یەک شەممە, 17 تەمموز 2016 03:00

وێڕای داوای یارمه‌تیی مرۆیی جیهانیی ، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق: سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌سه‌ر داعشدا نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن كه‌ عیراقییه‌كان توانای له‌ناوبردنی تیرۆریستانیان هه‌یه‌

به‌غدا، ١٧ ته‌موزی ٢٠١٦:- له‌ وتا‌ره‌كه‌ی رۆژی ١٥ی ته‌موزی ٢٠١٦یدا بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی عیراق، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق بەڕێز یان كوبیش، وێڕای هاندانی بۆ دانانی پلان بۆ قۆناغی دوای (داعش)، به‌گه‌شبنییه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌و راستییه‌ كرد كه‌ عیراقییه‌كان توانای سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر رێكخراوی تیرۆریستی داعش (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) دا هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها له‌و وتاره‌كه‌یدا باسی له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ سه‌قامگیری و مافه‌كانی مرۆڤ و ره‌وشی مرۆییشی له‌ وڵاتدا كرد.

به‌ڕێز كوبیش وتی "ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ گرنگانه‌ی ئه‌مدواییه به‌سه‌ر داعشدا له‌ فه‌لوجه‌ و گه‌یاره‌ و دابڕانی هێزه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ حه‌ویجه‌دا‌ جارێكی تر ئه‌و راستییه‌یان سه‌لمانده‌وه‌ كه‌ عیراقییه‌كان، به‌ پشتگیریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، توانای له‌ناوبردنی داعشیان هه‌یه‌ ".

به‌ڕێز كوبیش باسی ئه‌وه‌شی كرد كه‌ ئه‌م جۆره‌ سه‌رهكه‌وتنه‌ به‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌دا بووته‌ مایه‌ی نزیككردنه‌وه‌ی رزگاركردنی موسڵیش. ئه‌و هوشداری ئه‌وه‌شی دا كه‌ هه‌رگێز نابێ كه‌موكوڕییه‌كانی رزگاركردنی فه‌لوجه‌ له‌ ئوپه‌راسیۆنی مۆسڵدا دووباره‌ ببنه‌وه‌.

ئه‌و هه‌روه‌ها وتی " حكومه‌ت و كاربه‌ده‌ستانی ناوخۆیی پێویسته‌ شانبه‌شانی پلانی سه‌ربازیی خێرایی بكه‌ن له‌ دانانی پلان بۆ دوای رزگاركردن به‌ تاوتوێكردنی پرسه‌كانی وه‌ك به‌ڕێوه‌بردن و یاسا و سه‌قامگیری و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسییانه‌ی شاری موسڵ و ته‌واوی پارێزگای نه‌ینه‌وا".

هه‌روه‌ها وتیشی " له‌ ئۆپه‌راسیۆنی فه‌لوجه‌دا، حكومه‌ت پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی كرده‌ كاری سه‌رلیستی خۆی دوای ئه‌وه‌ی ٩٠ هه‌زار مه‌ده‌نی بڕیاری جێهێشتنی شاره‌كه‌یان دا. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ كاری نه‌شیاویش هه‌ر روویاندا و به‌گوێره‌ی راپۆرته‌ باوه‌رپێكراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش تاوان و پێشێلكاریی مافی مرۆڤ له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و كوشتن و بێسه‌روشوێنكردن و ماماڵه‌ی خراپ له‌گه‌ڵ گیراوه‌كاندا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌ له‌ كرده‌ی فه‌لوجه‌دا، به‌تایبه‌تیش له‌رۆژانی سه‌ره‌تاییدا، روویانداوه‌".

به‌گوێره‌ی قسه‌ی به‌ڕێز كوبیشیش، "نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لای خۆیه‌وه‌ ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ی تۆماركردووه‌ كه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن كه‌ ٩٥ پیاو دوای ده‌ستگیركردنیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ له‌كاتی جێهێشتنی ناوچه‌ی ئه‌لسێجار له‌ ٢٥ی ئایاردا تا ئێستاش هه‌ر بێسه‌روشوێنن و ٦٤٣ی تریش ، كه‌ منداڵیشیان تێدایه‌، له‌ ٥ی حوزه‌یرانه‌وه‌ دیار نه‌ماون دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش هه‌ر له‌لایه‌ن هه‌مان هێزه‌وه‌ له‌ كاتی جێهێشتنی سه‌قلاوییه‌ ده‌سبه‌سه‌ركراون.

وێڕی داواكردنی له‌ ده‌سه‌ڵاتداران بۆ سزادانی ئه‌نجامده‌رانی پێشێلكارییه‌كان ،به‌ڕێز كوبیش وتی "پێویسته‌ وانه‌ له‌ كرده‌ی فه‌لوجه‌ وه‌ربگیرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كرده‌ی موسڵدا ئه‌و پێشێلكارییانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌".

به‌ڕێز كوبیش باسی له‌ ره‌وشی دژواری مرۆییش كرد له‌ كرده‌ی فه‌لوجه‌دا‌ كه‌ تێیدا نزیكه‌ی ١٠٠ هه‌زار كه‌س تووشی ئاواره‌یی بوون. "له‌سه‌ر ئاستی وڵاتیش، زیاتر له‌ ٢٠ ملیۆن عیراقی پێویستییان به‌ یارمه‌تیی مرۆیی هه‌یه‌ به‌و ٣،٤ ملیۆنه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تانی سه‌رهه‌ڵدانی داعشه‌وه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٤ ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بوون. له‌ بڕی ٨٦١ ملیۆن دولاری ئه‌مریكی كه‌ بۆ ساڵی ٢٠١٦ داواكرابوو ته‌نها ٣٨٪ دابینكراوه‌ و هه‌وڵه ‌مرۆییه‌كانیش بۆ رزگاركردنی مۆسڵ پێویستیان به‌ یه‌ك ملیار دولار هه‌یه‌".

وێڕای به‌ڵێندانی به‌و كۆنفرانسه‌ی كه‌ بۆ پشتگیریی عیراق له‌ واشنتۆن له‌ ٢٠ی ته‌موز رێكخرابوو وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ پابه‌ندیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عیراقێكی ئارام و سه‌قامگیری و ناساندنی قوربانییه‌كانی له‌شه‌ڕی داعشدا، ئه‌و زیاتر وتی "پێویسته‌ جیهان ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ عیراق پێویستی به‌ زیاتر هه‌یه‌ و نابێ به‌هیچ كڵۆجێك كۆمه‌كه‌ جیهانییه‌كان له‌م كاته‌ ناسكه‌دا به‌ره‌و كه‌می بچن. عیراقییه‌كان پێویسته‌ چاكسازی راسته‌قینه‌ ئه‌نجام بده‌ن به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانی ئابوری و ده‌ستوری و دژه‌گه‌نده‌ڵی و به‌مه‌ش وڵات ده‌خه‌نه‌ سه‌ر رێگه‌ی هه‌ستانه‌وه‌ و خۆشگوزه‌رانی ".

به‌ڕێز كوبیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ هه‌رچه‌نده‌ داعش هه‌ر به‌ دوژمنێكی به‌هێز ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ مه‌ده‌نییه‌كان به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌ خۆشكردنه‌وه‌ و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی تایه‌فی شكستی هێناوه. ‌

ئه‌و هه‌روه‌ها وتی "فه‌راهه‌مكردنی یاسای ده‌سته‌به‌ر و سه‌قامگیری و ئاسایش بۆ دانیشتوانی عیراق ئه‌ركی سه‌ره‌كیی داموده‌زگاكانی حكومه‌ته‌ و پێویسته‌ به‌ ئه‌ركی خۆشیانی بزانن. شانبه‌شانی سه‌ركه‌وتنه‌كانیش به‌سه‌ر داعشدا ، پێویسته‌ی چاكسازی له‌ ده‌زگاكانی ئاسایشدا ئه‌نجام بدرێت له‌گه‌ڵ دڵنیابوونیش له‌وه‌ی كه‌ هه‌موو هێز و كۆمه‌ڵه‌ چه‌كداره‌كان له‌ ژێر ركێفی ته‌واوی ده‌وڵه‌تدان".

به‌ڕێز كوبیش جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وش كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌ركرده‌ سیاسی و كۆمه‌ڵگاییه‌كانی عیراق به‌تایبه‌تیش ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئاشته‌وایی به‌ند له‌سه‌ر یه‌ك وتاری و شێوازی هه‌ماهه‌نگكراو بكه‌نه‌ كاری له‌پێشینه‌یان كه‌ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ ئه‌وپه‌ڕی په‌له‌كردن هه‌یه‌ بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ قۆناغی دوای داعش زیاتر ئارام و سه‌قامگیر و خۆشگوزه‌ران بێت. "بێگومان ئاشتیی و سه‌قامگیریی درێژخایه‌ن ته‌نها به‌و سازش و ئاشته‌واییه‌‌ مێژووییه‌ به‌ده‌ست دێت كه‌ بتوانێت كۆتایی به‌ شێوازی دووبه‌ره‌كییانه‌ی توندوتیژی و نایه‌كسانی بهێنێت".

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.