یەک شەممە, 30 تشرینی یەکەم 2016 11:32

كوبیش له‌ كۆنفرانسی ساڵانه‌ی توندوتیژی دژی ژنان: نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پاڵپشتی له‌ قوربانییانی مێینه‌ی ده‌ستی داعش ده‌كات و داوای په‌سندكردنی یاسای پاراستنی خێزان و به‌شداریی ژنان له‌ قۆناغی دوای داعشیش ده‌كات گرنگ

به‌غدا، ٢٩ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦:- له‌ كۆنفرانسی توندوتیژیی دژی ژنان له‌ به‌غدا، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق، بەڕێز یان كوبیش وتی كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان درێژه‌ به‌ پاڵپشتیكردنی قوربانییانی مێیینه‌ی ده‌ستی داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام ) ده‌دات و جه‌ختیش له‌سه‌ر لێپێچپینه‌وه‌ له‌ هه‌موو كاره‌ دڕنده‌كانی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و هه‌وره‌ها دوای په‌سندكردنی یاسای پاراستنی خێزانی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كرد‌ له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌شی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ژن ببێته‌ به‌شێك له‌ كایه‌ی سیاسی و سه‌قامگیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی قۆناغی دوایش داعشدا.



له‌وته‌كه‌یدا له‌و كۆنفرانسه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامییه‌وه‌ رێكخرابوو، به‌ڕێز كوبیش جه‌ختی له‌سه‌ر وته‌كه‌ی به‌ڕێز سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ هه‌رگیز ناتوانین بڵێین كه‌ پێشكه‌وتنی راسته‌قینه‌ بۆ یه‌كسانی و گه‌شه‌پێدان و ئاشتی روویداوه‌ گه‌ر توندوتیژی دژی ژنان هه‌ر درێژه‌ی هه‌بێت".

وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پاڵپشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ ژن و كچه‌ رفێندراوه‌كان و خانه‌واده‌كانیان و ته‌واوی كۆمه‌ڵگا، ئه‌و زیاتر وتی "له‌ راستیدا ژنان و كچان یه‌كه‌م قوربانین و ئێمه‌ش وه‌ك نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌كان پێ له‌سه‌ر لێپێچینه‌وه‌ له‌ پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و كاره‌ دڕندانه‌كانی داعش داده‌گرین. ئێمه‌ داوای دادپه‌روه‌ری بۆ هه‌موو قوربانییانی ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌ ده‌كه‌ین".

ئه‌و ده‌ستخۆشیشی له‌ هه‌وڵه‌كانی پارته‌ سیاسییه‌كان و پیاوانی ئایینی كرد له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ له توندوتیژیی دژی ژنان جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پاراستن و به‌تواناكردنی ژنان به‌ردی بناغه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئاشتی و دادوه‌ری و گه‌شه‌پێدانن‌ بۆ قۆناغی دوای داعش.

ئه‌و له‌ وته‌كه‌یدا هه‌روه‌ها وتیشی "پێویسته‌ گوێ له‌ ده‌نگی ژن بگیرێت له‌و پرسانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ شه‌ڕی دژه‌ تیرۆر و پشتیگریكردنی ئاشتیدا. پێویسته‌ به‌شداربوونی یه‌كسانانه‌ی ژنان ‌ هه‌بێت له‌ ئاشته‌وایی نیشتمانی و لە رێككه‌وتنی چاره‌سه‌ری مێژووییدا كه‌ ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا ده‌بێته‌ مایه‌ی هێشتنه‌وه‌ی عیراق و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ یه‌كگرتووی. له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ژن پێویسته‌ ببێته‌ به‌شێك له‌ سه‌قامگیری و هه‌وڵه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كاندا. دامه‌زراندنی ژماره‌ی زیاتری ژنان له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی و هێزی پۆلیس و بواری دادوه‌ری و ده‌زگاكانی تردا ده‌بێته‌ مایه‌ی دابینكردنی هاوسه‌نگیی جێنده‌ری له‌ روبه‌روبوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژناندا".

ئه‌و به‌ فه‌رمی داوای كۆتایی پێهێنان و ده‌ر‌كردن و خستنه‌بواری جێبه‌جێكردنی یاسای پاراستنی خێزانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كرد و جه‌ختیشی له‌سه‌ر گرنگیی ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ناوه‌رۆكی یاسایه‌كه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كاندا گونجاو و هاوڕێك بێت.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.