شەممە, 01 تشرینی یەکەم 2016 03:00

ئاماری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژماره‌ی قوربانیان له عیراق له مانگی ئەیلولی٢٠١٦

به‌غدا،١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریكردنی عیراق(یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌ ، له‌ ده‌ره‌نجامی كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستی و پێكدادانی چه‌كداری كه‌ له‌ مانگی ئەیلولی ٢٠١٦دا روویانداوه‌، ١٠٠٣ هاوڵاتی عیراقی كوژراون و ١١٥٩ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.



ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی له‌ مانگی ئەیلول ٦٠٩ كه‌س بووە (١٩ له‌وانه‌ سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدراڵی و و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه‌ و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی دام و ده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگر كوژێنه‌وه‌ بوون ) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ٩٥١ كه‌س بووە ( ٢٩ له‌وانه‌ سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدراڵی و و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه‌ و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی دام و ده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگر كوژینه‌وه‌ بوون ).

وێڕای كوژرانی ٣٩٤ كه‌س و برینداربوونی ٢٠٨ له‌ كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق وه‌ك (پێشمه‌رگه‌ و هێزی سوات و ئه‌و میلیشیانه‌ی شانبه‌شانی سوپای عیراق ده‌جه‌نگن) . ئه‌م ئاماره‌ قوربانیانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه‌.

ئاماره‌كانی ئه‌م مانگه‌ وا ده‌رده‌خه‌ن به‌غدا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ١١٢٧ قوربانی سڤیل (٢٨٩ كوژراو و ٨٣٨ بریندار) ، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای نه‌ینه‌وا دێت به‌ ( ٤٢ كوژراو و ٥٥ بریندار) دواتر هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاکانی سه‌ڵاحه‌دین به‌ ( ٢٣ كوژراو ١٠ بریندار) پارێزگای كه‌ركوك به‌ ( ٢٣ كوژراو و ٩ بریندار) و پارێزگای بابل به‌ (٢ كوژراو و ٤ بریندار) دێن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریکاری عیراق کەوتوون کە لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای ئەنبارەوە وەرگیراون، لەو پارێزگایەدا تێکڕای ٢٥٤ قوربانی سڤیل هەبوونە (٢١٩ کوژراو و ٣٥ بریندار. ئەو ژمارانە تا ٢٨ی ئەیلول کۆکراونەتەوە.

له‌م باره‌یه‌وه‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق نیگه‌رانی خۆی نیشان دا وتی " خوێن ڕشتن تا ئێستا له‌ عێراق بێ وه‌چان به‌رده‌وامه‌ و ژماره‌ی قوربانیان هه‌ر به‌رزه‌ و خه‌ڵكی سڤیلیش زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه‌"

هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی" مانگی موحەڕەم دەستی پێکردووە و هیوادارم کرداری توندوتیژی و کوشتن لەم مانگە پیرۆزەدا بوەستێنن".

روون كردنه‌وه‌ : . به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له‌ لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ . یونامی له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه‌. یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی ، وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێه‌ێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتن به‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتیه‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌م مانگه‌.