پێنج شەممە, 28 تەمموز 2016 13:58

ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ئه‌ركی یونامی بۆ ساڵێكی تر درێژ ده‌‌كاته‌وه‌

به‌غدا، ٢٨ی ته‌موزی ٢٠١٦:- له‌ رۆژی دوشه‌ممه‌ی رێكه‌وتی ٢٥ی ته‌موزدا، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌ركی نێرده‌ی نه‌ته‌و یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق (یونامی) بۆ ماوه‌یه‌ی ساڵێك و تا ٣١ی ته‌موزی ٢٠١٧ په‌سند كرد.

له‌ بڕیاری ژماره‌ ٢٢٩٩ (٢٠١٦)دا ، ئه‌نجومه‌ن داوا له‌ گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات بۆ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانیان له‌ پێناو نه‌هێشتنی گرژییه‌كان و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی گشتگردا و خه‌ختیش له‌سه‌ر گرنگیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، به‌تایبه‌تیش یونامی، ده‌كاته‌وه‌ له‌ پشتگیریكردن و یارمه‌تیدانی عیراق، به‌ خه‌ڵك و حكومه‌ته‌وه،‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی گفتوگۆی سیاسی و ئاشته‌وایی نیشتمانی. بڕیاره‌كه‌ هه‌روه‌ها گرنگیش ده‌خاته‌ سه‌ر گه‌یشتن به‌ یه‌ك دیدی یه‌كگرتوو سه‌باره‌ت به‌ ئاشته‌وایی و له‌مه‌ش زیاتر داوای به‌هێزكردنی یه‌كڕیزیی نیشتمانی و دایه‌لۆگیش ده‌كات له‌ رێگه‌ی هه‌ماهه‌نگیی چڕوپڕه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستاندا.

هه‌روه‌ها بڕیاره‌كه‌ پێ داده‌گرێت له‌سه‌ر "ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ هه‌موو دانیشتوانی عیراق به هه‌موو چین و توێژه‌كانیانه‌وه‌ به‌شداری بكه‌ن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و دایه‌لۆگی گشتگر له‌رێگه‌ی به‌شداری ته‌واو و یه‌كسانانه‌ی ژنانه‌وه‌ له‌ بواره‌كانی ئابوری و ژیانی كۆمه‌ڵگادا". ئه‌و هه‌روه‌ها به‌شداریپێكردنی ژنانی له‌ كارنامه‌ی ئاشتی و سه‌قامگیریدا و دانانی شاره‌زایه‌كی وه‌ك "راوێژكاری پاراستنی ژنان" بۆ خێراكردنی جێبه‌جێكردنی هه‌ماهه‌نگكراوی چاودێریكردن و شیكار و رێكخستنی راپۆرتدان سه‌باره‌ت توندوتیژیی سێكسی له‌ ره‌وشی شه‌ڕه‌كاندا به‌ گرنگ ده‌زانێت.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌نجومه‌ن هانی حكومه‌تی عیراق ده‌دا بۆ "به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر به‌هێزكردنی به‌ڕێوه‌بردن و حوكمداری له‌ گرتنه‌به‌ری چاكسازیی راسته‌قینه‌ی زیاتر، به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیشه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانی ئابوری داموده‌زگاییدا له‌ پێناو باشكردنی ئاسته‌كانی ژیانی عیراقییه‌كاندا.

وێڕای ده‌ستخۆشیكردنیشی له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی حكومه‌تی عیراق به‌ رزگاكردنی چه‌ندان ناوچه‌ی وه‌ك شه‌نگال و بێجی و ره‌مادی و هیت و دواترینیشیان فه‌لوجه‌ له‌ چه‌نگی داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام )دا، ئه‌نجومه‌ن جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "هه‌موو لایه‌نه‌كان، به‌ هێزه‌ چه‌كدار و میلیشیاكانیشه‌وه‌، پێویسته‌ رێز له‌ مافه‌كانی مرۆڤ بگرن و به‌ پێوه‌ره‌كانی یاسا مرۆییه‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌ پابه‌ند بن".

له‌ مباره‌شه‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ ده‌ستخۆشی له‌ پێكهێنانی لێژنه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی عیراق ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد و بێلایه‌نانه‌ و به‌رپرسیاركردنی ئه‌نجامده‌رانی توندوتیژییه‌كان و پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و مافه‌ یاساییه‌ جیهانییه‌كان. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و لێژنه‌یه‌ داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌و راپۆرتانه‌ش كرد كه‌ باس له‌ توندوتیژیی و به‌كۆیله‌كردنی سێكسیی پلانبۆدانراو ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ئامانجگرتنی ژنان و منداڵان، به‌تایبه‌تیش ئی كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ كان، هه‌ر له‌لایه‌ن هه‌مان رێكخراوی‌ تیرۆریستییه‌وه‌.

هه‌ر له‌ هه‌مانكاتدا، ئه‌نجومه‌ن جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ئاڵه‌نگار‌ (ته‌حه‌ددی)یه‌ مرۆییه‌كان كه‌ روبه‌رووی خه‌ڵكی عیراق ده‌بنه‌وه‌ و هه‌روه‌ها له‌ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ پلاندانان و جێبه‌جێكردنی به‌هاناوه‌چوونێكی هه‌ماهه‌نگكراو بۆ دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی پێویست له‌ روبه‌روبوونه‌وه‌ی ئه‌م ئاڵنگارییانه‌دا".

هه‌روه‌ها بڕیاره‌كه‌ داوای پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی به‌ركه‌وته‌ و ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان ده‌كات به‌ تایبه‌تیش ژنان و منداڵان و كه‌مینه‌كان و له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر مافی ئازادیی هاتووچۆی ئاواره‌كانیش.

ئه‌نجومه‌ن داوا له‌ حكومه‌تی عیراقیش ده‌كات كه‌ به‌ یارمه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی په‌له‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی سه‌قامگیریدا بكات له‌ پێناو خێراكردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان بۆ زیدی خۆیان.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، وێرانكردنی پاشماوه‌ی كه‌لتوری له‌لایه‌ن گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ و هه‌روه‌ها فرۆشتنی كه‌لوپه‌له‌ شوێنه‌وارییه‌ دزراوه‌كانیش بۆ دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ شه‌رمه‌زار و ریسواكرا.

سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كه‌ ، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق یان كوبیش، وتی "ئێمه‌ نه‌ك هه‌ر ته‌نها پابه‌ندیمان بۆ عیراق و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ شه‌ڕی تیرۆر به‌ هه‌موو شێوازه‌كان، به‌تایبه‌تییش له‌گه‌ڵ داعشدا، تازه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ڵكوو مكوڕی خۆشمان بۆ كاركردن به‌ره‌و به‌ده‌ستهێنانی ئاشته‌وایی نیشتمانیش ".

ئه‌و زیاتر وتیشی كه‌ "عیراقییه‌كان شایسته‌ی ئاینده‌یه‌كی پڕشه‌نگدارن و ئێمه‌ش شانبه‌شانیان ده‌بین".

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.