سێ شەممە, 01 تشرینی دووەم 2016 15:36

ئاماری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژماره‌ی قوربانیان له‌ عیراق له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦

به‌غدا،عیراق ١ی تشرینی دووه‌م ٢٠١٦- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریكردنی عیراق(یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌، له‌ ده‌ره‌نجامی كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستی و پێكدادانی چه‌كداری كه‌ له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦دا روویانداوه‌، ١٧٩٢ هاوڵاتی عیراقی كوژراون و ١٣٥٨ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م ١١٢٠ كه‌سه‌ (١٥ له‌وانه‌ سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدراڵی و و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه‌ و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی دام و ده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگر كوژینه‌وه‌ بوون ) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ١٠٠٥ كه‌سه‌ ،( ٨ له‌وانه‌ سه‌ر به‌ پۆلیسی فیدراڵی و و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه‌ و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی دام و ده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگر كوژینه‌وه‌ بوون ).

وێڕای كوژرانی ٦٧٢ كه‌س و برینداربوونی ٣٥٣ی تر له‌ كارمه‌ندانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق وه‌ك (پێشمه‌رگه‌ و هێزی سوات و ئه‌و میلیشیانه‌ی شانبه‌شانی سوپای عیراق ده‌جه‌نگن) . ئه‌م ئاماره‌ قوربانیانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه‌.

ئاماره‌كانی ئه‌م مانگه‌ وا ده‌رده‌خه‌ن به‌غدا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ١٠٧٥ قوربانی سڤیل (٢٦٨ كوژراو و ٨٠٧ بریندار) ، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای نه‌ینه‌وا دێت به‌ ( ٥٦٦ كوژراو و ٥٩ بریندار) دواتر هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگاكانی كه‌ركوك به‌ ( ٥٨كوژراو و ١١٢ بریندار) و پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ‌به (‌ ١٦ كوژراو ٢ بریندار) و پارێزگای دیاله‌ به‌ (٤ كوژراو و ٢ بریندار ) دێن.
به‌ پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی یونامی ‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی پارێزگای ئه‌نبار وه‌ده‌ستی هێناوه‌، ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی تا ٣١ ی تشرینی یه‌كه‌م ٢٢٧ كه‌س بوو (٢٠٦ كوژراو و ٢١ بریندار) .

له‌م باره‌یه‌وه‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق به‌ڕێز یان كۆبیش نیگه‌رانی خۆی نیشان دا وتی " ژماره‌ی قوربانیان له‌ ریزی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت و خه‌ڵكی سڤیلیش زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه‌"
به‌ڕێزیان له‌به‌رده‌وامی قسه‌كانی وتی " ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ موسڵ و ناوچه‌كانی تری پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌رده‌وامه‌، له‌ كاتێكدا داعش به‌رده‌وامه‌ له‌ په‌یڕه‌وكردنی شێوازه‌ تیرۆریستیه‌كانی له‌ به‌كارهێنانی خه‌ڵكی سڤیل وه‌كو قه‌ڵغانی مرۆیی و له‌سێداره‌دانی به‌رهه‌ڵستكاران ، خه‌ڵكی سڤیل جارێكی تر دووچاری ئازار و مه‌ینه‌تی ده‌بنه‌وه‌، ئاماره‌كان ژماره‌ی زۆری قوربانیان له‌ ریزی خه‌ڵكی سڤیل نیشان ده‌ده‌ن. جارێكی تر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌وا ده‌بێت هه‌موو رێوشوێنێكی پێویست بگیریته‌ به‌ر بۆ مسۆگه‌ركردنی پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل له‌ كاریگه‌رییه‌كانی ململانێی چه‌كداری و توندوتیژی".

روون كردنه‌وه‌ : . به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له ‌لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ . سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی قوربانیانی پارێزگای ئه‌نبار ، هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێكراوه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نبار وه‌رگیراوه‌ و له‌وانه‌شه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ وه‌رگیراوه‌ به‌ وردی گوزارشت له‌ ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌م ناوچانه‌ نه‌كات به‌هۆی بارودۆخی سه‌ختی شه‌ڕ و له‌كاركه‌وتنی خزمه‌تگوزارییه‌كان ، یونامی له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه. یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی ، وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتن به‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتیه‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌م مانگه‌..