هەینی, 01 تەمموز 2016 03:00

ئاماری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژماره‌ی قوربانیان له‌ عیراق له‌ مانگی حوزه‌یرانی٢٠١٦

به‌غدا،١ی ته‌موزی ٢٠١٦- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریكردنی عیراق(یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌ ، له‌ ده‌ره‌نجامی كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستی و پێكدادانی چه‌كداری كه‌ له‌ مانگی حوزه‌یرانی ٢٠١٦دا روویانداوه‌، ٦٦٢ هاوڵاتی عیراقی كوژراون و ١٤٥٧ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی له‌ مانگی حوزه‌یران ٣٨٢ كه‌سه‌ (٢٨ له‌وانه‌ سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدراڵی و و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه‌ و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی دام و ده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگر كوژینه‌وه‌ بوون ) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ١١٤٥ كه‌سه‌ ،( ٢٣ له‌وانه‌ سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدراڵی و و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه‌ و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی دام و ده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگر كوژینه‌وه‌ بوون ).

وێڕای كوژرانی ٢٨٠ كه‌س و برینداربوونی ٣١٢ له‌ كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق وه‌ك (پێشمه‌رگه‌ و هێزی سوات و ئه‌و میلیشیانه‌ی شانبه‌شانی سوپای عیراق ده‌جه‌نگن) . ئه‌م ئاماره‌ قوربانیانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه‌.

ئاماره‌كانی ئه‌م مانگه‌ وا ده‌رده‌خه‌ن به‌غدا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ٩٧٨ قوربانی سڤیل (٢٣٦ كوژراو و ٧٤٢ بریندار) ، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای نه‌ینه‌وا دێت به‌ ( ٥٦ كوژراو ) دواتر هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین به‌ ( ٢٤كوژراو و ٢١ بریندار) و پارێزگای كه‌ركوك به‌ (٢٠ كوژراو و ١١ بریندار) و پارێزگای دیاله ‌به (‌ ٢١ كوژراو ٨ بریندار) و پارێزگای كه‌ربه‌لا به‌ (٨ كوژراو و ١٨بریندار ) دێن.

و به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی پارێزگای ئه‌نبار گه‌یشتۆته‌ ده‌ست نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌م پارێزگایه‌ بریتییه‌ له‌ ‌ ٣٥٧ قوربانی سڤیل ( ١٥ كوژراو و ٣٤٢ بریندار )

‌ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌م مانگه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ له‌ ژماره‌ی قوربانیانی مانگی ئایار نزم بۆته‌وه‌ ، كه‌ له‌و مانگه‌دا ٨٦٧ كه‌س كوژراو و ١٤٥٩ كه‌سی تریش بریندار بوو .

له‌م باره‌یه‌وه‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق نیگه‌رانی خۆی نیشان دا سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامی توندوتیژیی و كه‌وتنه‌وه‌ی كوژراو و بریندار له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا .

به‌ڕێزیان وتی " هیوادار بووین له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز كه‌ مانگی ئاشتی و ره‌حمه‌ته‌ ئارامی ببینین ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هاوڵاتیانی سڤیل به‌رده‌وامن له‌ هه‌ڵگرتنی باری قورسی توندوتیژ . تیرۆرستان هیچ ده‌رفه‌تێكیان به‌ فیڕۆ نه‌داوه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر بازاڕه‌كان و مزگه‌وته‌كان و شوێنه‌كانی گردبوونه‌وه‌ی هاوڵاتیان بۆ لێكه‌وتنه‌وه‌ی زۆرترین قوربانی و جێهێشتنی نه‌هامه‌تی گه‌وره‌ی له‌ راده‌به‌ده‌ر به‌سه‌ر هاوڵاتیان سه‌ره‌ڕای بۆنه‌یه‌كی ئاینی وه‌ك مانگی ره‌مه‌زان و بێ گوێدانه‌ به‌هاكانی ئاینی ئیسلام وێڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش ، ده‌یان هه‌زار هاوڵاتی سڤیل به‌ ناچاری له‌ فه‌لوجه‌ له‌ ماڵ و حاڵی خۆیان رایانكردووه‌ به‌ هۆی ئه‌و شه‌ڕڕی له‌وێ به‌رپا بووه‌ "

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق دووباره‌ داوای له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد كه‌ هه‌موو تواناكانیان له‌ پێناو پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل بخه‌نه‌ گه‌ڕ .

ئاگاداركردنه‌وه‌ : . به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له ‌لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ . به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نبار ئاماری قوربانیانی پارێزگاكه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌ و ئاماژه‌شی پێدراوه‌ ، به‌ڵام ئه‌م ژمارانه‌ ده‌كرێت ژماره‌ی راستی كوژراوه‌كان نه‌بێت به‌ شێوه‌یه‌كی ورد ، به‌هۆی به‌رده‌وامی شه‌ڕ و قلیشانه‌وه‌ی بارودۆخ له‌ سه‌ر زه‌وی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ، یونامی ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه. یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی ، وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتن به‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتیه‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌م مانگه‌.