هەینی, 10 حوزەیران 2016 00:08

پاڵپشتی کردنی دارایی بەرەو تەواوبوون دەچێت؛ پاڵپشتی دارایی زۆر زیاتر پێویستە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە لە فەللوجەوە ڕادەکەن

(بەغدا، ٨ی حوزەیرانی ٢٠١٦): نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر نیگەرانە لەبارەی قەیرانی مرۆیی لە فەللوجە. زیاتر لە ٢٠٠٠٠ کەس لە فەللوجە و ناوچەکانی دەوروبەری لەوەتەی ٢٢ی ئایارەوە ڕایانکردووە.

هەماهەنگیکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، خاتوو. لیز گڕاندێ سەردانی عامریەت ئەل فەللوجەی لە ڕۆژهەڵاتی ئەنبار کرد و چاوی کەوت بەو کەسانەی کە توانیبوویان بگەنە شوێنی سەلامەت. خاتوو. گڕاندێ گوتی "ئێمە قسەمان لەگەڵ خێزانەکان کرد کە ژیانی خۆیان خستبووە مەترسیەوە تاکو لە فەللوجە ڕابکەن. چیڕۆکەکانیان دڵ ئازار دەدات. زۆربەیان بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ بە پیادە ڕۆیشتوون تاکو بگەنە شوێنی سەلامەت؛ ئەو کەسانە تەقەیان لێکراوە، ئەو کەسانەش کە هەوڵیان داوە لە ڕووبارەکە بپەڕنەوە نقوم بوون و بە هەزاران کەسی تریش هێشتا لە ناوەڕاستی شارەکەوە گیریان خواردووە، "

ئۆپەڕاسیۆنێکی مرۆیی گەورە لە ڕێگادایە بۆ هاوکاری کردنی ئەو کەسانەی کە لە فەللوجەوە ئاوارەبوون. خاتوو. گڕاندێ گوتی "هەوڵە مەزنەکان دراون بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە بە زووترین کات دەگەنە ئەو خێوەتگایانەی کە لەلایەن حکومەتەوە دامەزراون. ئاژانسە مرۆییەکانیش بە ئەرکی خۆیان هەڵساون،"

میکانیزمی بەهاناوەهاتنی بەپەلە، کە لەلایەن سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی بە هەماهەنگی لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و کۆمەڵەیەك لە ڕێکخراوە ناحکومیەکانەوە بەڕێوە دەبرێت، بە هەزاران پێداویستی خێزانیان لە قەزاکانی فەللوجە و ئەبو غرێب دابەشکردووە لەوانە پارچەکانی خۆراکی ئامادەکراو، ئاوی لە بوتڵ کراو و پێداویستی پاك و خاوێنی. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نۆرینگەکانی تەندروستی گەڕۆك بەڕێوە دەبات و سەنتەرەکانی چاودێری تەندروستی سەرەتایی لە خێوەتگەکان دامەزراندووە. لێژنەی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران بە هەزاران ڕەشماڵی دابین کردووە و دوو خێوەتگەی تازە بە خێرایی بنیات دەنێت بۆ کەم کردنەوەی ئەو قەرەباڵغیەی دانیشتوان. ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەران پێداویستیەکان و کەل و پەلەکانی ناوماڵ دابین دەکات و ئامادەیە کە ڕەشماڵی تریش بنیات بنێت بۆ ئەو خێزانانەی کە پێشبینی دەکرێن لە فەللوجەوە بگەن لە ڕۆژەکانی داهاتوودا. 

خزمەتگوزاریە تایبەتەکان دابین کراون. ئەو منداڵانەی کە چەندین ساڵە نەکوتراون کوتانەکانی ڕزگارکردنی ژیان وەردەگرن. کرێکارانی کۆمەڵایەتی و تیمە گەڕۆکەکان هاوکاری دەروونی کۆمەڵایەتی بۆ ئافرەتان و کچان دابین دەکەن، لەوانە هاوکاری بۆ قوربانیانی دەستی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی و سێکسی.

خاتوو. گڕاندێ گوتی "هاوکارانی مرۆیی ٢٤ کاتژمێر کاردەکەن بۆ دابین کردنی هاوکاری. ئێمە دەمانەوێت کاری مرۆیی زیاتر ئەنجام بدەین، و پێویستە هەوڵی زیاتر بدەین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو خێزانانە شوێنی سێبەر و شوێنی حەوانەوە و چاودێری تەندروستی و خۆراك و ئاویان هەیە. " خەڵکی بە ئێمە دەڵێن کە بە دەیان وهەزاران هاووڵاتی هێشتا لە ناو فەللوجە گیریان خواردووە. ئێمە زۆر نیگەرانین لەبارەی سەلامەتیان و بانگەشەی هەموو لایەنەکانی ئەم ململانێیە دەکەین کە هەرشتێك لەتوانایان دایە بیکەن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان."

نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوکاران داوای ٨٦١ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی دەکەن بۆ ساڵی ٢٠١٦ تاکو کۆمەکی تەنگەتاوی بۆ ٧.٣ ملیۆن عێراقی دابین بکەن کە لە چینی هەژارانن. تەنها ٣١ لەسەدای، کە دەکاتە ٢٦٥ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی تاکو ئێستا وەرگیراوە. خاتوو. گڕاندێ گوتی " ئێمە هەموو ئەو سەرچاوانەی کە لەبەر دەستدایە بەکاری دەهێنین بەڵام ئێمە پاڵپشتی داراییمان بەرەو تەواوبوون دەچێت. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پارەیەکی ئێجگار زۆری لە سەربازی سەرف کردووە بۆ بەزاندنی داعش. ئێمە پێویستە کاری زۆر لەوە زیاتر بکەین تاکو یارمەتی قوربانیان بدەین. ئێمە ناتوانین کە پشت لەو خەڵکانە بکەین."

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.