگی خۆم ده‌خه‌مه‌ پاڵ ده‌نگی گه‌لی عیراق و به‌ تایبه‌تیش خه‌ڵكی به‌غدا كه‌ چه‌ند كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆرستی تیایدا روویدا و داوا له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌م هه‌موو كۆششه‌كانی بخاته‌ گه‌ڕ بۆ رێگرتن له‌ روودانی ئه‌م جۆره‌ كرده‌وه‌ وه‌حشیگه‌رانه‌"

به‌ڕێز نوێنه‌ری تایبه‌ت ئاماژه‌ی دا به‌ زیاد بوونی ژماره‌ی قوربانیانی سڤیڵ له‌م مانگه‌و و ئه‌گه‌ری كه‌وتنی ژماره‌یه‌كی زۆرتری قوربانی سڤیڵ له‌ پارێزگای ئه‌نبار به‌ تایبه‌تیش له‌ شاری فه‌لوجه‌ به‌ هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌وێ به‌رده‌وامه‌ . به‌ڕێز كۆبیش دووباره‌ داوای له‌ لایه‌نه‌كان كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو كۆششه‌كانیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سڤیڵ و مسۆگه‌ر كردنی پاراستنی ژێرخانی شاری فه‌لوجه‌ به‌ پێی بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی مافه‌كانی مرۆڤ و یاسا مرۆییه‌ په‌یوه‌نداره‌كان. هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان وتی " نابێت هاوڵاتیانی سڤیلی بێ تاوان باجی ئه‌و تاوانانه‌ بده‌ن كه‌ رێكخراوی داعش ئه‌نجامی ده‌دات" .

ئاماره‌كانی ئه‌م مانگه‌ وا ده‌رده‌خه‌ن به‌غدا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ١٠٠٧ قوربانی سڤیل (٢٦٧ كوژراو و ٧٤٠ بریندار) ، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای نه‌ینه‌وا دێت به‌ ( ٥٦ كوژراو ) دواتر هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی دیاله‌ به‌ (٤٩كوژراو و ٩٣ بریندار) و پارێزگای موسه‌ننا به‌ (٤١ كوژراو و ٧٥ بریندار) و پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین به (‌ ٣٥ كوژراو ٥٥ بریندار) و پارێزگای كه‌ركوك به‌ (٧ كوژراو و ٦٢بریندار ) دێن.

ئاگاداركردنه‌وه‌ : . به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له ‌لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ، یونامی ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه. یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی ، وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتن به‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتیه‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌م مانگه‌.