سێ شەممە, 07 شوبات 2017 16:00

كۆبیش له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه‌ داوای له‌ كۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی ده‌كات پشتگیری عێراق بکەن وده‌ڵێت كۆتایی داعش زۆر نزیكه و جه‌نگیش به‌ره‌و سەختی ده‌چێت

به‌غدا ٤ی شوباتی ٢٠١٧ – له‌ رۆژی دووه‌می مانگی شوبات، به‌ڕێز یان كوبیش، نوێنه‌ری تایبەتی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان لەعیراق (یونامی‌) راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراقەوە لەبەردەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان خوێندەوە و پێشبینی له‌ناوچوونی حه‌تمی ئه‌وه‌ی به‌ خه‌لافه‌تی داعش ناوزه‌د ده‌كرێت كرد و هۆشداری ئه‌وه‌شی دا کە لە رۆژانی دادێ جه‌نگی قورس به‌ڕێوه‌یه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌ عێراقییه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ره‌و كه‌ناره‌كانی رۆژئاوای شاری موسڵ، داوای له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش كرد پشتگیریی به‌هێز پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ قۆناغی هه‌ڵسانه‌وه‌ی دوای ململانێ .

به‌ڕێز یان كۆبیش له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ نیویۆرك وتی " ئه‌و پێشڕه‌وییه‌ به‌رچاوانه‌ی هێزه‌ عێراقییه‌كان نابێت ئه‌و ڕاستیه‌ بشارێته‌وه‌ جه‌نگ پێشتر و ئێستاش ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره‌یه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ ناو كۆنه‌ شار له‌ رۆژئاوای موسڵ "له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیشی وتی" له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئازادكردن له‌ عێراق كۆتایی پێدێت و رۆژی له‌ناوچوونی ئه‌وه‌ی به‌ داعش ناوزه‌د ده‌كرێت زۆر نزیكه‌".

به‌ڕێز كۆبیش ئاماژه‌ی به‌ ئازایه‌تی هێزه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان كرد له‌‌ هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر و سوپا و پۆلیس و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ خۆبه‌خشه‌ لۆكاڵییه‌كان و له‌م باره‌یه‌وه‌ وتی" ده‌مه‌وێ له‌م ده‌رفه‌ته‌ و به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ گیانی شه‌هیدان دابنه‌وێنم ئه‌وانه‌ی گیانی خۆیان كرده‌ قوربانی شه‌ڕی تیرۆستانی نێوده‌وڵه‌تی داعش له‌ پێناو عێراقێكی ئازاد و یه‌كگرتوودا، به‌رگرییان له‌ به‌ها مرۆییه‌ هاوبه‌شه‌كانی جیهان كرد، وه‌كو هاوپه‌یمانێكی به‌هێزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌شێكی جێگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش" .

هه‌روه‌ها به‌ڕێز كۆبیش داوای له‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كرد، له‌ نێوانیشیان هاوبه‌شه‌ هه‌رێمییه‌كانی عێراق، له‌ دوای سه‌ركه‌وتن له‌ شه‌ڕی سه‌ربازی دژی گروپی تیرۆریستی یارمه‌تی عێراق بده‌ن و له‌م باره‌یه‌وه‌ وتی" دوای نه‌مانی داعش، عێراق پێویستی به‌ پشتگیری و یارمه‌تی به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ و له‌نێوانیشیان هاوبه‌شه‌ هه‌رێمییه‌كانی، هه‌ر پشتتێكردنێكی له‌ناكاویش له‌ به‌شداریكردن و پشتگیریكردن ‌ مانای دووباره‌ بوونه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی رابردوو ده‌بێت و ئاكامی خراپیشی له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوری عێراق ده‌بێت. به‌ڕێز نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق مه‌زنده‌ی ئه‌وه‌شی كرد ئه‌و قه‌یرانه‌ مرۆییه‌ بۆ چه‌ند مانگێك به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێكیش نه‌بێت و وتی" پێویسته‌ چاو خشاندنه‌وه‌یه‌ك به‌ پێشكه‌شكردنی پشتگیری یارمه‌تی خه‌ڵكی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن سه‌ر له‌ نوێ ژیانیان ده‌ست پێكه‌نه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌كاره‌ هه‌ره‌ له‌ پێشینه‌كانی به‌ كۆمه‌ڵی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی".

به‌ڕێز كۆبیش ئاماژه‌ی به‌ودا، له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٧دا ، هاوبه‌شیكاران له‌ بواری مرۆیی كورته‌یه‌كی پێشوه‌خته‌ی پلانی به‌ده‌نگه‌وهاتنی مرۆیییان بۆ ساڵی ٢٠١٧ پێشكه‌ش كردووه‌ ، و بڕی پاره‌ی پێویست به‌ گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌كانی نزیكه‌ی ٥.٨ ملیۆن كه‌س له‌ چینه‌ هه‌ره‌ لاوازه‌كانی دانیشتوانی عێراق به‌ لایه‌نی كه‌م بریتیه‌ له‌ ٩٨٥ ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی . بڕی ٣٣١ ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكیش له‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ تایبه‌ت ده‌كرێت بۆ پرۆسه‌ی به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی موسڵ .

هه‌روه‌ها نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، عێراق چه‌مكێكی مرۆیی له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی جه‌نگی دژ به‌ داعش په‌یڕه‌و ده‌كات، پاراستنی هاوڵاتییان له‌سه‌رووی هه‌موو شته‌كانه‌وه‌یه‌. داواشی له‌ ده‌سه‌ڵاتداران كرد ئاسایش دابین بكه‌ن و كاریش بكه‌ن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی حوكمی یاسا له‌ هه‌موو ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و بایه‌خدانێكی تایبه‌تیش به‌ پێداویستییه‌كانی كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌كان بده‌ن، دووپاتیشی كرده‌وه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر كۆششه‌كانی ئاشته‌وایی ئاینده‌.

به‌ڕێز كۆبیش له‌م باره‌یه‌وه‌ وتی"پاراستنی هاوڵاتییان و نه‌گرتنه‌به‌ری ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی گرژی تائیفی و قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌ستدرێژی تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌ ئامێز له‌ موسڵ و ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی تر له‌ وڵاتدا ، گرنگیه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه‌ له‌ وه‌ده‌ستهێنانی هه‌ست و سۆز و هزری دانیشتوان ، چونكه‌ ئه‌مانه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌من له‌ پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی نیشتمانیی و كۆمه‌ڵگه‌یی و بونیاتنانی عیراقێكی نوێ و یه‌كگرتوویه‌كی راسته‌قینه‌ تیایدا هه‌موو تاكێكی ئه‌م گه‌له‌ هه‌ست به‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری و پاراستنی ده‌وڵه‌ت لێیان بكات" .

سه‌باره‌ت پرۆسه‌ی ساسی و ئاشته‌وایی به‌ڕێز نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق وتی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی به‌رده‌وامه‌ بۆ عێراقی دوای داعش و خاڵێكی ده‌ستپێكردنێكی باشیشه‌ و هانی هه‌موو هاوبه‌شیكاره‌ عێراقیه‌كانیشی دا بۆچوون و تێڕوانینی خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن ده‌رباره‌ی ئاشته‌وایی نیشتمانی و به‌شداریكردنی كارا له‌ پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ركردن و ئاشته‌وایی نیشتمانی، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانه ‌و ئه‌وانیش به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش كار ئاسانی بۆ ده‌كات .

به‌ڕێز كۆبیش درێژه‌ی به‌ قسه‌كانی دا و وتی ئێستا نێرده‌كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی جیا جیا كارده‌كات له‌ پێكهاته‌ی سوننه‌ و توركمانه‌كان و هه‌رێمی كوردستانی عێراق و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و كه‌مینه‌كان و سه‌رۆك هۆزه‌كان و چینی گه‌نجان و ژنان، به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی بیروبۆچوون و دیدگاكانیان ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی بونیاتنانی عێراقێكی یه‌كگرتووه‌ دوای داعش له‌سه‌ر هه‌ردوو بنه‌مای یه‌كسانی و هاوڵاتی بوون.

به‌ڕێزیان بۆ پشتگیریكردنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌ نیشتمانییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن، جه‌ختی له‌سه‌ر پێداویستی هه‌بوونی ده‌ستپێشخه‌ری جه‌ماوه‌ری كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا یونامی زنجیره‌ چالاكیه‌كی له‌سه‌ر تاسه‌ری عێراق ده‌ستپێكردووه‌ به‌ناوی "عێراق: گه‌نجان و پێكه‌وه‌ ژیان" ئامانجیش لێی به‌شداری پێكردنی گه‌نجانه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی.

به‌ڕێز نوێنه‌ری تایبه‌ت ستایشی ڕۆڵی فراكسیۆنه‌ سیاسیه‌كانی په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و لایه‌نه‌ كاره‌كانی كرد به‌رامبه‌ر هاریكارییه‌كانیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ به‌خێراكردنی به‌رنامه‌ چاكسازییه‌كه‌ی ، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا گه‌لی عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ داواكارییه‌كانی په‌یوه‌ست مامه‌ڵه‌كردنی یه‌كسان و حوكمی شه‌فاف پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی به‌شێوه‌یه‌كی باشتر. هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان داوای له‌ به‌غدا و هه‌ولێر كرد هه‌ماهه‌نگیه‌كانیان فراوانتر بكه‌ن له‌ جه‌نگی دژ به‌ داعش له‌ موسڵ و ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ سیاسی و ئابوری و ئیدراییه‌كانیش بگرێته‌وه‌.

***************

بۆ زانیاریی زیاتر تكایه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ به‌ به‌ڕێز سه‌میر غه‌تتاس به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی یونامی و وته‌بێژی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق به‌م ژماره‌ مۆبایله‌ ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٣١٢٨١ ، و به‌ ئیمێڵی ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. یان نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی یونامی : ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.