یەک شەممە, 05 حوزەیران 2016 20:40

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بەریز یان کوبیش ده‌ستخۆشی له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی پایه‌دار سیستانی ده‌كات بۆ پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌ فه‌للوجه‌ و نیگه‌رانی خۆشی سه‌باره‌ت به‌ پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌رده‌بڕێت و دا

به‌غدا، ٥ی حوزێرانی ٢٠١٦:- نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، بەڕێز یان كوبیش ده‌ستخۆشی له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی پایه‌دار ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی ده‌كات بۆ پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و كه‌لوپه‌لیان له‌كاتی ئه‌نجامدانی كرده‌ سه‌ربازییه‌كانی رزگاركردنه‌وه‌ی فه‌للوجه‌.



به‌ڕێز كوبیش بانگه‌وازه‌كه‌ی بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كانی شه‌ڕ دووپات ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وی هه‌رچی له‌ ده‌ستیان بێت بۆ پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ئه‌نجامی بده‌ن و به‌ توندیش پابه‌ندی یاسای مرۆیی جیهانی بن و له‌وه‌ش دڵنیابن كه‌ چاره‌سه‌ری پزیشكی و یارمه‌تیی مرۆیی بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ دابینكراوه‌ و ده‌توانن ناوچه‌ی شه‌ڕ و توندوتیژیش به‌ شێوه‌یه‌كی رێكوپێك جێ بهێلن.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، به‌ڕێز كوبیش نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به‌و راپۆرتانه‌ ده‌ربڕی كه‌ باس له‌ پێشێلكارییه‌كان ده‌كه‌ن دژی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی كه‌ ده‌یانه‌وێ ناوچه‌ی شه‌ڕ جێ بهێلن و و هانی حكومه‌تی عیراقیش ده‌دات بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد بۆ ئه‌و راپۆرتانه‌ و خستنه‌گه‌ڕی ئه‌وپه‌ڕی توانایان بۆ پێشگرتن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه‌ و دادگاییكردنی تاوانبارانیش‌ به‌شێوه‌یه‌كی رۆشنانه‌. ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له‌ رێكاره‌كانی به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادیی سه‌رۆك وه‌زیرانیش ده‌كات له‌مباره‌وه‌.

به‌ڕێز كوبیش له‌مباره‌وه‌ وتی "له‌ راستیدا خه‌ڵكی فه‌لوجه‌ ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كی زۆریان بینیوه‌ له‌ ژێر ده‌ستی داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام)ی تیرۆریست و شه‌ڕدا و ئێستاش پێویستیان به‌ په‌نادان هه‌یه‌. ئه‌وان نابێ ئازار و نه‌هامه‌تی و ترسوتۆقاندنی زیاتر بچێژن".

بەڕیزیان زیاتر وتی "شه‌ڕی فه‌لوجه‌ شه‌ڕی هه‌موو عیراقییه‌كانه‌ كه‌ ئه‌وان و هه‌مو وخه‌ڵك عیراق خوازیارن ئاینده‌یه‌كی بێ داعشیان هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ی رزگاركردنه‌وه‌ی فه‌لوجه‌ هه‌رگیز نابێ ببێته‌ مایه‌ی له‌كه‌داركردنی به‌هۆی پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ و سه‌روه‌ریی خه‌ڵك به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر بنه‌مای تایه‌فی".

بەڕێزیان هانی هه‌موو سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ عیراقیه‌كان و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان و هێزه‌كانی ئاسایش ده‌دات بۆ ئه‌نجامدانی به‌رپرسیارییان و پاراستنی یه‌كڕیزییان بۆ رزگاركردنه‌وه‌ی فه‌لوجه‌ و رێگه‌ نه‌دان به‌ ره‌خساندنی هه‌ل بۆ داعش بۆ به‌كارهێنانی پێشێلكاری، به‌تایبه‌تیش تایه‌فی، بۆ ئامانجه‌ گڵاوه‌كانی.

له‌ كۆتاییدا بەڕیزیان وتی "خۆشكردنی ئاگری فیتنه‌و گرژیی تایه‌فی هه‌میشه‌ ئامانجی تیرۆریستانه‌. كرده‌ی فه‌لوجه‌ پێویسته‌ ببێته‌ مایه‌ی یه‌كڕیزیی هێزه‌ سیاسییه‌كان دژی ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێ شه‌ڕی تایه‌فی هه‌ڵگێرسێنن له‌گه‌ڵ هاندانیان بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن له‌ پێناو ئاشته‌وایی نیشتمانیی بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری مامناوه‌ند كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای گشتگری و یه‌كسانی و دادوه‌ری بۆ هه‌مووان و ئه‌وانه‌ی كه‌ بنه‌مای یه‌كڕیزیی عیراق و خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن".

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.