هەینی, 03 شوبات 2017 11:26

ئاماری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژماره‌ی قوربانیان له‌ عیراق له‌ مانگی كانونی دووەمی ٢٠١٧

به‌غدا،عیراق ١ی شوبات ٢٠١٧- به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق(یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌ ، له‌ ده‌ره‌نجامی كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستی و پێكدادانی چه‌كداری كه‌ له‌ مانگی كانونی دووەم ٢٠١٧دا روویانداوه‌، ٤٠٣ هاوڵاتی عیراقی كوژراون و ٩٢٤ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.



ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی له‌ مانگی کانونی دووەم ٣٨٢ كه‌سه‌ (هیچیان پۆلیس نین) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ٩٠٨ كه‌سه‌ (هیچیان پۆلیس نین).

ئاماره‌كانی ئه‌م مانگه‌ وا ده‌رده‌خه‌ن پارێزگای بەغدا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ٥٧٢ قوربانی سڤیل (١٢٨ كوژراو و ٤٤٤ بریندار) ، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای نەینەوا دێت به‌ ( ١٨٧ كوژراو و ٢٨٥ بریندار) دواتر ‌ پارێزگای سەڵاحەددین به‌ ( ٣٠ كوژراو و ٤٥ بریندار) .

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست یونامی کەوتوون لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای ئەنبارەوە، تێکڕای ژمارەی قوربانیان لەو پارێزگایە ١٤٣ کەس بووە (٢٢ کوژراو و ١٢١ بریندار)، ئەو ژمارەیەش خراوەتە سەر کۆی گشتی قوربانیان تا بەرواری ٣٠ کانونی دووەمی ٢٠١٧.

له‌م باره‌یه‌وه‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق به‌ڕێز یان كۆبیش وتی " تیرۆرستان زۆرترین هێرشی تەقاندنەوەیان لە بازاڕ و گەڕەکەکان ئەنجامداوە، کە ترسنوکانە هاووڵاتییانی مەدەنی بە ژن و منداڵ و بەساڵاچووانیان کردۆتە ئامانج کە سەرقاڵی ژیانی ڕۆژانەیان بوون یان بازاڕییان دەکرد" به‌ڕێزیان له‌به‌رده‌وامی قسه‌كانی وتی " بەلام ئامانجی سەرەکی داعش تێکشکاندنی ویستی گەلە، کەچی شکستیان هێناوە لەبەردەم خۆڕاگری گەلی عیراقی سەرباری سەختی و نەهامەتی و لەبەردەم سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی سوپای عیراق کە لە پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ لە دژی تیرۆرستان بەدەستیان هێناوە‌".

روون كردنه‌وه‌ : . به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ، یونامی به‌ربه‌ستی هاتۆته‌ پێش له ‌لێكوڵینه‌وه‌ له‌ ژماره‌ی قوربانیان له‌ ناوچه‌كانی ململانێ . سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی قوربانیانی پارێزگای ئه‌نبار ، هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێكراوه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ئه‌نبار وه‌رگیراوه‌ و له‌وانه‌شه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ وه‌رگیراوه‌ به‌ وردی گوزارشت له‌ ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌م ناوچانه‌ نه‌كات به‌هۆی بارودۆخی سه‌ختی شه‌ڕ و له‌كاركه‌وتنی خزمه‌تگوزارییه‌كان ، یونامی له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ته‌نها به‌شێك له‌ رووداوه‌كان پشتراست ده‌كاته‌وه. یونامی چه‌ندین راپۆرتی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت پشتراستیان بكاته‌وه‌ ده‌رباره‌ی سه‌دان قوربانی ، وێڕای ژماریه‌كی زۆری قوربانیانی مه‌ده‌نی كه‌ به‌هۆی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی تری توندوتیژی ژیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ماڵه‌كانی خۆیان جێهێشتووه‌ له‌ بارودۆخێكی دژواری كه‌ش و هه‌وادا دووچاری كه‌می ئاو و نه‌گه‌یشتن به‌خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی و نه‌بوونی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ئه‌م ژمارانه‌ی خراونه‌ته‌ روو بریتین‌ له‌ كه‌مترین ژماره‌ی ره‌های قوربانیان له‌م مانگه‌..

****
بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ به‌ بەڕێز سەمیر غەتتاس، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی یونامی و وته‌بێژی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق به‌م ژماره‌ مۆبایله‌ ٠٧٩٠١٩٣١٢٨١ ، و به‌ ئیمێڵی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی یونامی : ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.